• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

سەربەخۆیی باشوور وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەتسازی و دێموکراسیی سەرکەوتوو

زایینی: ٢٢-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/٣١ - ٢١:٢١ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
سەربەخۆیی باشوور وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەتسازی و دێموکراسیی سەرکەوتوو
د. ئیدریس ئەحمەدی

مەسەلەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان پێویست دەکا لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و بەراوردکارییەوە لێک بدرێتەوە، بەتایبەت کە ئەگەڕێتەوە سەر پەیوەندی نێوان دەوڵەتسازی و دێموکراسی.

هەوڵێکی وا دەتوانێ دوو سوودی هەبێ: لەلایەک، بە دەسنیشان‌کردنی لێکچوون و جیاوازییەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دەتوانین باشتر ڕاڤەی ئەو مەسەلەیە بکەین، لەلایەکی دیکەوە، دەشێ بەرچاوڕوونی لەمەڕ قۆناغەکانی پاش سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەدەست بێنین.

لە ئاستێکی گشتی‌تردا، پەیوەندی نێوان دەوڵەت و دێموکراسی گرێدراوە بە گەشەسەندنی سیاسییەوە. بۆ تێگەیشتن لە گرنگی گەشەسەندنی سیاسی، دەبێ مۆدێلی دەوڵەتی موڵک و میرات ((patrimonial، کە لەوێدا دەوڵەت موڵکی شەخسی دەسەڵاتدارە و بە میرات دەمێنێتەوە بۆ ئەندامانی بنەماڵەی، لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێڕن، کە غەیرەشەخسییە (impersonal) و لەوێدا وەرگرتنی پۆست لە سەر بنەمای شایستەییە و حکومەت ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندی گشتییە، لێک جیا کەینەوە.

فرانسیس فۆکۆیاما لە بەرهەمێکی گرنگ و نوێدا لەژێر ناوی "نیزامی سیاسی و نسکۆی سیاسی"، گەشەسەندنی سیاسی بە سەرهەڵدان و جێکەوتنی دەوڵەتی مۆدێڕن، سەروەریی یاسا و دێموکراسی پێناسە دەکات. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەر ئەم سێ ماکە و ڕاگرتنی پارسەنگ لە نێوانیاندا، نیزامێکی سیاسیی مۆدێرن و سەرکەوتوو پێک دێنن.

لە ڕابردوودا گەشەسەندن وەک پڕۆسەیەکی هێڵی (linear) بینراوە و گەشەسەندنی ئابووری بە پێشمەرجی گەشەسەندنی سیاسی دانراوە؛ بەڵام دروست‌تر وایە لێک جیا بکرێنەوە، چوونکە مەرج نییە لە هەموو وڵاتێکدا گەشەسەندنی ئابووری هاوتەریب بێ لەگەڵ گەشەسەندنی سیاسی، یان ئەوەی بەشێوەیەکی هێڵی لە گەشەسەندنی ئابوورییەوە دەست پێ بکا و بە گەشەسەندنی سیاسی کۆتایی پێ‌بێ.

لە هێندێک وڵات، وەک بریتانیا، گەشەسەندنی ئابووری بووە هۆی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی کە دواجار گەشەسەندنی سیاسیی لێ‌کەوتەوە. هەڵدانی ئابووریی لە بریتانیا، بەتایبەت پاش شۆڕشی پیشەسازی، ساختارێکی چینایەتی نوێی هێنایە کایەوە و لە ئاکامی تەیاربوونی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی و چینی کرێکاردا، دێموکراسی هاتە کایەوە. سینگاپۆر و چین دوو نموونەی هەنووکەیین کە لەگەڵ ئەوەی گەشەسەندنی بەرچاوی ئابوورییان بە خۆیانەوە بینیوە، دێموکراتیک نین.

هەروەها جێگای ئاماژەیە کە لە کەیسی بریتانیادا چەند دامەزراوەیەکی سیاسی، وەک سەروەریی یاسا و برۆکراسی شایستەسالار (meritocratic bureaucracy)، یارمەتیدەر بوون بۆ گەشەسەندنی ئابووری.

لە پڕۆسەی جێکەوتنی سەرکەوتووانەی دێموکراسی مۆدێڕن یان لیبڕاڵ دێموکراسیدا لە ڕۆژئاوا، سەروەری یاسا پێش دێموکراسی هاتووەتە کایەوە. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە دامەزراوەی سیاسی زۆر جار یارمەتیدەری گەشەسەندنی ئابوورییە. درک‌کردن بەم ڕاستییە بۆ وڵاتانێک کە لە حاڵەتی گەشەسەندان، زۆر گرنگە.

مەسەلەیەکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە پیادەکردنی دێموکراسی پێش دەوڵەت‌سازیی مۆدێڕن، واتە جێکەوتنی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی(public administration) کاریگەر یان حکومڕانییەکی خاوەن کەیفییەتی بەرز، دەتوانێ ڕێگا خۆش بکا بۆ گەندەڵی لە حکومەتدا، کە بە نۆرەی خۆی کێشەی شەرعییەتی بۆ پێکدێنێ و دواجاریش ڕێگا خۆش دەکا بۆ ناڕەزایەتی بەربڵاو و بەردەوام.

هۆی سەرهەڵدانی گەندەڵی لە نیزامێکی دێموکراتیکی ئاوادا، واتە پیادەکردنی دێموکراسی پیش پێکهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە دەسەڵاتداران بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات، داهاتی دەوڵەت و پۆست و پێگە لە بەڕێوەبەرایەتیدا بە سەر دۆست و لایەنگرانیاندا دابەش دەکەن. ئەو حیزبانەی کە لە قۆناغێکدا لە ئوپۆزیسیۆندان بەڵام دەرفەتیان بۆ هەڵکەوتووە لە حکومەتدا بەشدار بن، لە زۆر وڵات درێژەدەری ئەو جۆرە گەندەڵییە بوون.

یۆنان یەکێکە لەو وڵاتە ئەورووپییانە کە زۆر لە پێش وڵاتانی دیکە مافی دەنگدانی بە هاووڵاتییانی پیاو بەخشی. هەڵبەت ئێستاشی لەگەڵ بێ، بەهۆی ئەوەوە کە دێموکراسی لەو وڵاتەدا پێش دەوڵەت‌سازیی مۆدێڕن و مۆدێرنیزاسیۆن لە شکڵە ڕۆژئاواییەکەیدا هاتە کایە، بەردەوام بە دەستی ناکارامەبوون لە حوکمڕانی و گەندەڵییەوە گرفتار بووە. بەپێچەوانەی بریتانیا، کە سەرتۆپکی مۆدێرنیزاسیۆنە لە ڕۆژئاوادا، لە یۆنان پڕۆسەی شارنشینی، کە یەکێکە لە ماکەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، لە ئاکامی شۆڕشی پیشەسازیدا ڕووی نەدا، بەڵکوو یۆنان پڕۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی تایبەت بە خۆی هەبووە.

ئەمەش وای کردووە کە سەرەڕای شارنشینی، فەرهەنگی لادێ لە شارەکانی یۆناندا بتوانێ بمێنێتەوە. باشووری ئیتالیا، بەپێچەوانەی باکووری ئەو وڵاتە، مۆدێرنیزاسیۆنی هاوشێوەی یۆنانی هەبووە؛ بۆیە، لەو بەشەی ئیتالیادا ناکارامەبوون لە حوکمڕانی و گەندەڵی بوونەتە گرفتی جیددی و بەردەوام. ئەمەش وای کردووە کە هێزی وا لە باکوور سەرهەڵبدەن کە خوازیاری جیابوونەوە بن لە باشووری وڵات.

ئەمریکاش یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پێش دامەزراندنی دەوڵەتێکی بەهێز، دێموکراسی پیادە کرد. فۆکۆیاما دەنووسێ کە ئەو شێوە گەندەڵییە لە نیزامی دێموکراتیدا کە لە سەرەوە باس کرا، سەرەتا لە ئەمریکادا سەری هەڵدا. لەگەڵ ئەوەیکە ئەمریکا پڕۆسەیەکی سەرکەوتووانەی پیشەسازی ئەزموون کردبوو و خاوەن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەری بەهێز بوو، کەچی لە نەبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی کاریگەر، ناکارامەبوونی حکومەتی و گەندەڵی بەرۆکی گرتبوو؛ دواجار لە ڕێگای رێفۆرمەوە، ئەم گرفتانە چارەسەر کران.

پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەمریکا بە رێفۆرمکردنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بە سەر ئەو کێشانەدا زاڵ بوو، بەڵام وڵاتگەلێک وەک یۆنان و ئیتالیا ئێستاشی لە گەڵ بێ نەیانتوانیوە گرفتی ناکارامەبوون لە حوکمڕانی و گەندەڵی چارەسەر بکەن؟ وەڵامی فۆکۆیاما ئەوەیە کە لە یۆنان و ئیتالیا، "مۆدێرنیزاسیۆن بە بێ گەشەسەندن" ڕووی داوە؛ واتە، لەو وڵاتانەدا، چینی مامناوەند هاوشێوەی وڵاتانی پیشەسازی سەری هەڵنەداوە. پڕۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لە بریتانیا و ئەمریکا لە دەرئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی و ئابووری بەرهەمهێنەردا هاتە کایەوە، کە دوو چینی مامناوەند و کرێکارانی لێکەوتەوە و تەیاربوونی ئەمانە، دواجار نیزامی دێموکراتیکی هێنایە کایەوە.

لە بریتانیادا، چاکسازی لە حکومەت بۆ دامەزراندنی برۆکراسی شایستەسالار، کە کاکڵی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاریگەر و حوکمڕانی خاوەن کەیفیەتی بەرز پێک دێنێ، زووتر ڕوویدا. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە بریتانیا دەوڵەتی بەهێز پێش دێموکراسی هاتە کایەوە، لە کاتێکدا مۆدێلی سیاسی فێدڕاڵی ئەمریکا زۆرتر سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەت و دەسەڵاتی زۆرینەی ئامانج بووە.

کەوابوو، جۆری دەوڵەت‌سازی و کەیفییەتی دەوڵت گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کەشەسەندنی ئابووریی (وەک لە کەیسی چین و سینگاپۆر) یان بۆ گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی (وەک لە کەیسی بریتانیا، وڵاتانی سکاندیناڤی و باقی وڵاتانی ڕۆژئاوا). چین یەکەمین وڵات بوو لە دونیادا کە دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز و هەروەها برۆکراسیی شایستەسالاری پێک هێنا. ئەویش لە ئەنجامی شەڕدا هاتە کایەوە. هەروەها سەرهەڵدانی دەوڵەتی بەهێز و یەکخستنی میرنشینەکانی ئاڵمان لە ئاکامی شەڕ هاتە گۆڕێ، چوونکە سەرکەوتن لە شەڕدا پێویستی بە دەوڵەتی ناوەندی و بەهێزە.

ئێستا چین لە ڕووی ئابوورییەوە گەشەی سەندووە، بەڵام نەک لە ڕووی سیاسییەوە؛ نە سەروەری یاسا و نە دێموکراسی لەو وڵاتەدا جێنەکەوتوون. لەگەڵ ئەوەیکە چین، هەروەک سینگاپۆر، دێموکراتیک نییە، بەڵام دەوڵەتێکی بەتوانای هەیە کە لە بونیات‌نانی ژێرخان و خزمەتگوزاریدا کارامەیە.

بە پێچەوانەی چین، وڵاتێک وەک هێندوستان هەر لە کاتی سەربەخۆییەوە تاکوو ئێستا دێموکراتیک بووە و هەروەها لە چەند دەیەی ڕابردوودا گەشەسەندنی ئابووریی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. هەڵبەت بەهۆی لاوازبوونی دەوڵەتی هێندوستان، ناکارامەیی لە حوکمڕانی و گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی بوونەتە گرفتی جیددی و بەردەوام. ئەمەش بە نۆرەی خۆی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بۆشایی بەرچاو لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا و ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە. لە هێندێک هەرێمی هێندوستاندا، ناڕەزایەتی تەنانەت بەستێنی خۆش کردووە بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداری ماوۆیستی.

ئەزموونی ئەمریکا دەکەوێتە نێوان هەموو ئەوانەوە؛ فۆکۆیاما پێی‌وایە وڵاتانێک کە لە حاڵەتی گەشەسەندندان، باشتر وایە ئەمریکا بکەن بە مۆدێل، واتە ئەگەر هەم حوکمڕانی خاوەن کەیفییەتی بەرز و هەمیش دێموکراسییان دەوێ.

چین و سینگاپۆر ناتوانن ببن بە مۆدێل، چوونکە دێموکراتیک نین؛ لەگەڵ ئەوەیکە چین لە ساڵانی ڕابردوودا بووە خاوەن پڕستیژ، بەتایبەت دوای نسکۆی ئابووریی وڵاتانی دێموکراتیک، بێ کێشە نییە. نەبوونی ئازادی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و هەروەها گەندەڵی بەربڵاوی حکومەتی لە چین نموونەی بەرچاون. ڕوون نییە کە ئایا چین، کە خاوەن توێژێکی مامناوەندی ٣٠٠ میلیۆنییە، هەروەها دیکتاتۆر دەمێنێتەوە یان دواجار ڕێگای دێموکراسی دەگرێتە بەر.

