• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبەوە

زایینی: ٢٢-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/٣١ - ٢٠:٥٩ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٢هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبەوە
هاوڕێیانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش؛ وێڕای سڵاوێکی گەرم لەم هەوا گەرمەدا پێشکەش بە ئێوەی ئازیز، بەخێر بێن بۆ کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمی ئەم جارەمان کە یادی دامەزراندنی حیزبە خۆشەویستەکەمانە.

لە دامەزراندنی ئەم حیزبەدا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بە دەوری یەکەوە کۆدەبینەوە، ڕۆژی شاییە، ڕۆژی خۆشییە، خۆشی بە بۆنەی دامەزراندنی حیزبێکی وەها شۆڕشگێڕ و گەورە کە ٧٢ ساڵە بێ پسانەوە، بێ کۆڵدان بەردەوامە لەسەر ڕێگای خەبات؛ لە ٢٥ی گەلاوێژی ٧٢ ساڵ پێش ئێستا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دادەمەزرێت. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بناغە تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵەی "ژێکاف" بەو ڕێبەرایەتییەوە، بەو کەسایەتییانەوە، بەو تێکۆشەرانەوە کە ڕێچکەیەکی شۆڕشگێڕانەی نوێیان دامەزراند، لەسەر ئەو بناغەیەو بە هزری بەهێزی پێشەوای نەمر، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دادەمەزرێت. حیزبی دێموکرات لە ٧٢ ساڵ لەمەو پێشدا لە چ بارودۆخێکدا دامەزراوە؟ تەنیا عەدەدی ٧٢ و تەنیا حەوت دەیە پێش کافی نییە بۆ ئەوەی بزانین پێشتر وەزعەکە چۆن بووە.

کە بەخێرایی و بە کورتی ئاوڕ لەو کاتە دەدەینەوە بۆ ئەوەیە کە بزانین ئەو کاتەی حیزبی دێموکراتی تێدا دامەزراوە بارودۆخ و هەل ومەرجی ناوچە لە چیدا بووە؟ بۆ ئەوەیکە گەورەیی حیزبی دێموکرات و گەورەیی ئەو هەنگاوەمان بۆ ڕونتر ببێتەوە دەبێ لەبیرمان بێت کە ٧٢ ساڵ پێش ئێستا جیهان تازە بە کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەم گەیشتبوو. شەڕی جیهانی کە فاشیزم دەیهەویست دەست بەسەر دنیادا بگرێت؛ لە بەرامبەر فاشیزمدا ئازادیخوازی و بەرەی ئازادیخوازی خۆڕاگری کردبوو، مقاومەتی کردبوو و بەرەی فاشیزمی بە چۆکداهێنا بەڵام بە چۆکداهێنان تەنیا لەو سەردەمەدا تازە سەروبەندی بەچۆکداهاتنە نیزامییەکەی بوو؛ فاشیزم دەیهەویست تەواوی دنیا بگرێت، فاشیزم دەیهەویست سووکایەتی بە هەموو نەتەوەکانی دونیا بکات و تەنیا ئەو خوێنە و ئەو نژادە کە خۆی بە باشی دەزانێت بە ئاغا و ئەربابی دونیای دابنێت.

لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەدان ساڵ بوو دیکتاتۆری و ملهۆڕی حوکمڕانی دەکرد. ملهۆڕی، ژێر پێنانی کەرامەت و مافی هەموو ئینسانەکان بەرهەمی کلتوری سەدان ساڵەی سەرەڕۆیی بوو. لە ئێرانیشدا لە سەرەوەی هەموو سەرەڕۆییەکان و ملهۆڕییەکان دەسەڵاتێکی ستەمکار حاکم بوو بەسەر وڵاتدا.

لە نێو خەڵکدا، لە نێو کۆمەڵگادا کەلتوری خێڵەکی، کەلتوری کۆنەپارێزی، سیستمی خان خانی وعەشیرەگەرایی و ناوچەگەرایی کەلتوری زاڵ بوو.

لە وەها دۆخێکدا کە لە ئاستی جیهان و ناوچە و لە نێو خەڵکدا زاڵ بوو، حیزبێکی ئەمڕۆیی، حیزبێکی مۆدێڕن، حیزبێکی دێموکرات، دادەمەزرێت.

حیزبێک بە بەرنامەی ئەمڕۆییەوە، بە شێوازی کاری ئەمڕۆیی و مۆدێڕن و سەردەمیانەوە دژ بەو کەلتورە باوانەی کە لە جیهان و ناوچە و لە نێو خەڵکدا حکومەتی دەکرد؛ لەوێدایە کە گەورەیی حیزبی دێموکرات و گەورەیی ئەو کەسانەی کە ئەو حیزبە و ئەو ڕێگایەیان دەست پێکرد.

