کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یزاکا بەبۆنەی ساڵڕۆژی دەرکردنی بڕیاری بەدناوی جیهادی خومەینی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

22:56 - 28 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی دەرکردنی بڕیاری بەدناوی جیهادی خومەینی بۆ سەر گەلی کورد لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بسم الله الرحمن الرحیم


بە بۆنە ساڵوەگەڕی قەتڵ و عامی ۲۸ی گەلاوێژ بە فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، کە بوو بەهۆی شەهید بوونی سەدان ژن ومنداڵ و پەککەوتەی بێ تاوانی شارودێهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئێمە یەکیەتیی زانایانی ئایینی کوردستان ئێران وێڕای ئیدانەکردنی ئەم جینایەتە دژە مرۆییە، بۆ جارێکیتر داوا لە رێکخراوە مرۆڤدوست و دادپەروەرەکانی جیهان دەکەین چیتر چاوپۆشی لەم جینایەتە نەکەن و کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ئەنجامدەری تیرۆریست ومرۆڤکوژی، بدەنە بەر دادگای عەداڵەت.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەکە و جیهان بەگشتی بەناوی جیهاد ڕوو دەدات و مرۆڤایەتی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووە، لە ڕاستیدا بەرهەمی چاوپۆشیکردنی جیهانە بە نیسبەت ستەمکاری و دیکتاتۆرییەتی ئایدۆلۆژی مەزهەبی کە خومەینی ودەسەڵاتدارانی دوای ئەو کە بە سەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاندیان.

هەر بۆیە باوەڕی ئێمە زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران ئەوەیە، تاکوو ڕیشەی ئەم ڕەشەکوژی و وەحشیگەرییە کە سەرچاوەکەی ویلایەتی فەقیهی ئێرانە وشک نەکرێت، ناتوانین بە تەواوی تێرۆر و مرۆڤکوژی بنبڕ بکەین.

سڵاو لە روحی شەهیدانی دەستی ڕەشی بە ناو جیهادی خومەینی

بڕووخێت کۆشکی ستەمکاری ویلایەتی کۆماری بە ناو ئیسلامی ئێران

یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران

۲۸ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی