کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلێک لاوی شوڕشگێڕ پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون

22:38 - 31 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: دەورەی ٢٢٦ی سەرەتایی پێشمەرگە، لە شاخەکانی کوردستان کۆتایی پێهات و جێژنی تایبەت بە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لەو شوێنە بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جێژنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە بە بەشداری بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاسان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژی ١٣٩٦ هەتاوی، لە شاخەکانی کوردستان کۆتایی پێهات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان پۆشی.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی \'\'ئەی رەقیب\'\' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر کاوە بەهرامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێكی تایبەت بە ڕێوڕەسمی دەورەی ٢٢٦ی سەرەتایی پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربووانی جێژنەکە کرد.

بەهرامی لە قسەکانیدا گوتی: ئێمە هەموومان پێشمەرگەین، شۆڕش پێویستیی بە هەموومانە، هەمووی ئێمە دەبێ لە توانییەکانی خۆمان کەڵک وەرگرین بۆ خۆ ئامادەکردن، خۆ پەروەردەکردن بۆ درێژەدانی ڕاسان.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: :خاکی ئێمە کە کوردستانە لە لایەن داگیرکەرەوە داگیر کراوە و ئێمە دەبێت بڕۆینە قۆناغی هێرش.

دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی لەژێر ناوی نابەزم لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەکەدا ڕاپۆرتی ئامووزشی دەورەی ٢٢٦ی سەرەتایی پێشمەرگە لە لایەن شۆڕش ئەڵڵاوەیسی مامۆستای فێرگەی کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبەوە پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی دەورەی ٢٢٦ی سەرەتایی لە لایەن بەشداربووی دەورە مێهران قەهرمانـیەوە خوێندرایەوە.

دواتر گۆرانییەک لە لایەن بەشداربووانی دەورە لە ژێر ناوی دل دەخوازێ لە لایەن بەشداربووی دەورە ڕەزا محەممەدی پێشکەش کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا خەڵات بە سەر بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە، کە لە بواری نەزم و دیسیپلین و هەروەها وانەکان، نێونجی نمرەکانیان بەدەست هێنابوو دابەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە چەند گۆرانییەک لە لایەن بەشداربووانی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەوە کۆتایی پێهات.