کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆحانی، لێپێچەرەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ وەزارەتەکانی دەوڵەتی دوازدەهەم پێشنیار دەکات

18:31 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: جەواد ئازەری جەهرۆمی بەربژێری وەزارەتی پێوەندیی و تکنۆلۆژیی زانیارییەکان (ارتباطات و فناوری اطلاعات) دەوڵەتی دوازدەهەمی ڕێژیم، پێشتر بەرپرسی کاروباری گوێدێریی (شنود) لە وەزارەتی ئیتلاعات و لێپرسەر لە زیندانە سیاسییەکان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، ناوبراو لەگەڵ تیمێکی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاتی دەسبەسەر کردنی تۆمەت لێدراوانی سیاسیی ئەرکی کۆکردنەوەی کامپیوتر، موبایل و کەلوپەلەکانیانی وە ئەستۆ بووە.

هەروەها جەواد ئازەری بۆ خۆیشی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێران لە ٢٢ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە شانازییەوە لە ڕابردووی خۆی لە وەزارەتی ئیتلاعات باسی کرد و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە وڵات پێویستی بە سیستمی گوێدێری هەیە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، کارناسی کاروباری تکنۆلۆژیی و لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بەڕێوبەری گشتیی ئەمنییەتی سیستمی پێوەندییەکان لە ڕێکخراوەی داڕشتنی ڕێساکان بووە، کە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە پێشنیاری مەحموود واعزی وەزیری پێوەندییەکان و تکنۆلۆژیی زانیارییەکان (ارتباطات و فناوری اطلاعات) لە وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ئەم وەزارەتخانە گوازراوەتەوە.

سیستمی گوێدێریی (شنود) لە ئێران بە هۆی مادەی ١٥٠ی یاسای پێڕاگەیشتنی کەیفەری یاسایی کراوە، کە لەو یاسایەدا بڕیار دراوە ،سیستمی گوێدێریی لە ئیدارەی گشتیی دادگوستەریی دابمەزرێت و دادوەریی ئەو بەشەش سەرۆکی هێزی قەزایی بێت.

ئەمیر ڕەشیدی، توێژەری دەستێڕاگەیشتن بە ئینترنت لە کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بارەی پێشنیاری جەهرۆمی بۆ وەزارەتی ڕاگەیاندن و تکنۆلۆژیی زانیارییەکان گوتی: وە ئەستۆ خستنی بەرپرسایەتیی ژێربناغەکانی تکنۆلۆژیی و سازکردنی پێکهاتەی گوێدێریی بە جەواد ئازەری جەهرۆمی ئەوە دەگەینێت کە ڕێژیم کەرەستەگەلێکی بۆ سیخوڕی و هەک کردن هەیە.

هەروەها ڕەشیدی لە درێژەی قسەکانی وتی: هەموو حکوومەتەکان لە سیستمی گوێدێریی کەڵک وەر دەگرن بەڵام وەکوو بەرپرسانی ڕێژیم ئیسلامیی ئێران بە شانازییەوە باسی لێ ناکەن.