کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکەمین وڵاتی سپی‌کەرەوەی پارەیە لە جیهاندا

16:44 - 29 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: جارێکی دیکە لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان لەمەر تاوانی سپی‌کردنەوەی پارە کۆماری ئیسلامی پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کرد و وەپێش ڕکەبەرەکانی کەوت.

دامەزراوەی نێونەتەوەیی بازڵ لە سویس کە تایبەت لەسەر پرسی سپی‌کردنەوەی پارە و خەبات لەدژی تێرۆریزم کار دەکات لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠١٧ ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامی یەکەمین وڵاتی جیهانە لەمەڕ سپی‌کردنەوەی پارە و پشتیوانی لە تێرۆریزم.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی بەملاوە وڵاتی ئێران بەردەوام یەکێک لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان لەپێوەندی لەگەڵ پرسی سپی‌کردنەوەی پارە و پشتیوانی لە تێرۆریزم بووە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە پیداگری کراوە کە ئێران لە نێوان ١٤٦ وڵاتی جیهان بۆ چوارەمین ساڵی یەک لەدوای یەک ناونیشانی مەترسیدارترین وڵاتی لەباری سپی‌کردنەوەی پارە بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

لەم لیستەیەدا پاش ئێران کە ئیمتیازی ٨/٦ی وەدەست هێناوە، وڵاتانی ئەفغانستان، گینەی بیسائۆ، تاجیکستان، لائۆس، موزامبیک، مالی، ئۆگاندا، کامبوج و تانزانیا جێیان گرتووە و وەک مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان لەپێوەندی لەگەڵ پرسی سپی‌کردنەوەی پارە ناسراون.

ماوەیەک پێش ئێستاش ڕێکخراوی جیهانی Financial Action Task Force ناسراو بە FATF جارێکی‌تر ناوی کۆماری ئیسلامی لە لیستەی ئەو وڵاتانە دانا کە سەرقاڵی سپی‌کردنەوەی پارەن.

هەروەها ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ بڵاڤۆکی پۆلیتیکۆ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای چەند کۆمپانیای نافەرمییەوە پارە سپی‌دەکاتەوە.