• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

هەڵسەنگاندنێک لەسەر "ڕاسان" و "دەروونی کوردستانی ڕۆژهەڵات"

زایینی: ٢٢-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/٣١ - ٢١:١٦ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
هەڵسەنگاندنێک لەسەر
نەکەرۆز

پێشەکی


دووفاقێتی هەستەکان (دوگانگی عواطف) چییه؟ ئەو حاڵەتە دەرونییەیە کە هاوکات هەم ڕقە وهەم خۆشەویستییە کە لە مرۆڤێکدا کۆدەبێتەوە؛ بۆوێنە کاتێک تاک کەسێکی زۆر خۆش بوێت بەڵام بەهەر هۆیێک لەو کەسە یان جەرەیانە دڵ هەڵکەندراو ببێت لێرەدا هەستەکەی نامرێت بەڵکوو دەگۆڕدرێت بۆ ڕق ونەفرەت وتوڕەیی لەو شەخسە یان ئەو جەرەیانە؛ بۆ ڕوونتر بوونی باسەکە وەها گریمانە دەکەین کە کەسێک بەدڵ حەزی لە کوردایەتییە بەڵام ناتوانێت شور و حەزەکەی بکات بە شعوری سیاسی دواتر بە ڕق دا دەکەوێت ودەست ئەداتە کاری خراپ یان قسەی نابەجێ.

سەرخستن و گۆڕین (تصعید وتبدیل) چین؟ هەر دوکیان هەر دوو حاڵەتن کە لە دەرونشیکاریدا لە سەر گۆڕینی هەستی مرۆڤەکان باسیان لێوەدەکرێت، (تصعید واتە تبدیل بە احسن) واتە منداڵێک لە منداڵیدا هەژار بووە و بۆ وێنە دوچەرخەیان بۆ نەکڕیوە ئێستا ئەو گرێ دەرونییە لە ڕێگای کڕینی ماشینە گرانبەهاکانەوە "تصعید" دەکات و خۆی بەتاڵ دەکاتەوە.... "تبدیل"یش هەر گۆڕینی شتێکە بە شتێکی تر ،حاڵەتێکی دەرونییە چ لە ژیان وچ لە خەونی مرۆڤەکاندا زۆرجار ڕوو دەدات، بۆ وێنە خۆشەویستی دایک دەگوازرێتەوە بۆ هاوسەر، یان نمونەی "تصعید" یەکەی دایک لادەبرێت و نیشتمان لە جێگای دا دادەنرێت و هتد....

بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوە کە هەتا ئێستا ڕاسان هەتا چ ڕادەیێک تێکەڵ بە دەروون یان ڕەوانی خەڵکی شەقامی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆدا بووە ناچارم مێژویێکی کورتی ڕابردوو بهێنمەوە بەرباس کە لانیکەم لەم شارە کە من تێیدا دەژیم لە دەرونی مرۆڤەکان وخەڵکی تا ڕادەیێک جێگای خۆی کردبوویەوە.

لە پاش شەهید کرانی کاک دوکتور سەعید، دورکەوتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە مەیدانی ڕاستەقینەی خەباتی خۆیان، گەورەترین خەسار و هۆکار بوو بۆ ئەوەیکە بەرەبەرە و هێدی‌هێدی فەزای شار ودێهاتەکانی کوردستان لەباری دەرونییەوە بەرەو دامرکاندن بچێت، خەڵک(تودە) بەپێی مەسڵەحەت وقازانج و کەتوارێک کە دەیبینن هەڵس‌وکەوت دەکەن و لێرەشدا بەتایبەت پاش ئەوەیکە خاتەمی بۆ یەکەم جار بوو بە سەرکۆماری ئێران و دەستەواژەی بێ‌نێوەڕۆکی ئیسڵاح تەڵەبی کورد هاتە ناو گۆڕەپانی ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە ، لای زۆربەی خەڵکی شەقام هەستی نەتەوایەتی گۆڕا(تبدیل) بۆ داواکاری خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و برق وڕێگا وگاز و موخابەرات وهتد... ئەمە نەک لە وڵاتی ئێمەدا بەڵکوو لە هەموو شوێنکی جیهان، خەسارەتگەلێکن کە شارستانییەت وتیکنۆلۆژی ناڕاستەوخۆ لە سەر ئازادی وئینسانیەت وبەها ئینسانیەکان دایدەنێت و هیچیشی لەگەڵ ناکرێت بەتایبەت بۆ ئێمە کە خاوەنی وڵاتی خۆیشمان نین ئیتر ئازارەکە سەد هێندە سەخت‌تر بوو.

