کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیکی هێڵی هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

17:31 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا کە نابێت ڕێگا بدەین ئەو ڕێژیمە بە ڕێککەوتنی ناوەکیی جیهان بە بارمتە بگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوو لە قسەکانی حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هۆشداری بەو ڕێژیمە دا کە نابێت ڕێگا بدەین ئەو ڕێژیمە لە ڕێگای ڕێککەوتنی ناوکیی، جیهان بە بارمتە بگرێت.

هێلی هەروەها باسی لەوە کرد، کە دەبێت ڕێژیمی ئێران لە بارەی تاقیکاریی مووشەکی، پشتیوانی لە تیرۆریزم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت وەڵامدەر بێت.

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو قسانەی دوای لێدوانی حەسەن ڕوحانی کرد، کە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد ڕێککەوتنامەی ناوەکیی چیدیکە جێبەجێ ناکات.

بەرپرسانی ئامریکا بەردەوام باسیان لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران ناوڕۆکی ڕێککەوتنامەی ناوەکیی بەڕێوە نەبردووە.

ڕێککەوتنی بەرجام پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە نێوان شەش وڵاتی زلهێزی جیهان و ڕێژیمی ئێران واژۆ کرا.

دۆسیەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران ماوەی ١٥ ساڵە قسە و باسی لە سەر دەکرێت و لە ئاشکرا بوونی ئەو بەرنامەی زیاتر لە دوو دەیە تێدەپەڕێت. تا ئێستا وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکا گەمارۆی ئابووریی قورسیان دژی ئەو ڕێژیمە بە هۆی ئەو بەرنامەیە پەسند کردووە.

وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بووشێهر کە لە لایەن ڕێژیمەوە دامەزراوە، بێ‌ئاکام ماوەتەوە.

بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، نە تەنیا قازانجێکی بۆ ڕێژیم نەبووە، بەڵکوو بووەتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران و تەنیا گیرفانی قاچاخچی و هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی پێ پڕکراوە.