کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات، بورسی خوێندنی وڵاتی ڕووسیەی وەرگرت

16:53 - 24 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: کوڕی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە لایەن وڵاتی ڕووسیەوە بانگهێشت کرا.

شەماڵ مینبەری کوڕی شەهید شەهرام مینبەری، دوای ئەوەی توانی ببێت بە یەکێک لە ٢٨ قوتابییە سەرکەوتووەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا، بۆ درێژەدان بە خوێندن و خوێندنی باڵا لە لایەن وەزارەتی خوێندی باڵای وڵاتی ڕووسیەوە بانگهێشتی ئەو وڵاتە کرا.

شەماڵ مینبەری لەگەڵ چەندین قوتابیی سەرکەوتووی دیکە هەر یەکەیان لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا بە نوێنەرایەتی دەوڵەتی عێراق درێژە بە خوێندن دەدەن.

شەماڵ مینبەری، ڕێکەوتی ٦ی نەوامبری ١٩٩١ی زایینی لە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی لە دایک بووە.

لە٣٠ی گەلاوێژی ١٣٧٥ی هەتاوی باوکی ناوبراو هاوڕێشەهرام مینبەری شەهید دەبێت.

شەماڵ مینبەری هەتا گەیشتن بە زانکۆ، لە هەریەک لە قوتابخانەکانی سەرەتایی بەمۆ لە دەربەندی بازیان، قوتابخانەی سەرەتایی دێگەڵە وسماق شیرینی، قوتابخانە ناوەندییەکانی دێگەڵە و دواناوەندی جەژنیکان هاوکات لە ناو بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمۆکراتدا بە سەرکەوتوویی ئەم قۆناغانەی تێپەڕاندووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا لە زانکۆی سەلاحەدین، لە بەشی ئابووری بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و یەکێک لە خوێندکارە یەکەمەکان زانکۆ بوو، هەروەها ناوبراو جگە لە زمانی دایکی، زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی و فەرانسەویش دەزانێت.

شەماڵ مینبەری ئەندامی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستانە و لە زانکۆیSiberian Federal Universityی ڕووسی وەکوو خوێندکاری ماستەر لە بەشی ئابووریدا وەر دەگیرێت.