کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندن چالاکییەکانی ناوەندی ڤەژینی ڕانەوەستاند

17:04 - 23 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ، ناوەندی فەرهەنگی_هونەری ڤەژین لە شاری مەریوان لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگر درا، بەرپرسانی ئەم ناوەندە درێژەیان بە چالاکییەکانیان دایەوە.

بەپێی هەوالی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە یەکەم دژکردەوەی ناوەندی فەرهەنگی هونەری ڤەژین پاش سووتاندنی ناوەندی سەرەکی ئەم ناوەندە لەلایەن کەسانێکی نەناسراو، بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ئەم ناوەندە دانیشتنێکی دیکە لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی کەلەپووری ئەم ناوەندەیان لە بەردەم بینای سووتاوی ناوەند بەڕێوە برد.

ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ بەڕێوەبەرانی ناوەندی فەرهەنگی هونەری ڤەژین لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەواڵی سووتاندنی ناوەندەکەیان بڵاو کردەوە و لەهەمان کاتیشدا ڕایگەیاند: ناوەندی ڤەژین ئەو کارە بە هەوڵێکی ترسنۆکانە و دژە کولتوور دەزانێت و هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرێتە بەر کە بکەرانی ئەو ڕووداوە ئاشکرا بکات و بە سزای تاوانەکەیان بگەیەنێت. بەدڵنیاییەوە هەوڵی ئاوا ترسنۆکانە نەک هەنگاومان شل ناکاتەوە بەڵکوو بە زانینی ئەوەی کە هەوڵەکانمان کەسانی بیرتەسکی کتێب‌سووتێنی تووڕە کردووە، لە دروست بوونی ڕێگاکەمان دڵنیاتر دەبینەوە و ورەمان بەرزتر دەبێت.

ناوەندی ڤەژین بەردەوام بەپشتیوانیی خەڵک و بۆ خەڵک هەنگاوی هەڵگرتووە و ئێستایش بەپشتیوانیی خەڵکەوە سوورتر لە جاران لەپێناو بووژاندنەوەی زمان و کولتووری ناوچەدا دەست پێ دەکاتەوە.

ڕووداوی سووتاندنی بنکەی سەرەکی ئەم ناوەندە لەلایەن زۆربەی چالاکانی فەرهەنگی کورد لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران مەحکووم کرا و چەندین کەسایەتی دیار و بەرچاوی ئەم بیاڤەش پشتیوانی خۆیان لە چالاکانی ناوەندی ڤەژین دەربڕیوە.

ناوەندی فەرهەنگی_هونەری ڤەژین ناوەندێکی فەرهەنگی_هونەری، نادەوڵەتی، ناسیاسی و دوور لە قازانجی ماددییە، کە لە هاوینی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی دەستی بە چالاکی کردووە و گرینگیدان بە فولکلۆر و فەرهەنگی ڕەسەنی کوردی وەک ئەرکی سەرەکی ئەم ناوەندە پیناسەی بۆ کراوە.