کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە کوردستان و تاران بەرز ڕادەگیرێت

18:48 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەبۆنەی ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شار و گوندەکانی کوردستان چالاکیی بەرینی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ قارەمانانی دێموکرات بە بۆنەی ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە گوندی مێراو چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری ورمێ بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە کێوی ماراڵ داغ هەڵکەوتوو لە گوندی دەلۆ و دزەی دۆلێ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا و لە کێوی ئاشوش هەڵکەوتوو لەنێوان گوندی دزەی دۆلێ و گوندی ناناس ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ کرایەوە.

هەروەها لە بەرزاییەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ و داوێنی چیای داڵانپەڕ و سەرگەڕی مامە شێخ لە گوندی سوولەدووکەڵ ئاگری ۲٥ی گەلاوێژ کراوەتەوە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری تاران پێتەختی ئێران بەبۆنەی ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شوێنەکانی وەک شەقامی پاسداران، دەوڵەت، شەقامی عین آبادی، پاسداران بووستان دووهەم، حسینیە بیت حسن پاسداران، شەقامی دیباجی جنوبی و شومالی وروودییەکانی پاسداران هیمەت وئیمام عەلی، خرووجیی پاسداران بۆ لای سەیاد شیرازی و کولاهدوز، دەفتەری مەکارم شیرازی لە شەقامی سەرەکیی پاسداران، خرووجیی پاسداران بۆ لای منظریە و سەدر، چوارڕێیانی پاسداران، شەقامی فەڕۆخ یەزدی، شەقامی بنی هاشم، هەیئەتی انصارالعباس لە چوارڕێیای پاسداران و هەروەها لە سەر ماڵ و ماشینەکانی هاووڵاتییان تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاو کردەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ له ناو شاری سنە و گوندەکانی دەورووبەری چالاکی تەبلیغاتییان بەڕێوە برد، ئەوشوێنانە چالاکیان تێدا بەرێوەچوو بریتین لە: شەهرەکی ساحلی مەنتقەی ٤/١٩، ئەوەڵی بەهاران، سەرەتای غەفوور، پۆمپاژی ئاو، قوتابخانەی بەدر و کۆڵانەکان، پشتی شەهرەکی کشاوەرز، تکیە و چەمەن، جاددەی حەسەن ئاوا، ڕووبەڕووی پایەگای بەسیج و مەیدانی گاز و ناو ماڵەکانی شار؛ هەروەها لە گوندی تەوریوەر و گوندی بۆرەوان ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ کرایەوە کە لە گوندەکانی دەورووبەرەوە دەبینرا.

ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەریوان بە بۆنەی۲٥ی گەلاوێژلە شاخی هەرسین بە ناوی بەراور یان وراوەری هەرسین یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت و لە چەندین شوێن ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ بە نوسینی حدکا بەرز کرایەوە.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی شیانیش بە هەڵکردنی ئاگر لە سەر کێوە بەرزەکانی وەکوو کێوی هێلان داڵ و هەڵەج هەڵەج ئاگری ٢٥ی گەلاوێژیان کردەوە و٧٢ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان بەرز ڕاگرت و بە شادی و خوشی لە دەوری ئاگرەکە و وتنی بژی حیزبی دێموکرات و سڵاو لە ۆوحی پاکی شە هیدان کوتاییان بە جێژنەکەیان هێنا.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە باوەڕێزی سنە بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵڕوژی دامەزرانی حیزبی دێمۆکرات چالاکی بەرینی تەبلیغیان بەڕێوە برد.

تێکۆشەرانی دێموکرات بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ له شار و گوندەکانی دەور و پشتی شنۆ قەزن ئاوێ، پوشاوێ، نەرزیوێ و قوروشاوێ چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ لە شاری بۆکان لە شوێنەکانی وەک ئەحمەدی کۆر و گوندی ئاڵیکەندیش چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا کە لەگەڵ پیشوازی خەڵک بەرەوڕوو بوویەوە.