کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیه لە ڕێژیمی ئێران هەڵگەڕایەوە

17:19 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: وڵاتی ڕووسیه دوای قسەکانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هۆشداری بە ڕێژیم دا کە پابەند بە بەرجام بێت.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەیکە ڕۆحانی لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە ڕێککەوتنی بەرجام قەبووڵ ناکات و لێی دەر دەچێت، بەرپرسێکی وڵاتی ڕووسیه هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا.

ئۆلگ مۆرۆزۆف ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی سێنای ڕووسیە، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی باسی لەوە کرد، ئێمە هەموو هێزی خۆمان بەکار دێنین، هەتا ئەو دۆخە ڕابگرین، چونکە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی بۆ هیچ لایەنێک قازانجی نییه.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ئەو قسانەی دوای پەسندکرانی گەڵاڵەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکانی ئامریکا لە ناوچەدا کە مەجلیسی ڕێژیم پەسندی کرد هێنا گۆڕێ.

لەو پێوەندییەدا، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا کە نابێت ڕێگا بدەین ئەو ڕێژیمە بە ڕێککەوتنی ناوکیی جیهان بە بارمتە بگرێت.

سەرکۆماری ئامریکا چەندین جار باسی لەوە کردووە، ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بە هیچ شێوەیەک نەدەبا واژۆ کرابا و ئەو ڕێککەوتنه یەک لایەنه، دژی ئامریکا و دژی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە و بە دژی ئەو ڕێککەوتنە هەر کارێک دەکەم.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دوای هاتنە سەرکاری ترامپ لێدوانی جۆراجۆر دەدەن و لە بارەی پێشێلکردنی بەرجام هەڕەشە لە ئامریکا دەکەن.

لە سالی ٢٠٠٩ی زایینییەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس و شێرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە؛ لەلایەن ئامریکاوە دەستنیشان و سزا دراون.

بەرپرسانی ئامریکا، بەرجام بە ڕێککەوتنێکی خراپ لە قەڵەم دەدەن، کە ئەو ڕێککەوتنە دەستی ڕێژیمی ئێرانی بۆ دەستێوەردانەکان لە ناوچەدا ئاوەڵاتر کردووە.