کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی گەلاوێژ، رۆژی باوەڕ بە هێزی بە کۆمەڵ

18:29 - 25 گەلاوێژ 2717

مەجید حەقی

بیست و پێنجی گەلاوێژی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی رۆژێکە کە خەباتی کورد لە قۆناغی سەرۆک خێڵی و رێبەرانی کاریزمای تاقانەوە بە کردەوە بەرەو قۆناغی رێبەری بە کۆمەڵ و بریاری بەکۆمەڵ تێپەر بوو.

قۆناغێک کە هاوکات لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهان پێڤاژۆی هزری بەکۆمەڵ و رێبەری بە کۆمەڵ جێی دەگرت و بەرهەمی خەباتی بە کۆمەڵ سەرکەوتن و سەربەخۆیی وڵاتان بوو.

دەتوانین بێژین رۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ رۆژی بڕوا بەخۆبوونی نەتەوایەتی و بەکۆمەڵ کردنی خەباتی رزگاریخوازانەیە. هەموومان لە ژیانی خۆماندا هەوڵ دەدەین وێڕای تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەری خۆمان ژیانی چاکترمان هەبێت. کۆمەڵگایەک کە بندەست بێت مرۆڤەکانی ناتوانن بەختەوەری راستەقینە بچێژن و ئاواتەکانی خۆیان وەدی بێنن. هەرچەند لەوانەیە تاک و ترووک کەسانێک هەبن لە هەندێک بواری سنوورداری ژیاندا سەرکەوتووش بن.

بۆ ئەوەیکە مرۆڤ بتوانێت بەو ئاستە لە بەختەوەری بگات، پێویستە کۆمەڵگا بەو ئاستە لە ژیان بگات کە بتوانێت ژینگەی گەشەکردن بە ئەندامانی خۆی پێشكەش بکات. شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوای گەلی کورد قازی محەممەد دامەزرا؛ کۆمارێک کە لە ماوەی ژیانی کورتیدا بوو بە هۆی ئەوەی کورد بڕوابەخۆیی پەیدا بکات و بۆ دواڕۆژێکی هیوابەخش هەوڵ بدات.

دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بۆ گەلی کورد کۆکردنەوەی هەموو ئەزموونەکانی رابردوو لە قاڵبێکی نوێ و بەکارهێنانی هێز و توانای بە کۆمەڵە. چونکە دامەزرێنەرانی حیزبی دێموکرات لەو بڕوایەدا بوون کە هێزی پێکەوە بوونمان زیاترە لە هێزی تاک تاکی کۆمەڵگا بەجیا. ئەمە بنەمای گۆڕانێکی نوێ لە کۆمەڵگایەکدا پێک دێنێت کە بەسەدان ساڵ لە چوارچێوەی خێل، عەشیرە و ناوچەگەراییدا ژیاوە و هزری کوردستانی لە چوارچێوەی ناوچەی خۆیەوە بینیوە. نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو بیرۆکەیەش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، شەش مانگ دوای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوژینی پێکهاتەکانی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بوو.

بە ئاوڕێک لە رابردووی پڕلەشانازی حیزبی دێموکرات جێی خۆیەتی ئەسڵی رەخنە لە خۆگرتن لە بیر نەکەین؛ ئێمە زیاترمان پێدەکرا، دەمانتوانی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان و خەباتی نەتەوایەتی کوردستان بە ئاستێکی بەرزتر لە ئەمڕۆ بگەیەنین گەر لە رابردوودا زیاتر سەرنج بدرایەتە پەروەردەی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکاندا. ئەگەر رێبەری سیاسی لە سەر گەشەی خۆجێیی سەرمایەگوزاری زۆرتری بکردایە و رۆحی نەتەوایەتی و گەشەی ناوخۆیی لە بوارەکانی یەکسانی کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی، بەرهەمهێنانی خۆجێی بکردایەتە بەشێک لە سیاسەت و پەروەردەی کۆمەڵایەتی خۆی؛ ئەمەش بەو واتایە دێت کە گەیشتن بە ئامانجی گەورە لە رێگای هەنگاوە بچووک و بەرنامە بۆ دارێژراوەکانەوە مسۆگەر دەبێت.

