کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووس لە بێرلین وەدرۆ خرایەوە

23:57 - 25 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسی کانوونی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە بێرلین، تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووسی لە بێرلین وەدرۆ خستەوە.

حەمید نۆوزەری، بەرپرسی کانوونی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە بیرلین لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکدانی لەوحی یادکردنەوەی میکۆنووسی لە بێرلین وەدرۆ خستەوە.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە سێ حەوتوو پێش بە ناردنی نامەیەک لە لایەن شارەداریی ناوچەی ویلمزدرۆفی بێرلین داوای کردبوو ئەو لەوحە یادکردنەوەیە سەرنیا بکرێتەوە.

بەرپرسی کانوونی پەنابەرانی سیاسیی ئێرانی لە بیرلین هەروەها باسی لەوە کرد ئەو کردەوەیەی شارەداریی بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵیادی تێرۆری شەهیدانی میکۆنووس ئەنجام دراوە.

بیرۆکەی دانانی ئەو لەوحە لە لایەن نوێنەری حیزبەکانی سوسیال دێموکرات، سەوزەکان و سوسیالیزمی دێموکراتێک لە ساڵی ١٩٩٧ لە شۆرای شاری ناوچەیوێلمرزدۆرف شاری برلین باس کرابوو، بەڵام لەو کاتەدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان بە هۆینەبوونی حوکمی یەکجارەکی دادگای میکۆنۆس لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دژایەتی کردبوو.

حوکمی دادگای میکۆنۆس لە مانگی دیسامبری ١٩٩٨یەکجارەکی مسۆگەر بوو و بەرپرسانی ئێرانی لە باڵاترین ئاستدا لە تێرۆری میکۆنۆس مەحکووم کرد.

عەلی خامنەیی، هاشمی ڕەفسنجانی، عەلی ئەکبەر وەلایەتی و عەلی فەلاحیان لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوون کە لە لایەن دادگای برلین بە کوشتنی ڕێبەرانی سیاسی کورد تاوانبار کرابوون.

دادگای میکۆنۆس لە ماوەی٣ ساڵ، ٢٤٧کۆبوونەوە و شایەتیدانی ١٧٦ کەس لە سەر دۆسیەی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هۆمایون ئەردەڵان لە ڕیبەرانی حیزبی دێموکرات و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی دانیشتووی شاری برلین لە ڕێستۆرانی میکۆنۆسی ئەنجام دا و ڕێژیمی ئێرانی بە تێرۆریزمی دەوڵەتی مەحکووم کرد.

شارەداری برلین٢٠ ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی(١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ی هەتاوی) لە شوێنی ڕێستۆرانی میکۆنۆس(کە هەنووکە ئەو شوێنە داخراوە) تابڵۆیەکی لە قوربانیانی تێرۆری میکۆنۆسی ڕوونوێنی کرد.

لە سەر ئەو لەوحەدا نووسراوە: لەم شوێنەدا، شوێنێک کە پێشتر ڕێستۆرانی میکۆنۆس بووە، لە ڕێکەوتی ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ی زایینی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، دوکتور سادقی شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی و هومایون ئەردەڵان و هەروەها سیاسەتمەداری نیشتەجێ شاری برلین، نووری دێهکوردی، لە لایەن بەرپرسانی ئەو کاتەی ئێران تێرۆر کران، ئەوان گیانی خۆیان لە ڕێگای خەبات بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لە دەست دا.

تێرۆری میکۆنۆس لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاوی، لە ڕێستۆرانێکدا بە ناویمیکۆنۆس ڕوووی دا، کە لەوێدا، دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فەتاح عەبدولی نوێنەری ئەو حیزبە لە ئورووپا، هومایون ئەردەڵان نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان و نووری دێهکوردی چالاکی سیاسی تێرۆر کران.