کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دیدارێکی تایبەتییان پێک هێنا

23:27 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا بارودۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا؛ ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٠ ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی، هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەری حیزبەوە بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنی دوو هەیئەتدا سەرەتا مستەفا هیجری باسێکی سیاسی لەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆخی ئێران بەتایبەتی کرد.

مستەفا هیجری لە لێکدانەوەکەیدا گیروگرفتی نێو باڵەکانی ڕێژیم و هەروەها گوشارە دەرەکییەکان کە لەسەر کۆماری ئیسلامین و بارودۆخی خراپی ئابووریی ڕێژیم هەم سەبارەت بە وەزعی نێوخۆیی و هەم بە نیسبەت ئاڵوگۆڕی شوێندانەریی لەسەر ئابووری ئێران و ترسی کۆمپانیا گەورەکان لە وەگەڕخستنی سەرمایە لە ئێران خستە بەرباس.

هیجری هەروەها باسی لەوە کرد کە کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئێران لە ناوچە و بەتایبەت لە سووریە و هاتنە کایەی ڕووسیە و پەراوێزخستنی ئێران کارێکی کردووە، کە ئێران بەرەبەرە پەراوێزتر بکەوێ و جیا لەوەش سەردانی سەرانی هێزە شیعەکانی عێراق بۆ لای عەرەبستانی سعوودی کارێکی کردووە، کە کۆماری ئیسلامی دەبێ زیاتر لە جاران خۆی کۆ بکاتەوە.

سەبارەت بە دۆخی کورد لە هەرکام لە بەشەکان، مستەفا هیجری لێکدانەوەی خۆی پێشکەش کرد و وتی: دیاریکردنی کەمووکوورییەکان لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان دەتوانێ ڕێگەچارەی کێشەکان دەسنیشان بکات و کورد لە گەیشتن بە ئاواتە هاوبەشەکانی نزیک بکاتەوە.

پاشان عەبدوڵڵا موهتەدی وێڕای پەسەند کردنی لێکدانەوەکەی بەڕێز مستەفا هیجری، لێکدانەوەی کۆمەڵەی بەتایبەت لەسەر دۆخی خراپی سیاسیی و ئابووریی ڕێژیم و بەربەستەکانی بەردەم تیمی کاری ڕۆحانی پێشکەش کرد .

هەروەها موهتەدی لەسەر بڕیاری توندترکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران لە مانگەکانی داهاتوودا لێکدانەوەی کۆمەڵەی پێشکەش کرد و لەسەر پرسی کورد لە هەرکام لە بەشەکان، ڕوانگە و نەزەراتی حیزبی پەسەند کرد و پێی وابوو سەرەڕای هەموو گلەیی و گرفتەکانی سەر ڕێگامان، دەبێ کورد بە یەکگرتوویی زیاتر دەربکەوێت.

جێگەی ئاماژەیە هەر دوو لایەن لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و پشتیوانی لە مافی ڕەوای کورد لە باشوور پێداگریان کرد و پێیان وابوو سەرکەوتنی ڕیفراندۆم بە قازانجی کوردە و کاریگەریی لەسەر جێگە و پێگەی کورد لە ئاستی نێونەتەوەییدا دادەنێت.

لە کۆتایی دا هەر دوو لایەن، زۆر ڕاشکاوانە چەندین باس و بابەتیان هێنایە بەرباس و لەسەر پێوەندیی پتەویان جەختیان کردەوە.

border=0
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دیدارێکی تایبەتییان پێک هێنا

border=0
حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دیدارێکی تایبەتییان پێک هێنا