کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێران لە پێشێلکردنی ئازادییە مەزهەبییەکان بەردەوامە

00:05 - 26 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕاپۆرتێکی لە سەر دۆخی ئازادییە ئایینییەکان لە جیهان لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بڵاو کردەوە و تێیدا لە بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینییەکان لە هێندێ وڵات، بەتایبەت ئێران ڕەخنەی گرت.

لەم پێوەندییەدا، ڕێکس تێرلسۆن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا، لە بارەی ڕاپۆرتی ٢٠١٦ی زایینی لە سەر دۆخی ئازادییە مەزهەبییەکان لە جیهان وتی: لە جیهاندا ٨٠ لەسەدی حەشیمەتی جیهان بە هۆی باوەڕە ئایینییەکان لە ژێر گوشار دان و بۆ بەرتەسک کردنی ئازادییە ئایینییەکانیان لەگەڵ توندترین هەڵسووکەوت بەرەوڕوون.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ئەگەرچی لە هێندێ وڵات لەم بارەوە ڕەخنەی توندی گرت، بەڵام دەوری ئێرانی لە سەرکوتی کەمینە ئایینییەکاندا بەرچاوتر نواند.

ڕێکس تێرلسۆن، لەم بارەوە وتی: لە ئێران بەهاییەکان، مەسیحییەکان و سەرجەم کەمینە ئایینییەکانی دیکە بە هۆی باوەڕە ئایینییەکانیان لە ژێر گوشار و هەڵبڕاندن دان.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی وتی: ڕێژیمی ئێران هەروەها لە ئێعدام کردنی کەسانێک لە ژێر یاسای ناڕوونی موڕتەد بوون بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠١٦ی هەتاوی ٢٠ کەسی بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا لە سێدارە داوە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: هەنووکە کۆمەڵگای بەهاییەکان لە ئێراندا تەنیا بە هۆی باوەڕە ئاینییەکانیان دەسبەسەر دەکرێن و بە ئاماژە بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر شوێنی ئایینیی موسڵمانە سونییەکان و ڕێگا نەدان بە ساز کردنی ئەو شوێنانە لە ئێران و دەقە دژە جوولەکە و بەهاییەکان و هەوڵی نکۆڵی کردنی هولووکاست ئەم ڕێژیمەی وەکوو ڕێژیمێکی دژ بە کەمینە ئایینییەکان پێناسە کرد.

هەروەها لە پاڵ ناو هێنانی ئێران وەکوو پێشێلکاری مافی کەمینە ئایینییەکان، داعشیشی بە بەرپرسی کۆمەڵکوژی ئیزەدی و مەسیحییەکان زانی.