کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە کوردستان بەردەوامە

23:35 - 23 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: چالاکی تەبلیغی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، قارەمانانی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەر به بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و دوای دوو ڕۆژ بەڕێوەچوونی کار و چالاکیی تەبلیغی لە تەنگیسەر تیمێکی چوار کەسی لە جاش و پاسداری ڕێژیم نیشتەجێی گوندی نییەر ڕژاونەتە ناو گوندی تەنگیسەر و سەرقاڵی لێپرسینەوە لە خەڵک بوونە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا ڕایگەیاند کە ئەو جاش و پاسدارانە هەموو تراکت و وێنەکانیان کۆ کردووەتەوە و هەروەها لە گوندی گۆمەیی سەر بە شاری دیواندەرە دوای ئەوەیکە تراکت و پوستێرەکان لەلایەن جاشەکان کۆکراوەتەوە دووبارە تراکت و پوستێری تایبەت لە هەمان ڕۆژ لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە بڵاو کراوەتەوە.

تێکۆشەرانی دێموکرات شەوی ٢٢ لە سەر ٢٣ی گەلاوێژ لە شارۆچکەی حەسەن ئاوای سنە چالاکی تەبلیغییان بەڕێوە برد. ئەو شوێنانە بریتین لە سەرای مروزان، مزگەوتی جامعی حەسەن ئاوا، شەهرەکی شاهۆ و شەهرەک. هەروەها ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری سنە بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد ئەو شوێنانە بریتین له: شارەکی ئوتووبوس ڕانی، بلواری حوسینی، فەیزاوا، مەولەوی، قشڵاخ و شارەکی بێعسەت.

هەروەها به بونەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات شەوی٢٢ی گەلاوێژ ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەهاباد کار و چالاکییان بەڕێوە بردووە؛ ئەو شوێنانە بریتین لە: بەری شیلانان، بەری مەدرەسه، پارکی پەرستار، گۆڕستانی هونەرمەندان، ئەسحابە سپی، مەیدانچەی حەسەن زاده، گومرگی سەروو و خواروو، شەقامی موکریان، شەقامی ئازادگان، پارکی میکائیل.

هەروەها لە گوندەکانی گردەیاقوب، داشخانە كونەدێ سەر بە شاری مه‌هاباد بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاكی تبلیغی بەڕێوە چووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کرماشان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و بە شێوەیەک بەرفراوان، لە چەند شوێنی کرماشان چالاکیی تەبلیغیی ئەنجام درا و لەم چالاکیەدا، ئەندامانی حیزبی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوایان لەو کەسانەی کە بەکرێگیراوی ڕێژیمن کردووه واز لەم چەشنە ژیانە پڕ لە خیانەت و تاوانە بهێنن و ئەگەر واز لەو کارە نەهێنن سزای تاوانەکەیان دیارە و لە دادگای گەل و نەتەوەمان دادگایی دەکرێن.ئەو بەیاننامەیە لە ئاستی چەند ناوچە لە شاری کرماشان و هەروەها لە حەوشەی ماڵی ئەو کەسانە کە بوونەتە چڵکاوخۆر، هاویشتراوە.ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەم چالاکیانەدا هیوای سەرکەوتنیان بۆ حیزب و نەتەوەکەمان خواستووه و بەڵێنیان داوە تا ڕزگاری و سەرکەوتن بەردەوام لە خەبات و تێکۆشان دەبن.