لە باشووری کوردستان، ئینتمایەکی بەرین هەیە بۆ دێموکراسی. هەروەها هەم جەماوەر و هەمیش حیزبە سیاسییەکان، کۆکن لە سەر پێویستی حکومەتی خاوەن کەیفییەتی بەرز بۆ دەربازبوون لە کۆمەڵێک گرفت. ئێستا تەنانەت دەسەڵاتدارانیش دان بە هەبوونی گەندەڵیدا دەنێن و حکومەت ڕایگەیاندووە کە ئامانجیان بنبڕکردنی گەندەڵییە.

هەر لە سەرەتای ڕزگاری لە باشوور، دێموکراسی بەرپا کرا. هەڵبەت گەمارۆی ئابووری تاکوو ٢٠٠٣ ، شەڕی نێوخۆیی و دواتر گرفتی ناکارامەبوونی حکومەت و گەندەڵی، بوونە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەربڵاو. لەلایەکی دیکەوە، دوای جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سیستمی سیاسی لە باشوور لە دووجەمسەرییەوە گۆڕا بۆ فرەجەمسەری.

لە زانستی سیاسیدا، کۆدەنگییەکی ڕێژەیی هەیە لە سەر ئەوەیکە نیزامی دووجەمسەر لە نیزامی فرەجەمسەر سەقامگیرترە. سەرەڕای بەڵێنییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، نە ئەوەندە بەهێزە کە گۆڕان پێک بێنێ و نە ئەوەندەش بچووکە کە پشت گوێ بخرێ. ئەم دۆخە حکومەتی لە ئاست سیاسەتی نێوخۆ و سیاسەتی دەرەوە لاواز کردووە. فرەجەمسەری هەروەها بووەتە ژینگەیێک بۆ ئەوەی حیزبە ئیسلامییەکان بەرجەستەتر ببنەوە. بە کورتی، دوای تێپەڕین لە دووجەمسەرییەوە بۆ فرەجەمسەریی، سیستمی سیاسی باشوور ناسەقامگیرتر بووە.

سەرەڕای قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لە باشوور، بەتایبەت دوای بڕینی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، حکومەتی هەرێم دەستی کردووە بە چاکسازی. قەیرانی ئابووری کرا بە دەرفەت بۆ ئەنجامدانی رێفۆرم. لە سرووشتی خۆیدا، رێفۆرم پرۆسەیە و ئاوا بەزوویی ئاکامە ئەرێنییەکانی دەر ناکەون. شەڕی داعشیش بووە دەرفەتێک بۆ بەهێزتربوونی ‌هێزی پێشمەرگە و هەروەها زیادبوونی پێگەی جیۆسیاسی باشووری کوردستان لە ئاست نێودەوڵەتیدا.

لێرەدایە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بە مەرجێک کە کۆدەنگییەکی بەرینی لەپشت بێ و سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێ، دەشێ ببێ بە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ریفۆرم و دەوڵەت‌سازی سەرکەوتووانە. هەڵبەت دەبێ ڕەچاوی بەربەستی پێکهاتەیی لە بەردەم دەوڵەت‌سازیدا بکەین.

بەربەستی سەرەکی لێرەدا شکڵی مۆدێرنیسازیۆنە لە باشووردا، کە هاوشێوەی یۆنان و باشووری ئیتالیا، مۆدێرنیزاسیۆنێکە بە بێ گەشەسەندنی تەواو یان سەرکەوتوو. هەروەها داگیرکاری و چەندین دەیە شەڕ و ئەنفال، ئێستاشی لە گەڵ بێ، شوێندانەرن لە سەر باشوور.

لە باشووری کوردستاندا، هاوشێوەی یۆنان و باشووری ئیتالیا، شارنشینی لە ئاکامی ئابووری پیشەسازیدا نەهاتووەتە کایەوە. بەڵکوو ئەوە حکومەتی بەعس بوو کە بەمەبەستی تێکدانی کەرتی کشتووکاڵ وەک تاکە کەرتی سەربەخۆی ئابووری کوردستان و هەروەها تێکدانی گوندەکان بۆ شکست‌پێهێنانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە سەرەتای حەفتاکاندا، کە شێوەیەکە لە ئەنفال پێش لە ئەنفالی دەیەی هەشتا، پرۆسەیەکی ساختەی شارنشینی لە کوردستاندا هێنایە کایەوە.