لێرەدایە کە بۆمان دەردەکەوێت حیزبی دێموکرات لەسەر چ بنەمایەک دادەمەزرێت؛ وەزعی نێو کۆمەڵگا و سیاسەت و بارودۆخی کۆمەڵایەتی چۆن بوو کە حیزبی دێموکرات دادەمەزرێت و دەیەوێت خەڵک بە دەوری ئەو بیرو باوەڕەوە کۆبکاتەوە.

بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ڕیشەکانی سەرهەڵدانی حیزبی دێموکرات کامانەن؟ بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین؛ گرنگتر لە هەموویان نەبوونی ئازادی ئینسانەکان بوو. لە نێو کۆمەڵگادا و لە نێو سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکدا کە بەسەر وڵاتدا زاڵە ئازادی ئینسان مانایەکی نییە.

ئینسان بریتییە لە کۆیلەیەک کە لە خزمەتی ملهۆڕی حاکم بەسەر وڵاتدایە. ئازادیی ئینسان هیچ مانایەکی نییە بەڵکوو ئینسان تەنیا سوتەمەنیەکە بۆ ویست و غەرەز و قین و خۆشەویستی و حەزی ملهۆڕی حاکم.

مەسەلەی دووهەم یا بنەمای دووهەم کە لە کۆمەڵگادا و لە سیستمی وڵاتدا هەبوو پێشێلکردنی کەرامەتی نەتەوەکانە؛ سیستمی ملهۆڕی ئەوکات هیچ مافێک بۆ نەتەوەکانی نێو وڵات قایل نییە، هیچ نەتەوەیەک بەڕەسمی ناناسێت، تەنیا دەیهەوێ نەتەوەیەکی دەسکرد کە مێژوویەکی چەواشەی بۆ دروست کردووە بە ناوی نەتەوەی ئێران بە سڕینەوەی هەموو پێناسە و کاراکتەرەکانی نەتەوەکانی دیکە نەتەوەیەکی دەسکرد دروست بکات و کەرامەتی نەتەوەکانی دیکە پێشێل بکات. لەو سەردەمەدا تازە هەنگاوەکانی سەرهەڵدانی نەتەوەیەکی دەسکرد، دەوڵەت نەتەوەیەکی دەسکرد، گۆڕینی مەمالیکی مەحروسە بەرەو حکومەتی شاهەنشاهی ئێران هەڵ گیرابوونەوە و دەزانین کە لەو پێناوەدا چ جنایەتێکیان کرد و چۆن کەرامەتی نەتەوەکانیان پێشێل کرد.

بنەمایەکی دیکە و ڕیشەیەکی دیکە کە هەبووە لەو سەردەمەدا کە دەبێتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ، هەوڵ و سیاسەت و کارەکانی حکومەتە بۆ تواندنەوەی کەلتوەر و چەواشە کردنی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەکان. کەلتوری نەتەوەکان دەتوێنێتەوە لە نێو کەلتورێکی دەسکرددا کە لە ناوەندەوە سەرهەڵدەدات، مێژووی نەتەوەکان چەواشە دەکات، بە دواکەوتوو، بە تێنەگەیشتوو، بە دڕندە ، بەوانەیان ناو دەنێت بۆ ئەوەیکە تەنیا نەتەوەی باڵادەست بە نەتەوەیەکی شایانی حوکم کردن بزانێت. دەیەوێ خەڵکی نەتەوەکانی دیکە خۆیان تەنیا لە نەتەوەی باڵادەستدا ببیننەوەو نەتەوەکەی خۆیان پێ سووک و پێ کەم بێت وناسنامەی نەتەوەییان دەسڕێتەوە و وەکوو قەبیلە، وەکوو عەشیرە، وەکوو خێڵ دەیانناسێنیت. بنەمایەکی دیکەی سەرهەڵدانی حیزبێکی شۆڕشگێڕ وەکوو حیزبی دێموکرات نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لە نێو کۆمەڵگادا چ ئەوەیکە سیستمی حاکم دەیهەوێت زاڵی بکات چ ئەوەیکە لەنێو کۆمەڵگادا هەیە، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، نەبوونی دەرەتانی ژیانێکی ئاسوودە و ئینسانی بۆ بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگایە و ڕق و بێزاری بەرامبەر بە ژیان لە کۆمەڵگا پێک دێنێت، هەست بە سووکایەتی کردن لە کۆمەڵگادا پێک دێنیت.

یەکێکی دیکە لە ڕیشەکان و بنەماکان کە هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی حیزبێکی دێموکرات، زاڵبوونی هزر و بیری خێڵەکی و عەشیرەیی و خێڵ خێڵی و ناوچەگەراییە. حیزبی دێموکرات دەیهەویت لە خێڵەوە، لە ناوچەوە تێپەڕێت بەرەو نەتەوە و دێموکرات بوون. ئەمانە بە کورتی هەندێک لە بنەماکان و ڕیشەکانی نێو کۆمەڵگان کە پێویست دەکات حیزبێک، ڕێکخستنێک، سازمانێک، ئۆرگانیزاسیۆنێکی کۆمەڵایەتی - سیاسی بێتە ئاراوە تاکوو هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڕیشانە بدات؛ لەو پێناوەدایە کە ڕووناکبیران، تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانی کورد لەسەر دەستی پێشەوای نەمر، بە ڕێبەرایەتی پێشەوای نەمر، حیزبی مۆدێڕن و ئەمڕۆیی و شۆڕشگێڕی دێموکرات دادەمەزرێنن. بناغەکانی قوتابخانەی دێموکرات بنیات دەنێن، یەکەم بەردەکانی لەسەرئەرزی کوردستان دادەنێن.

ئەم حیزبە بە درێژایی مێژووی خۆی، بە درێژایی حەوت دەیە خەبات و تێکۆشانی، چۆنی کار کردووەو چۆنی سیاسەت کردووە؟ چ بەرهەمێکی هەبووە بۆ کۆمەڵگا، ئەو ڕێبازەی کە گرتویەتیە پێش شێوازەکانی کاری، مێتۆدەکانی کاری کامانەن؟ مێتۆدی خەباتی کامانەن؟ لە پێناوی چیدا خەباتی کردووە و چۆن خەباتی کردووە؟
ئاماژەیەکی کورت وخێرا بە هەندێک لە گرینگترین مێتۆدەکانی کارکردن و ڕێبازی حیزبی دێموکرات لێرەدا پێویستە؛
گرینگترین شێوازی سیاسەت و بەرنامداڕێژیی حیزبی دێموکرات، بڕوا بە هێزی خەڵکە. حیزبی دێموکرات هەروەک ئاماژەی پێکرا لەسەر ئەساسی ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان دادەمەزرێت، لەسەر ئەساسی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆمەڵگادا زاڵن چ سیستم زاڵی کردووە چ بەرهەمی کەلتوری سەدان ساڵە دامەزراوە؛ چوونکە لەو کۆمەڵگایەوە سەرچاوە دەگرێت، بڕوایەکی قووڵی بە هێزی خەڵک هەیە؛ بڕوا بە هێزی خەڵک لە سێ لایەنەوە: لایەنی یەکەمی بڕوا بە هێزی خەڵک بریتییە لەوەیکە حیزبی دێموکرات بەستراوە بە هیچ شوێنێک نییە، حیزبێکی سەربەخۆیە، حیزبێکە تەنیا لە خەڵکی خۆی هێز وەردەگرێت و بڕوای بە هێزی خەڵک هەیە؛ بەو مانایەی کە لە پێناوی بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی دیکە کار ناکات، خەبات ناکات، موبارزە ناکات، شەڕ ناکات. نە بەستراوە بە هیچ دەوڵەتێکی دیکەیە، نە بەستراوە بە هیچ لایەنێکی دیکەیە، بەڵکوو لە خەڵکی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت. زۆرمان بیستووە و بینیوە و لە مێژوودا دووپات کراوەتەوە هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش کە خەباتی حیزبی دێموکرات بەستراوە بە بیانییەکان دەزانن، سەرهەڵدانی حیزبی دێموکرات بە دەسکردی یەکیەتی سۆڤیەت دەزانن، دەسکەوتەکانی حیزبی دێموکرات کە گرینگترینیان دامەزراندنی کۆماری کوردستانە بە دەسکردی سۆڤیەت دەزانن و دەیناسێنن، خەباتی ٤٦-٤٧ی شۆڕشگێڕانەی حیزبی دێموکرات بە دەسکردی ڕێژیمی عێراقی ئەوکات دەزانن، وەکوو تۆڵە کردنەوەیەک لە بەرامبەر پشتیوانی ڕێژیمی پاشایەتی لە شۆڕشی کوردی باشووردا، سەرهەڵدانی حیزبی دێموکرات، گەورەبوونەوەی حیزبی دێموکرات لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای دووبارەی بەستراوە بە ڕێژیمی بەعس و بە ڕێژیمی عێراق دەناسێنن، دەسپێکردنەوەی خەبات بە شێوازێکی تر و ئەمڕۆیی تر و جددی تر کە بە ناوی "ڕاسان" دەستی پێکردووە و بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناسراوە دووبارە بەستراوە بە شوێنێکی دیکەی دەناسێنن. هەموو ئەوانە بۆ چەواشە کردنی خەبات و ئاوات و ئارمانەکانی حیزبی دێموکراتە؛ حیزبی دێموکرات لە بڕوا بە هێزی خەڵکەوە خەبات دەکات.

بڕوا بە هێزی خەڵک لایەنی دیکەی بریتییە لە حیزبی دێموکرات لە روئیادا ناژی، لە ئیدەئالە دەست نەکەوتووەکاندا ناژی، لە تێئۆری نێو کتێبەکاندا ناژی، بەڵکوو ئەساسی کردەوە و خەباتی لە ویست و داخوازی خەڵکەوە بەرنامەڕێژی بۆ دەکات، دایدەڕێژێتەوەو خەباتی بۆ دەکات. ویستی خەڵك، داوای خەڵک، بیروبۆچوونی خەڵک، گرفتەکانی نێو کۆمەڵگا، ئەوانەن ئەو ئەساسەی کە حیزبی دێموکرات لەسەریان سیاسەت دادەڕێژێت ستراتێژی دادەڕێژێت، ئیدەئالێک و تێئۆرییەکی خەیاڵی داناڕێژێت کە پەیوەندی بە خەڵکی کوردستانەوە نەبێت.

بڕوا بە هێزی خەڵک لە لایەنێکی دیکەشەوە بریتییە لەوەیکە بۆ ئەوەی لە خەڵکەوە هێز وەربگرێت خۆی بەسەر خەڵکدا ناسەپێنیت؛ بە هێز و بە چەک و بە خۆسەپاندن بەسەر خەڵكدا ناڕواتە پێش بەڵکوو لە نێو دڵی خەڵکەوە، گوێ لە دڵی خەڵک دەگرێت و لە پێناو ئارمانەکانی خەڵکدا کاردەکات؛ لە باتی خۆسەپاندن بەسەر خەڵکدا گوێ لە دڵی خەڵک دەگرێت.

یەکێکی دیکە لە پاڕامێترەکانی ڕێبازی دێموکرات بریتییە لە ئەخلاق لە سیاسەتدا. زۆرمان بیستووە بۆ پاساوهێنانەوە بە فرت و فێڵ و درۆکردن و چەواشە کارییەکان، دەڵێن سیاسەت دایک و بابی نییە، سیاسەت بریتییە لە درۆکردن، کەسێک کە درۆی زۆرتر بکات وە چاکتری بکات لە سیاسەتدا سەرکەوتووتر دەبێت! حیزبی دێموکرات باوەڕی بە درۆکردن نییە، حیزبی دێموکرات باوەڕی بە ئەخلاق لە سیاسەتدا هەیە. ئەخلاق بریتییە لەو چوارچێوەیەی کە ڕێککەوتنێکی سیاسی - کۆمەڵایەتی لەسەر دەکرێت؛ ئەخلاق لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە بریتی نییە لە شتێکی پیرۆزی دەستکاری نەکراو کە لە شوێنێکی دیکەوە هێنرابێت بەڵکوو بریتییە لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت و دەبێت بە یاسا، دەبێت بە نۆڕم، دەبێت بە هەنجار. ئەو چوارچێوە سیاسی و یاساییەی کە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی باسی دەکات و ڕێک دەکەوێت و بەڵێن دەدات وەفادار بێت بەو چوارچێوەیە؛ ئەوە بریتییە لە ئەخلاق لە سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا، لە پێناویشیدا ڕەنگە زۆرجار هەزینەی زۆریشی دابێت بەڵام کە چوارچێوەت نەبوو، کە ئەخلاقی سیاسیت نەبوو، ئاکامەکەی دەبێت بە یان جەریانێکی ئۆپۆرتۆنیست کە هەر ڕۆژەو لە باوەشی کەسێکدا بیت یان لە هاوکێشەکاندا زۆر ئاسان فڕێ دەدرێیت.

بەڵام ئەخلاق لە سیاسەتدا ئەساسی مێتۆدی کارکردنی حیزبی دێموکراتە. حیزبی دێموکرات ڕەنگە زۆرجار لەلایەن دوژمنانەوە گوشاری بۆ بێت، هەروەکوو چۆن دەڵێن "شۆڕش باریک دەبێتەوە بەڵام ناپسێت" شۆڕشی حیزبی دێموکراتیش چونکە ئەسڵی ئەخلاق لە سیاسەتی ڕەچاو کردووە و لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی و لەگەڵ ئەندام و لایەنگران و کادر و پێشمەرگەی خۆیدا بە ئەخلاقەوە جووڵاوەتەوە ڕەنگە باریک ببێت بەڵام ناپسێت.

یەکێکی دیکە لە فاکتەرە گرینگەکان و مێتۆدە گرنگەکانی سیاسەتی حیزبی دێموکرات بریتییە لە دورکەوتنەوە لە چەق بەستویی و بەرەو پێشوازی داهێنان و ئافراندن ڕۆیشتن؛ حیزبی دێموکرات لە ٧ دەیە لەمەو بەرەوە لە سەختترین قۆناغەکانی مێژوویدا ڕێگایەکی نوێ، ڕێچکەیەکی نوێ کە لەگەڵ نۆڕمە باوەکانی کۆمەڵگا و ناوچەدا جیاوازە دەگرێتە پێش؛ ئەمە ئەساسی سیاسەت و کردەوەی حیزبی دێموکرات و مێتۆدی حیزبی دێموکراتە. لە چەق بەستووی بێزارە و قەت خۆی نابەستێتەوە بەو مێتۆد و کارەی کە ڕەنگە رۆژێ لە ڕۆژان بە قازانجی بووبێ و بە قازانجی خەڵک بووبێ؛ بەردەوام بیر لەوە دەکاتەوە کە چی بە قازانجی خەڵکە ئەوە بکاتە مێتۆدی نوێی خەباتەکەی. داهێنان و ئافراندن یەکێک لە پارامێترەکانی دێموکرات بوونە.

لە پێشەوای نەمرەوە تا دوکتوور قاسملوو و دوکتوور شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی دیکەیش کە بەو ڕێگایەدا ڕۆیشتوون و لەو ڕێگایەدا گیانیان بەخت کردووە؛ لە یەکەم بەردەوە لە ٧٢ ساڵ لەمەوبەر کە لە مەهاباد بوونیاتیان ناوە، هەوڵیان دا حیزبێکی ئەمڕۆیی دامەزرێنن. ئەو حیزبە لە یەکەم بەردەوە بوو بە کۆشک و تەلارێکی گەورە و ڕازاوە، قوتابخانەی دێموکرات قوتابخانەیەکی پڕ لە شانازییە، قوتابخانەیەکە کە بە فکر‌و باوەڕ‌و خوێنی هەزاران شەهید بونیاد نراوە. ئەم قوتابخانەیە تاکەکەنی نێو کۆمەڵگا، ئەو تاکانەی کە خاوەنی هەست‌و سۆز‌و دەرکن وەردەگرێت لە نیو خۆیدا باری دێنێت، بەو مێتۆدانەی باسمان کرد، بەو بڕوایانەی کە باسمان کرد، باری دێنێت و پەروەردەی دەکات. تاکی خاوەن هەست‌و سۆز پەروەردە دەکات و دەیکات بە تاکێکی خاوەن بڕوا و باوەڕی قووڵ بۆ گیان بەخت کردن لە پێناو بەرژەوەندی باڵادا، نرخدان لە پێناو ئارمانەکانی خەڵکدا؛ دەیکات بەو تاکەی کە بڕوای بە گەیشتن بە دوورگەی ئارامی ئازادی بۆ کۆمەڵگاکەی هەیە، دوورگەیەک کە لەوێدا چیدیکە پێویست نەکات نرخی گەورەی وەک گیان بۆ ئازادی بدرێ، بەڵکوو منداڵان بە ئازادی لە دایک بن، بە کولتوری نەتەوەی‌و ئازاد پەروەردە بکرێن، بە ئاشتی بژین و کۆمەڵگا بەرەوپێش بچێت.

مێتۆدێکی دیکەو ئەساسێکی دیکەی کاری حیزبی دێموکرات، شیوازێکی دیکەی کارکردن کە پارامێترێکی گرنگی ناسینی حیزبی دێموکراتە بریتییە لە شۆڕشگێڕی. شۆڕشگێڕبوون بەو مانایەی کە بە گژ کۆی سیستمی زاڵدا دەچێتەوە، سیستمی زاڵی ملهۆڕی ئینکارگەری خەڵک کە ئازادی قبوڵ ناکات. حیزی دێموکرات دەیهەوێ هەموو ئەو سیستمە تێکەوە پێچێت، دەیهەوێ سیستمێکی نوێ لە نێو کۆمەڵگادا و لە نێو وڵاتدا بێنێتە کایەوە کە ئازادی ئینسانەکان نرخی هەبێت، کە ئینسان کەرامەتی پارێزراو بێت؛ شۆڕشگێڕ بوون بەو مانایەی کە لە پێناوی ئەو تێکەوەپێچانی سیستمی زاڵەدا و هاتنە ئارای سیستمێکی نوێدا ئامادەیە نرخ بدات، هەزینە بدات، لە تاک، لە گرووپ و لە حیزب نرخ بدا لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکاندا، لە پێناو ئارمانەکانی گەلدا. ئەو شۆڕشگێڕبوونەی حیزبی دێموکرات شۆڕشگێڕبوونێکە کە لە نێوان ٢ ڕەوتی لاوەکیدا دەتوانین پێناسەی بکەین، ٢ لادان لە شۆڕشگێڕی: یەکەمیان، هەندێک جار چەک لەدەست بوون، نیزامی گەری و بەزۆر خۆبەسەرخەڵکدا سەپاندن کە ڕەنگە بچێتە چوارچێوەی چەتەگەریشەوە، خۆشەریک کردن بەبێ ئەوەیکە لە پێناو ئارمان و ویستەکانی خەباتدا بێ ئەوە شۆڕشگێڕی نییە؛ دووهەمیان، لەو بەریشیەوە بازرگانی کردن بە ئارەق‌و ڕەنج‌و ئازاری گەل، ئارەق‌و رەنج‌و ئازاری پێشمەرگە، ئارەق‌و ڕەنج‌و ئازاری تێکۆشەران لە پێناو بەرژەوەندی شەخسیدا. ئەوانە شۆڕشگێربوون نییە؛ حیزبی دێموکرات بریتییە لەو حیزبەی کە رێبازێکی شۆڕشگێڕانەی بە درێژایی ٧٢ ساڵ هەیە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، لە پێناو ئارمانەکاندا زۆر جار لە تاک، لە گرووپ و لە حیزبەکەشی مایەی داناوە.

٧٢ ساڵ پێش ئێستا ئەو کاتەی کە حیزبی دێموکرات دامەزرا و دوای چەند مانگ دەسکەوتە گەورەکانی بۆ کورد تۆمار کرد، کۆماری کوردستانی دامەزراند، زۆر سیمبۆل‌و هێمای هێنایە نێو کەلتوری شۆڕش‌و خەباتەوە، تەنیا تێکۆشەرانی رۆژهەڵاتی نیشتمان نەبوون لەو خەباتەدا بەشدار بوون بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی نیشتمانیشەوە ڕووناکبیران، تێکۆشەران، ئەفسەران و خەباتگێڕانی پارچەکانی تریش هاتوون لە مەهابادی ڕووگەی رۆژهەڵات بەشداریان تێدا کردووە؛ ئەو کات حیزبی دێموکرات ئەوانەی بە میوان نەدەزانی، ئەوانەی بە خانەخوێ دەزانی و وەک خانەخوێ لەگەڵیان هەڵسوکەوتی کرد و ئەوانیش بە خانووی خۆیانیان دەزانی و لە پێناوی ئەو قوتابخانەیەدا خەباتیان کرد.

ئێستا دوای ٧٢ ساڵ لە باشووری نیشتماندا، لەم قۆناغەدا ئەم بەشە لە نیشتمانەکەمان دەیهەوێ بەرەو دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بڕوا، هەنگاوێکی گەورەی مێژوویی هەڵبگرێ، حیزبی دێموکرات لە ڕاگەیاندن و وتەکانی خۆیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەم بەشە گەورەیەی نیشتمان دەربڕیوە و لێرەدا وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانی حیزبی دێموکرات لەو هەنگاوەیان پێویستە یەک شتی دیکە وەبیر بێنینەوە؛ ڕەنگە ڕێبەران، حیزب‌و لایەنەکانی ئەم بەشەی نیشتمانەکەمان نیگەرانی هەڕەشە و گوڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بن و لە هەڵسووکەوتی سیاسییاندا، لە لێکدانەوەیان و لە هەنگاوەکانیاندا حەسێب بۆ دراوسێیەکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامی بکەن؛ ئەوە ڕەنگە لە سیاسەت و حەسیب و کتێبدا شتێکی مەنتەقی‌و لۆژیکی بێتە بەرچاو بەڵام یەک خاڵی دیکە هەیە کە دەبێ و پێویستە ڕێبەرانی ئەو بەشە لە نیشتمانەکەمان لەبیری نەکەن: ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دڕندە هەڕەشەیان لێدەکات، لە بەرانبەردا رۆژهەڵاتی نیشتمان پشتیان دەگرێ، لە ماکۆوە تا ئیلام نەک حیزب‌و لایەنە سیاسیەکان بەڵکوو خەڵکی ئاسایی نێو کوچەو کۆڵانەکانی رۆژهەڵات بە ئاواتەوەن ئەگەر خۆشیان ئێستا نەبوون بە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆی سیاسی ئەوا بەشێکی دیکە لە نیشتمان ببێ بە دەوڵەت‌و سەربەخۆیی خۆی بەدەست‌بێنی و سەرێک بێت لە نێو سەراندا؛ زۆرجار ئەوەیان سەلماندووە و بە کردەوەش سەلماندویانە، ئەو کاتەی کە لە دوای ئەنفالەکان و کۆڕەوەکانی خەڵکی باشوور بەرەو رۆژهەڵات دەڕۆیشتن ئەوە خەڵکی رۆژهەڵات بوون کە ماڵی لەگەڵدا بەش‌کردن، پارووی سەر سفرەکەیان لەگەڵدا دابەش‌ کردن. ئەو کاتەی کە کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی کورد دژی جێگیربونی فیدڕاڵی لە عێراقدا هەڵسوکەوتیان دەکرد‌و هەڵوێستیان دەگرت ئەوە لە کوچەو کۆڵانەکانی رۆژهەڵاتی نیشتمان بوو کە شایی بۆ دەگێڕا؛ ئێستاش پێویستە باشووری نیشتمان، ڕێبەرانی ئەو بەشە، لە بەرانبەرهەڕشەو گۆڕەشەی کۆماری ئیسلامیدا پشتیوانی خەڵکی رۆژهەڵات فەرامۆش نەکەن‌و بزانن کە نەتەوەکەیان لەو بەشەدا لە پشتیانە. بزانن کە خەڵکی رۆژهەڵات لە ماکۆوە تاکوو ئیلام لە پشتیانن و نەک تەنیا حیزب و لایەنە سیاسیەکان، بەڵکوو هەموو خەڵکی ئاسایی کووچەو کۆڵانەکانی کوردستان پشتی داوای رەوای سەربەخۆبوونیان دەگرن.

لەم دۆخەدا کۆماری ئیسلامییەک کە چەند ساڵە لە تەواوی ئاژاوەکانی ناوچەدا تێوەگلاوە، چەندین دەیە ئاژاوە گێڕی‌و سیاسەتی ئاژاوە گێڕی بردۆتە پێش‌و ئێستاش بە کردەوە بە هێزی سپای پاسداران و بە یارمەتیدانی هێزە تێرۆریستەکان لە ناوچەدا لە هەموو ئاژاوەگێڕییەکانی ناوچەدا تێوەگلاوە.

لە بارودۆخی ئیستادا زۆر ڕوون و ئاشکرا لە بەرچاوی خۆمان دەیبینن کە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا بەرەبەرە لێی دەدەن و لەو زەلکاوەی کە خۆی دروستی کردووە ڕۆدەچێ؛ لە ناوخۆشدا شپرزە تر لە جاران بووە، لە بەرانبەر شپرزەیی و ڕۆچونی کۆماری ئیسلامی لە زەلکاوی خۆیدا، ئەوە خەباتی رۆژهەڵاتە کە رنگە بە هەڵەو کەم‌وکورتییەوە بەڵام بە ئیرادەی پتەوەو جیددی‌تر دە چێتە پێش، ئەویش لەسەر ئەساسی هەمان سیاسەت‌و بنەماو میتۆدی کارکردنانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هەنگاوەکانی بۆ خەبات لە پێناو گەیشتن بە ئارمان و ئاواتەکانی گەلدا تووندتر و جیددی تر کردووە. ڕاسانی رۆژهەڵات قۆناغێکی نوێیە کە بە تێکڕای ئەو مێتۆدو سیاسەت‌و بیرکردنەوانەی کە ئەزموونی ٧٢ ساڵەی ئەو حیزبە پێکی ناوە کەڵکی لێوەردەگرێت و دەیهەوێ ڕێچکەیەکی نوێی خەبات لە پێناو ڕزگاری نیشتماندا بگرێتەبەر. لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخ بریتییە لە بڕوابوون بە هێزی خەڵک، بریتییە لە دەروەستبوون بە ویستەکانی خەڵک، بریتییە لە پێبەند بوون بە ئەخلاق لە سیاسەتدا، بریتییە لە شۆڕشگێڕبوونی حیزبی دێموکرات.

٧٢ ساڵە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خەبات دەکات؛ لەم ٧٢ ساڵەدا، لەم زیاتر لەو ٧ دەیە خەبات و تێکۆشان‌و قوربانیدان و نرخدانی تێکۆشەرانی دێموکرات تەنیا کەسێک دەتوانێ دەرکی پێ بکات کە خۆی ئەو نرخەی دابێت. ئەو نرخانەی کە تێکۆشەرانی دێموکرات داویانە لە گۆ نایەن، بە زمان ناگوترێن: دڵەخورپەکانی ئەندامێکی تەشکیلات ئەو کاتەی کە دەیهەوێ بە دوژمنەکەی بڵێ لە سەختترین بارودۆخی ئەمنیەتیدا، بە هەموو دژوارییە ئەمنیەتییەکان کە جەلادو ملهۆڕو جاش‌و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لە شارو گوندەکانی کوردستان سەپاندویانە دەیهەوێت بڵیت کوانووی شۆڕش هێشتا بەتینە؛ ئەو کاتەی کە تراکتێکی حیزبی بڵاو دەکاتەوە یان لەسەر دیوارێکی کوردستان دروشمێكی شۆڕشگێڕانە دەنووسێت، دڵەخورپەو نیگەرانییەکان‌و دڵەڕاوکێیەکان، ئەو هەستەی کە ئەو ئەندامەی حیزب لەو کاتەدا هەیەتی لە وتن نایە، ئەو نرخەی کە ئەو کەسە دەیدا لە وتن نایە؛
لێوی تینوی پێشمەرگەیەک کە لە شاخ و دۆڵی کوردستاندا بۆ ئەوەی لە دوژمنەکەی خۆی بشارێتەوە بە چەندین سەعات ڕەنگە چەند رۆژ خۆی حەشار بدات بۆ چەندین سەعات ڕێ دەپێوێ تا دەگا بە دڵۆپە ئاوێک، ئارەقی ئەو پێشمەرگەیە، لێوی تینووی ئەو پێشمەرگەیە، ئەو نرخەی کە دەیدا لە گۆ نایەت؛
لاوانی بە هەست‌وسۆزی کورد کە لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریدا، لە پێناو گەیشتن بە ئارمانەکانیان پەیوەست بەڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات دەبن، ساڵ لە دوای ساڵ و دەیە بە دوای دەیە ژیانیان لە پێناوی حیزبی دێموکرات و بڕواو ئارمانەکانی خەڵکدا فیدا دەکەن و تەمەنیان پێشکەش بە خەبات دەکەن لە وتن نایەت، بەخشینی ئەو ژیانە و ئەو تەمەنە بە زار ناگووترێ لە گۆ نایە؛
ئەندامان و لایەنگرانی دێموکرات، دڵسۆزانی خەباتی کورد لە پارووە نانی سەر سفرەی ماڵیان دەگێڕنەوە و دەیخەنە سەر داهاتی شۆڕش، ڕەنج‌و ئازارێک کە ئەوانە دەیچێژن و لەو پاروە نانەی خۆیان دەگێڕنەوە کە شۆڕشی پێ پڕداهات کەن لە وتن نایەت؛
هیواو بڕوای زیندانیانی سیاسی، ئەو تێکۆشەرانەی دێموکرات کە بەدەستی بە کرێگیراوانی رێژیم دەسبەسەر کراون و لە چاڵە ڕەشەکاندا زیندانی کراون، لە ژێر ئەشکەنجەی رێژیم سوکایەتی بە ئارمانەکانیان، بە باوەڕەکانیان، بە خەباتەکەیان دەکرێت و لە ژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکاندا تەنیا هیوا بە ئازادی و بڕوایان بە درێژەدانی خەبات سوکنایی دڵیان دەدات ئەو نرخە لە گۆ نایەت؛
لە هەمووی گرنگتر خوێنێ کە شەهیدانی ڕێگای ئازادی پیشکەشی دەکەن و بە هەر دڵۆپە خوێنێکیان کە دەڕژێتە سەر خاکی کوردستان داری پر لق‌وپۆی خەبات و تێکۆشانی پێ گەشاوەتر و سەوزتر دەکەن و بە خوێنی شەهیدان باڵا دەکا داری شۆڕشی نیشتمان، ئەو خوێنە لە گۆ نایەت، زمان، قسەکردن و لێدوان ناتوانێ مافی تەواوی ئەو هەزینانە بدات؛
هەموو ئەوانە ئەو نرخانەن کە تیکۆشەرانی دێموکرات داویانە، بە هەزاران شەهید پێشکەش کراوە لە پێناوی ئەوەدا کە ئەو قوتابخانەیە، قوتابخانەی دێموکرات کە بووە بە کۆشکێکی گەورەو ڕازاوە و پڕ لە شانازی کە بە ناوی ڕازاوەی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی ڕازاوەتەوە، نرخێکن کە لە پێناو شۆڕشدا دراون و بە پێداهەڵگوتن یان قسە کردن لە سەریان، ئیمکانی ئەوەی نییە مافی هەموو ئەو شتانە بدرێ؛ تەنیا کارێک کە دەتوانین لە پێناو ئەو نرخەی کە تێکۆشەرانی دێموکرات داوایانە بیکەین، دانەواندنی سەری ڕێز لە بەرانبەر هەموو ئەو نرخانە و دانی بەڵێنی وەفاداری بە ڕێگاکەیان و بە ڕێبازەکەیان و بە ئاواتەکانیانە.

لێرەوە وێڕای پیرۆزباییەکی دووبارە لە هەموو ئێوە، لە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی دێموکرات کە لە ماوەی٧٢ ساڵدا هەر کامێکیان بە هەر شکڵ‌و شێوازێک ڕۆژێک لە ڕۆژان خزمەتێکیان بەو ڕێبازەکردووە، وێڕای سەری ڕێزدانەواندن بۆ هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات، بۆ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، لەلایەن هەمووتانەوە پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازەکەیان نوێ دەکەینەوە؛ ئاواتەخوازین ئەو بنەمایانەی حیزبی دێموکراتی لەسەر دامەزراوە و ئەو هەموو نرخەکە بۆی داوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان هەرچی زووتر لە وڵاتەکەمانبەدێ بێن و بەو دورگە لە ئازادی‌و ئاشتییە بگەین کە چیدیکە منداڵانی کورد نرخی بۆ نەدەن بەڵکوو وێڕای هەموو نەتەوەکانی دیکە نرخ لە پێناو زیاتر گەشەکردنی کۆمەڵگا بدەن.

سەرکەوتوو بین
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک