کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران گوشار دەخەنە سەر خەڵکی کوردستان

17:13 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: لە شار و گوندەکانی کوردستان، بەکرێگیراون و گۆپاڵ بەدەستەکانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران چاودێری بە سەر خەڵکدا دەکەن و هاتووچۆی هاووڵاتییان کونتڕۆڵ دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هێزەکانی ڕێژیمی سەرکوتگەری ئێران، لە شاری بۆکان بۆ لە ژێر چاودێری ‌خستنی ناوچە و گوندەکانی ئەو شارە لە ڕێکەوتی ٢٤ تا ۲٦ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەک لە جاشەکانی خۆجێی لە نێو شارەوە بە بیانووی سەردانی خزم و کەس ڕەوانەی گوندەکان کردووە و چاوەدێریی ناوچەکە دەکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هەروەها باسی لەوە کرد، مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی ڕێژیم سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە ڕێکەوتی ۲٥ی گەلاوێژ لە شارۆچکەی قەرەموساڵی سەردانی پۆست بانک و مخابراتی گوندەکانی دەوروبەریان کردووە.

هەروەها لە بەرەبەری ۲٥ ی گەلاوێژ ڕێژیم چەند جار لە پارکی قەرەموساڵی کۆبوونەوەیان بۆ جاشه‌كان گرتووه‌. ‎

هەر لەو پێوەندییەدا، بەپێی هەواڵێک کە لە شاری سەقز بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتبوو، بڕیارە هەشت پایەگای عەمەلیاتی لەم ناوچەیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە دروست بکرێت کە پایەگاکانی حاجی ئەول، هەرمێدۆڵ، سلێمانکەندی تەواو بووه و دوو پایەگای‌تر له شێخ چۆپان و مێرگه نەخشینه خەریکە تەواو دەبێت.

هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، هەتا ئێستا دیار نییە کە ئەو سێ پایەگایەی دیکە لە کوێ دروست دەکرێت و بە نهێنی ماوەتەوە، بەڵام وەک جاشەکانی ئەو ناوچە باسی لێوە دەکەن سازکردنی پایەگاکان بە بڕیاری سپا زۆر بە خێرایی ئەنجام دەدرێت، کە ڕوونە هەمووی لە ئەنجامی ترس لە ڕاسانە.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.