کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی زیاتری کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە

17:24 - 29 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز سەرقاڵی دروستکردنی چەندین پایەگای عەمەلیاتییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بڕیارە هەشت پایەگای عەمەلیاتی لەم ناوچەیە لەلایەن سپای پاسدارانەوە دروست بکرێت کە پایەگاکانی حاجی ئەول، هەرمێدۆڵ، سلێمان کەندی تەواو بووه و دوو پایەگای تر له شێخ چۆپان و مێرگه نەخشینه خەریکە تەواو دەبێت.

هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا ڕایگەیاند، تا ئێستا دیار نییە کە ئەو سێ پایەگایەی دیکە لە کوێ درووست دەکرێت و بە نهێنی ماوەتەوە بەڵام وەک جاشەکانی ئەو ناوچە باسی لێوە دەکەن سازکردنی پایەگاکان بە بڕیاری سپا زۆر بەخێرایی ئەنجام دەدرێت کە ڕوونە هەمووی لە ئەنجامی ترس لە ڕاسانە.

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنوورەکان دەکەن و هەروەها ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.