دوای ئەوەیکە خەڵکی گوندەکان ڕوویان لە شار کرد، حکومەتی بەعس وابەستەی کردن بە خۆیەوە. لە لایەکی دیکەوە، شارەکانی کوردستان خاوەن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر نەبوون تاکوو قەوارەیەکی چینایەتی بە قازانجی دێموکراسی تێیاندا سەرهەڵبدا.

دەسەڵاتی کوردی دوای شەڕی کەنداو، لەگەڵ کۆمەڵگایەکی ئەنفالکراو و وێران بەرەوڕوو بوویەوە. هەر لە سەرەتاوە، هێزە کوردییەکان پابەندبوون بە پیادەکردنی دێموکراسی. هەڵبەت هەڵدانی ئابووری پاش ٢٠٠٣ وای کردووە کە بەستێنی کۆمەڵگای مەدەنی پێک بێ، ڕادەی خوێندەواری بڕواتە سەرێ و چین و توێژی کۆمەڵایەتی تەیار بن لە پێناو رێفۆرمدا. ئازادی ڕادەربڕین، کە کەم وێنەیە لە ڕۆژهەڵای ناویندا، وێڕای هەبوونی ئاسایش، خاڵی دیکەی بەهێزی باشووری کوردستانن. کەوابوو، زەمینەی مۆدێرنیزاسیۆن لە باشوور هەیە. کۆدەنگیی نەتەوەیی و سیاسەتی دروست دەشێ مۆدێرنیزاسیۆن بە بێ گەشەسەندن بکا بە مۆدێرنیزاسیۆن بە گەشەسەندنەوە.

بە کورتی، گرفتی سەرەکی لە باشووری وڵات لە نەبوونی ئینتیما یان کارکردن بۆ دێموکراسی نییە، بەڵکوو گرفتی سەرەکی نەبوونی دەوڵەت‌سازییە. باشوور لەم ڕووەوە هاوشێوەی ئەزموونی ئەمریکایە، بەو جیاوازییەوە کە ئەمریکا خاوەن ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر بوو. فۆکۆیاما بە دروستی ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لەو گرفتانەی وەپاڵ دێموکراسی دەدرێن، لە نەبوونی دەوڵەتی بەهێز و بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی کاریگەرەوە سەرچاوە دەگرن. هەڵبژاردنی دێموکراتیک گرنگە، بەڵام دابینکردنی خزمەتگوزاری، کە لە ڕێگای دەوڵەتی بەهێزەوە دێتەدی، پێویستە بۆ ئەوەی دێموکراسی تووشی نسکۆ نەبێ.

هەروەها دەبێ لە ڕاستای دەوڵەت‌سازی بەمەبەستی پێکهێنانی نیزامێکی دێموکراتیکی سەرکەوتوو، ئەولەوییەت بدرێ بە گەشەسەندنی ئابووری لە شکڵی ئابووریی بەرهەمهێنەردا. بەڵام هەم گەشەسەندنی ئابووری و هەمیش دێموکراسی سەرکەوتوو، پێویستی بە دەوڵەتی بەهێزە. هەروەها پێویست بە هێنانەدی کولتوورێکی نوێ دەکا، یان لانیکەم ڕزگارکردنی جەماوەر لە کولتووری بەستراوەیی سەردەمی حکومەتی بەعس.

لە باشووردا گەشەسەندنی سیاسی بەو شێوەیە بووە کە دێموکراسیمان پێش دەوڵەت بووە، بەڵام دەوڵەت‌سازی دوای رێفراندۆم دەتوانێ ببێتە هۆی قووڵکردنەوەی دێموکراسی یان جێگیربوونی دێموکراسییەکی سەرکەوتوو.

تەنانەت ئەگەر رێفراندۆم بە هەر هۆیەک دوابخرێ و سەربەخۆیی لە نزیک‌مەودادا نەیەتەدی، ئەنجامدانی رێفۆرم لە پێناو پێکهێنانی برۆکراسی شایستەسالار و جێکەوتنی سەروەری یاسا و دواجاریش دەوڵەت‌سازیدا، پێویستییەکی حەیاتییە.

سەرچاوە:

Francis Fukuyama, Political Order and Political Decay: From the French Revolution to the Globalization of Democracy (New York: Farrar, Straus and Giroux, 2014)
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک