کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرز ڕاگیرا

02:53 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بنکەی دەفتەری سیاسی بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بۆ ڕێزگرتن لە ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان، لە بڕگەی یەکەمی ئەم ڕێوڕەسمەدا، کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یادی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

کەریم پەرویزی سەرەتا باسی له: دامەزراندنی حیزبی دێموکرات کرد کە حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا دامەزراوە کە فاشیزم لە جیهان‌دا و بەتایبەتی دیکتاتۆری و ملهۆڕیی هەندێک وڵات لە ناوچەکەدا لەوپەڕی خۆی دابوو؛ سیستمی قەبیلەگەرایی، ناوچەگەرایی و خانخانی لە نێو کۆمەڵگادا گرێچنی ئەسڵی کۆمەڵگا بوو.

پەرویزی هۆکارەکانی دروستبوونی حیزبی دێموکرات بۆ هۆکاری وەک نەبوونی ئازادیی مرۆڤەکان، پێشێلکردنی کەرامەتی نەتەوەیی، تواندنەوەی کولتور و چەواشەکردنی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی و چەند هۆکاری دیکەی هزری، دادپەروەری و هتد... گەڕاندەوە.

کەریم پەرویزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە: مۆدێڕن بوونی حیزبی دێموکرات، بەرپرس بوونی حیزبی دێموکرات، وەڵامدەریی حیزبی دێموکرات، ڕیبازی شۆڕشگێڕیی حێزب و چەقبەستوو نەبوون و داهێنەری و ئافرێنەری دێموکرات و هەروەها پرەنسیپی ئەخلاق لە سیاسەتی ئەو حیزبەدا کرد.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژە بە شپرزەیی ڕێژیم، ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی بە درێژەی ڕێچکەی شۆڕشگێڕیی و داهێنەری و دەروەستیی حیزبی دێموکرات بە ئارمانەکانی خەڵک پێناسە کرد.

دواتر، کۆڕی موزیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سروودێکی شۆڕشگێڕانەی لەژێر ناوی گەلاوێژ پێشکەشی بەشداربووان کرد.

هەروەها بە بۆنەی ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چەند شێعری لەژێر ناوی تیخێ حەق و مەشخەڵ لە لایەن شاعیری پێشمەرگە مامۆستا بێبەش پێشکەش کرا.

دواتر، پەیامی ڕێکخراوەکانی یەکیەتیی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن شنه دروودگەر جێگری سکرتێری یەکیەتیی ژنان خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا سروودێک لەژێر ناوی ڕێبازی دێموکرات لە لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش کرا.

لە کۆتایی رێورەسمەکەدا، سروودی من دێموکراتم لە لایەن هونەرمەند غوڵام فاتحی و بە هاوکاریی کۆڕی موزیک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.