کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری ناتانیاهوو و پووتین و تاوتوێ کردنی دۆخی ناوچەکە و دەستێوەردانەکانی ئێران

23:10 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: نووسینگەی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە حەوتووی داهاتوودا، ناتانیاهوو و سەرکۆماری ڕووسیە لە شاری سووچی کۆ دەبنەوە.

لەم دیداردا، بارودۆخ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکرێت.

سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل کە نیگەرانی ئەوەیە، پاش کۆتایی هاتنی شەڕ لە سووریە، ئێران پێگەی نیزامیی خۆی بەهێزتر بکات، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە وردبینییەکی تەواوەوە ئاڵۆگۆڕەکان دەخاتە ژێر چاوەدێرییەوە و ئامادەیە لەگەڵ هەر ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو بەرەوڕوو ببێتەوە.

پێشتر کە لە نێوان ناتانیاهوو و پووتین لە سەر ئێران چەندین وتووێژ و دیدار پێک هاتووە، ناتانیاهوو پێشنیاری بە پووتین کردووە بە مەرجێک مانەوەی بەشار ئەسەد قەبووڵ دەکات، کە ئێران لە سووریە نەمێنێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسانی ئیسرائیل چەندین جار دەستێوەردانەکانی ئێرانیان لە ناوچەکە بە مەترسی و هەڕەشە پێناسە کردووە و بە تایبەت لە بەهێز بوونی حیزبوڵڵا نیگەرانی خۆیان دەر بڕیوە.

هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیندووە، بە بیانووی شەڕی نێوخۆیی سووریە، هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بە سەر ناوچەی ستراتیژیکی نێوان سنووری سووریە و ئیسرائیل لە سەرەتای هێڵی ئاگربەسی ١٩٦٧ داگرتووە، جگە لە هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی گوڵان نزیک بە ٦ هەتا ٨ هەزار شەڕکەری حیزبوڵڵای لوبنان سەقامگیر بوون، کە ئەم شوێنە بەرزە لە بواری لۆجستیکی و سەربازییەوە یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە لە ساڵی ١٩٦٧ی زایینی لە شەڕی شەش ڕۆژەی ئیسرائیل و عەرەبەکان ئیسرائیل توانی بە سەر بەشێکی بەرینی زاڵ ببێت.