مرۆڤی ئاسایی نێو کۆمەڵگا لەگەڵ ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرزارەکی لە گرانی وبێکاری وهتد دەروونیان بەتاڵ دەکەن و هەندێک جار بوێری ئەوەیان نییە دەنگ هەڵبڕن و ببنە بکەر بۆ ئەستاندنی مافی ئینسانی. ئەوان بەمەرجێک ئازادیان دەوێت کە بە هەرزانترین نرخ بۆیان دەستەبەر بێت. لەم بڕگە لە زەمەندا نەسڵێکی تازە پێگەیشتوو کە وەڕز لە خواستی باوک و وەزعی مەوجود بوون بە دوو ڕەهەندی جیادا هەستی خۆیان دەرخست؛ یەکەم : کەسانێک کە لە باری دەرونییەوە سەرکێشیان کەم بوو، ئۆگری مەعنەوییات وبە چەشنێک عیرفانی ئەخلاقی بوون، واتە هاوشێوەی هەندێک رێکخراو، خۆیان بە خەباتکار دەزانی لە حاڵێکدا ئەوان جگە لەوە کە هەستەکانیان بەلاڕێدا گۆڕدرابوو هیچ کارێکیان نەکردبوو. هاوشێوەی ئەم جۆرە کەسانە کەسانێک هەبوون کە خۆیان بە شتی سادەترەوە خەریک کردبوو کە دەتوانم تەنانەت ئەو کەسانەش کە بەلاڕێدا ڕۆییشتن و تووشی بەڵای ماڵوێرانکەری ئێعتیاد بوون هەر لەم دەستە دەرونییەی کۆمەڵگادا جێگایان بکەمەوە.

دەستەی دووهەم: سەرکێشەکان و ڕادیکاڵەکان و ئاڵ وگۆڕخوازان بوون، بە گشتی ئەو کەسانە بوون کە خواستی دەسەڵاتی نەتەوەیی لە ناخیاندا پڕگڕتر بوو. بۆ ئەم دەستە بیرەوەری شەڕەکانی حیزبی دێموکرات و باقی هێزەکانی دیکە لەگەڵ حاکمییەتی تاراندا جێگای فەخر وشانازی بوو. ئەم دەستە پاش پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە وهتد یان جەزب دەبوون وبە کردەوە کەسانێکی باشیان لێ دەردەچوو کە خزمەتییان بە نیشتمانەکەیان دەکرد یان دڵ هەڵکەنیاو دەبوون و هەتا مردن بە دەرونێکی نەحەساو و تێرنەبووەوە دەیانناڵاند. حاکمییەت بە خوێندنەوە و قۆستنەوەی ئەم هەلە بۆ زۆربەی ئەو کەسانە، کاناڵێکی ڕادیکاڵی پڕ لە پڕوپاگاندەی نیشاندا تاکوو هەستە دامرکاوەکانیانی تێدا بەتاڵ بکەنەوە وهێزەکەشیان بەفیڕۆ بچێ؛ بەداخەوە لە گەڵ ئەم نەوعە لە کاناڵیزە کردنی هەستە دەرونییەکانی لاوان خەسارەتێکی گەورە لە هەموو بارێکەوە لە هەست وشعوری لاوانی ڕۆژهەڵات کەوت.

حاکمییەت کە بە هەموو شێوەیێک ئاگاداری وەزعی دەرونی لاوانی ڕۆژهەڵات بوو، بەردەوام لە هەوڵی (تبدیل) کردنی ئەو هەستانە بە هەست گەلێکی لاوەکی وبەلاڕێداچوو بوو. حاکمییەت بەردەوام ئەو پڕوپاگاندەی لە نێو خەڵکدا بەدژی هێزە کوردییەکان بڵاو دەکردەوە کە ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی بەهۆی ژیانی کەمپ نشینی تووشی گرفتە دەرونییەکان بوون، لەباری پێکهاتەی حیزبییەوە لاواز بوون و دەیان تۆمەتی ناڕەوای دیکەی دەدایە پاڵ حیزبەکانی رۆژهەڵات کە ئەمانە کەمترین و بچوکترین تەبلیغاتێکی حکومەت بوو کە فەزای کوردستانی پێ ژەهراوی کردبوو. سەرەڕای هەمووی ئەم فێڵ وپیلانە یەک لە دوای یەکانەی حاکمییەت، هێشتا لاوانی ڕۆژهەڵات بێ هیوا نەبوون و لە ڕێگای ناوە جوان وکردەوە بە نرخەکانی کاک دوکتوور قاسملوی هەمیشە زیندوەوە ڕچەیێکی پاک وبێگەردیان بەدی دەکرد کە داهاتووی خۆیانی لە سەر دابمەزرێنن ئەویش "ڕاسانی رۆژهەڵات" بوو. راسان گەورەترین وپڕماناترین وەڵام بوو بۆ دۆست ودوژمنی ڕۆژهەڵات، بە بێ زێدەبێژی و فڕوفیشاڵ دەڵێم پاش ڕاگەیاندنی ڕاسان، شەقامی کوردی موچڕکێکی پێداهات، شەقام چاوی سڕی و جارێکی دیکە هیوایێکی مەزن لە ناخیدا چەکەرەی کرد.

