کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین دانیشتنەکانی ئێران و تورکیە، گشتپرسی هەرێمی کوردستان و خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات

22:59 - 26 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: وڵاتی تورکیە و ڕێژیمی ئێران کە لە سەر شەڕی ناوخۆیی سووریە ناکۆکن و هەر کامەیان لایەنگری لایەنێک لە شەڕەکەن، لەم ڕۆژانە لێژنەیەکی نیزامیی ئێران بە سەرپەرستی پاسدار محەممەد حوسێن باقری سەردانی تورکیەیان کردووە و وێڕای ناکۆکییان لە سەر سووریە، لە بەڕێوەنەچوونی گشتپرسی هەرێم کوردستان هاوڕا و هاودەنگن.

بەپێی ڕاگەیندراوەکان، ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی لێژنەیەکی ئێرانی کە لە نیزامییەکانی ئێران پێک هاتبوو، بە سەرپەرستی محەممەد حوسێن باقری لە کۆشکی سەرکۆماری تورکیە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری ئەم وڵاتە و وەزیری بەرگری نەتەوەیی تورکیە دیدار و دانیشتنیان پێک هێنا.

لەم دانیشتنە ٥٠ خولەکییە هەر دوو لا، دژایەتی خۆیان لە هەمبەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و گوتیان: بەڕیوەچوونی گشتپرسی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاژاوە لە نێوخۆی عێراق و ئەم شەڕ و ئاژاوە وڵاتانی دەوروبەریش دەگرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینەی ئێران و تورکیە، شاندی دانۆستانکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەک لە نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، هادی عامێری فەرماندەی سپای بەدر و سەلیمەلجەبوری سەرۆکی پارلەمانی عێراق لەمبارەوە دانیشتنیان بووە.

لەم دانیشتنە نووری مالکی ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر گشتپرسی دەربڕیوە و هەڕەشەی هێرشی نیزامیی ئەرتەشی عێراقی کرد، بەڵام ئەلجەبووری ڕایگەیاندووە، کە پارلەمانی عێراق ڕێز بۆ ویستی خەڵکی کورد دادەنێت و لەم ئاڵۆزییە سیاسییە لە سەر گشتپرسی هەرێمی کوردستان بێ‌لایەنی خۆی دەپارێزێت.

لە بارەی سەفەری لێژنەی نیزامییانی ئێران بۆ تورکیە هێندێ پرسیار هاتووەتە گۆڕێ، کە گوایە ئەم سەفەرە لە سەر ڕەوتی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریی نەرێنی دادەنێت.

لەمبارەوە کەریم پەرویزی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: دانیشتن و چاوپێکەوتنی لێژنەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ سەرکۆماری تورکیە و بەرپرسە پلە بەرزەکانی ئەو وڵاتە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ڕەوتی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات بە نێوی ڕاسان نابێت، بە هۆی ئەوەی کە حیزبی دێموکرات لە بڕیارە سیاسییەکانیدا سەربەخۆیە و گوێڕایەڵی هیچ وڵات و هێزێکی دەرەکی نییە.

هەروەها ناوبراو لە دڕێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم دانیشتنە زیاتر لە ڕاستای هاوکاری نیزامیی ئەم دوو وڵاتەیە، بۆیە ئەم چەشنە دانیشتن و چاوپێکەوتنانە نیگەرانیی لە سەر خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات دروست ناکات.