دەسپێکی ڕاسان و قۆناغی نوێی خەبات پێمان دەڵێت دەبێ وێڕای ئەوەیکە لە رێگا دەرۆین دەبێ جادەکانی ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگایەکی چالاک، بەهێز و رێکخراو ئاوەدان بکەینەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی خۆیدا هەموو تانوپۆیەکانی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیانی کوردستانیانی پچراندووە و بە بڵاوکردنەوەی کەشی ناهومێدی، ژێنۆسایدی سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و مرۆڤی دژی نەتەوەکەمانی جێبەجێ کردووە. ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین کە گرینگ نییە خەڵکان و رێکخراوەکانی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ ئێمە دەڵێن چی، بەڵکوو ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئێمە رێگایەک هەڵبژێرین کە خزمەت دەکات بە گەشەکردنی پرسی نەتەوایەتی و خەباتی رزگاریدەرانەمان و خزمەت دەکات بە بەرەوپێش چوونی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە سەرمایەگوزاری لە سەر رێبەرانی داهاتووی ناو کۆمەڵگا بکرێت و کۆمەڵگا بەرەو خۆسازماندەری و خۆبەرێوەبەری و خۆپەروەردەیی هان بدرێت. سەردەمی ئەوە هاتووە هەموو بوارەکانی ژیان ببێتە خاوەنی قارەمانی تایبەت بەخۆی و قارەمانێتی و کاریزما تەنیا لە یەک یان چەند تاکێکدا نەبیندرێت. بەوە هێزی بڕوابەخۆبوونی کۆمەڵ بەرینتر دەبێت و خەبات و بەرەوپێش چوون دەبێتە ئامانج و ئەرکێکی هاوبەش. ئەزموونێک کە شەهیدانی راسان لە ساڵی پارەوە بە ئێمەیان سەلماند راست بریتی بوو لەوەیکە ئێمە دەبێ ئاسۆی خۆمان بەرفراوانتر بکەین، بوێرانە بڕوامان بەخۆمان هەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

ئەزموونی بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و هەروەها ئەزموونی ئەمڕۆی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆمان دەسەلمێنن کە خەباتی نەتەوایەتی پێویستی بە ئاوەدانکردنی کۆریدۆر و رایەڵکەی پێوەندی بەرفراوانی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە. قۆناغی ئەمڕۆی خەبات دەبێ بتوانێت هەلومەرجەکانی ناوخۆییش بقۆزێتەوە و بزاڤی نەتەوایەتی بکاتە پرسێکی سەرەکی لە ئاست سەرانسەری ئێراندا و پرسی کورد لە چوارچێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو هەموو بەشەکانی ئێران گەشە بدات. ئەوەش پێویستی بە رەچاوکردنی سیاسەتێکی نوێ و بەرفراوانترکردنی بیرۆکەی راسان هەیە. لە جیهانی تۆڕەکانی پێوەندیدا پێویستیی ستراتێژیکی گەشەکردنی بڕوابەخۆبوونی کۆمەڵایەتی و گەشەکردنی ناسنامەی هاوبەش لە ئاستی تاکەکانی کۆمەڵگادا لە هەموو سەردەمی پێشوو زیاتر خۆی دەنوێنێت. ئەمە بە واتای شیکردنەوەیەکی ئەمڕۆیی و یەکگرتووخوازانەی فرەڕەهەند لە کۆمەڵگادایە.

گەشەکردنی پەروەردەی بەخۆباوەری لە سەر بنەمای تاکەکەس، گرووپ و کۆمەڵگادا دەبێتە هۆی ئەوەیکە بتوانین جوانتر و خێراتر پێوەندی و ویستەکانی خۆمان لەگەڵ دەوروبەری خۆمان باس بکەین و هاندەر و یارمەتیدەری ئەوان بین بۆ ئامانجە هاوبەش و مرۆڤایەتییەکانمان. ئەمڕۆ حیزبی دێموکرات لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە پڕەنسیپەکانی بنەمایی خۆی گەشە پێبدات و بەکۆمەڵیان بکات و هاوکات کەشی کراوەیی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان لە ناوخۆدا گەشە پێبدات.

بەوە وزەی پۆزەتیڤ و هیوابەخش لە نێو کۆمەڵگادا گەشە دەکات و بیست و پێنجی گەلاوێژ دەبێتە رەمزی خۆباوەری و پێناسەی وزە هاوبەشەکان.

حیزبی دێموکرات بە هۆی بەرپرسایەتییەک کە لە ئەستۆیدایە زۆرجار بەرەوڕووی رەخنە و هێرشی توندی لایەنگرانی پرسی نەتەوایەتی دەبێتەوە کە ئەم مەسەلەش لە شوێنی خۆیدا ئاستی بەرپرسایەتی حیزبی دێموکرات نیشان دەدات. ئێمە دەبێ بنەماکانی دیالۆگێکی کراوە و ئاوەدانکەرەوە (constructive) بۆ گەشەی هاوبەش پێک بێنین. هەمووی ئەوانەش لە پێناو گەشەکردنی رۆحی بیست و پێنجی گەلاوێژ و راسانەوەی کۆمەڵگایە لە هەموو ئاستەکانی خۆیدا. حیزبی دێموکراتی سەردەمی ڕاسان دەبێ حیزبێکی کراوەتر، بەتۆلێرانستر، هەمەگرتر و خاوەنی قووڵایی ستراتێژیکی پان و بەرینتر بێت و هەموو تواناکانی کۆمەڵگا لەخۆیدا کۆ بکاتەوە بۆ رێبەری کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.