لەم بڕگەدا عاتیفە وسۆز و خۆشەویستی دەرونی بە فوڕمێکی جیاواز لە ساڵانی پێشوو خۆی نواندەوە، لە سەرەتاکاندا خەڵک (تودە) بە " دڵە باوەڕ مەکە" لەم خەباتە نوێیەیان دەڕوانی بەڵام پاش گیانبازی پێشمەرگەکان وشەهید بوونی ڕۆڵە فیداکار وخۆنەویستەکانی حیزب، نیشتمان بەگشتی توشی وەستانێکی هەست بوو؛ پاش وەستانی کاتی وەرچەرخان بە باری ڕاست ودروستی نەتەوایەتی خۆیدا کەوتە ڕێگا. ئەم دۆخە بەتایبەت لە پاش حەماسەخوڵقێنییەکانی قەرەسەقەڵ و کۆساڵان و بۆڕییەر کارتێکەری پۆزەتیڤی هەست پیکراوی لەسەر شەقام دانا و بەپیچەوانەشەوە کاریگەری ڕوخێنەری لەسەر داگیرکەرانی کوردستان بەجێهێشت؛ لێرەدا کەم وکوڕی چ لە باری ڕاگەیاندن چ لە باری نیزامی وهتد نەبوونە بەربەست بۆ ئەوەیکە خەڵکی شەقام ناوەرۆکی ڕاسان نەبینن. هاوکات لەگەڵ ڕاساندا شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش دەورێکی بەرچاویان گێڕا هەتا تەمەنی ناسینی پێشمەرگە و چۆنیەتی خەباتی بگاتە لاوانی سێزدە بۆ پازدە ساڵ کە بەڕای من ئەمە دەسکەوتێکی زۆر گرینگ بوو. داڕێژەران وبەڕێوەبەرانی ڕاسان ئێستا دەبێ باش بزانن ئەگەر ئەوان دروست بچنە پێش، گومانم نییە ئەو دوو توێژەی پێشووی کۆمەڵگا کە پێشتر ناوم بردن هەر لە ناو دڵی ڕاساندان (دوگانگی عواطف = مهر آکین ) یانی خۆشەویستی و ڕق هاوکات لە یەک مرۆڤدا کۆدەبێتەوە ، لێرەدا ئەرکی بەڕێوەبەرانی و تیۆریسیەنەکانی ڕاسانە کە هەستە دەرونییەکانی کۆمەڵگا بە قازانجی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی (تصعید) بکەن؛ واتە بە باشترین شێوە تووشی هەڵکشانی دەرونی بۆ بە نەتەوەیی بونییان بکەن. دڵنیا بن شار دەنگی شاخی بە ڕوونی گوێ لێ بووەو پەیامی شاخی وەرگرتووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت لەو ڕاستییە ئاگادار بێت کە پێشمەرگە بێ کارت و نەناسیاوەکانی لە ناخی شاردا دڵیان دڵ دەخوازێت بۆ ئەوە کە دێموکرات بە ڕەسمی خەباتەکە بە گوڕتر بکات.

شەڕ وباڵ باڵێنی ناو حاکمییەتی تاران، گرانی وبێکاری و داتەپینی لە ڕادە بەدەری بازاڕ، شەڕە ناوچەییەکان و وەزعییەتی ئاڵۆزی وڵاتانی دراوسێ، دزی و ئێختلاسە یەک لە دوای یەکەکان و بە نەوعێک بێ تەعەهودی حاکمان وکاربەدەستانی حکومەتی لە تاران، پەیامە توندوتیژەکانی ترامپ و... و ناوی پیرۆزی (ڕاسان ) بەگشتی کارێکیان کردووە کە خەڵکی بەرژەوەندیخواز، شۆڕشگێڕ، ئاسایی، ڕۆشنبیر، باش، خراپ وهەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا هاتوونەتە سەر ئەو باوەڕەەی کە ئاڵوگۆڕێکی کوت‌وپڕ یەخەی ئێرانییەکان دەگرێتەوە و هەمووی ئەم خەڵکانە بە شێوەی خۆیان بیر لەو داهاتووە ناڕوونە دەکەنەوە. ئێمەی کورد ئیتر ئاڵتێرناتیوێکمان ناوێت کە لە سەر حیسابی سەرکوتی نەتەوەکان هێمنی بۆ پایتەختی فارسەکان بگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێت یەکگرتوانە لە هەوڵی ڕێکخستنی خۆمان و بە ڕێکخراوەیی کردنی کارەکانماندا بین هەتا ئیتر دوژمن نەتوانێت هەستی خەڵکەکەمان بەلاڕێدا بەرێت وتووشی خەسارەتێک ببین کە قەرەبوو نەکرێتەوە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک