کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی پارتی دێموکراتی کوردستانی کرد

00:03 - 26 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: پارتی دێموکراتی کوردستان، ڕۆڵ و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ڕۆژهەڵات بەرز نرخاند.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەرپەرەستیی محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر، بەبۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی پێوەندیە کوردستانی و نێشتمانییەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە هەولێریان کرد و لە لایەن دکتور کەماڵ کەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک عەلی حوسێن بەرپرسی مەکتەبی پێوەندیەکانی پارتیەوە بەگەرمی پێشوازیان لێکرا.

نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێرای پیرۆزبایی ئەم بۆنەیە لە پارتی دێموکرات، هیوای سەرکەوتنیان لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی خەلکی کوردستان لەم ساتە وەختە گرینگەدا بۆ بە ئاوات خواست و وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی مێژوویی و پێشەنگانەی هەرکام لە حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەلات و پارتی دێموکرات لە باشوور وەک قوتابخانەی هزری نەتەوەیی لە خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا، پێوەندی وهاوکاری نێوان ئەم دوو حیزبەی بۆ داهاتووی خەلکی کوردستان بە گرینگ زانی.

لایەنی پارتی دێموکرات وێڕای دڵخۆشی لەو سەردانەی شاندی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پیرۆزباییان لە شاندی حیزبی دێموکرات کرد و سووربوونی خۆیان لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان وەک مافی ڕەوای گەلی کورد و پێکهاتەکانی دانیشتووی کوردستان دەربڕی.