• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

حەسەن شەرەفی: ئەوانەی ڕێژیمی ئێران پێی دەڵێت شەیتانی گەورە و دوژمن، بە کردەوە دەبنە جیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

زایینی: ٢٢-٠٨-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٥/٣١ - ٢١:٢٧ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
حەسەن شەرەفی: ئەوانەی ڕێژیمی ئێران پێی دەڵێت شەیتانی گەورە و دوژمن، بە کردەوە دەبنە جیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
سەردانی سوپاسالاری ئێران بۆ تورکیە، ئامانج و بەرنامەیان لەو کاتە هەستیارەدا مژاری دیمانەی ئەمجارەی کوردستانە لەگەڵ بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.

وتووێژ: سەلیم زەنجیری

یەکەم جارە کە سەرۆک ئەرکانی رێژیمی ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵای لەشکری، سەردانی تورکیە دەکات. ئێوە ئەو سەردانە لەو کات و ساتە هەستیارەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئاڵوگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مەسەلەکانی پێوەندیداریی، بۆ هەر یەک لە وڵاتانی ناوچە بەتایبەتی ئێران و تورکیە گرنگییەکی زۆری هەیە و وێڕای جیاوازیی قووڵیان لە هەندێ بواردا، هەر کامیان بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی هەیە. سەردانی سەرلەشکر باقری، ناکرێ هەروا لەناکاو بێت، بەڵکوو پێشتر زەمینەسازی بۆ کراوە. ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە بەتایبەتی دۆخی سووریا و ئەوەیکە لە کوردستان بە هەموو پارچەکانییەوە لە گۆڕێدایە، ئەوان ناچاردەکات پێکەوە دانیشن وبەرنامەیەکی وا دابڕێژن کە ئەگەر هەموو شتێکیش بە دڵیان نەبێت، لانیکەم زیانی کەمتری بۆیان هەبێت. ئەو دوو وڵاتە کە سنوورێکی دورودرێژیان لە گەڵ یەکتر هەیە، پێیان وایە کە هاوکارییان دەتوانێ لە بەرژەوەندییاندا بێ و ئەو زیانانەی کە ڕەنگە لە ئەگەری ئاڵوگۆڕی ناوچەکە وەبەریان بکەوێ، لە سەر خۆیان کەمتر بکەن. بۆیە ڕەنگە سەردانی ئاست بەرزتریشیان بۆ رێککەوتن و هەماهەنگی باشتر بەدوادا بێ.

مەسەلەی سووریە یەکێک لە ناکۆکییەکانیان لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە و لە سایەی دەستێوەردان و بەرژەوەندییەکانیاندا، ئەو وڵاتە کاول بووە و خوێنی زۆرە لە بەر رۆیشتووە، ئەو نزیکبوونەوەیان دەتوانێ چی بۆ سووریە بە دوای خۆیدا بێنێ؟

مەسەلەی سووریە وێڕای زیانە ئابوورییەکان، جینایەتی زۆر ناخۆشی مرۆیی بە دوای خۆیدا هێناوە و ڕەنگە چەندین ساڵی دیکەش بخایەنێت تاکوو برینەکانی ساڕێژ بێتەوە. تا ئێستا رێژیمی ئێران کە پشتیوانی سەرەکیی مانەوەی بەشار ئەسەد بووە، بەپێچەوانەی تورکیەوە عەمەلی کردووە ، بەڵام ئێستا خەریکە مەسەلەی سووریە گەورەتر دەبێت و ڕەنگە ناچار بە سازش بۆ یەکتری بن.

چ خاڵێکە کە ئەو دوو هێزە ناکۆک، بەڵام دژی کوردە لە سەر سووریە لێک نیزیک دەکاتەوە؟

سەرەتا رێژیمی ئێران لە سووریەدا یەکەتاز و حزووری بەرچاوی هەبوو. خۆی بە خاوەنی هەموو حەرەکەت و ئاڵوگۆڕێک لەو وڵاتەدا دەزانی، بەڵام دواتر دیتمان کە رووسیە پێی نایە گۆڕەپانی کێشەکانی سووریە و نەخشی یەکەمی لە ئێران وەرگرتەوە. پاشان ئامریکا بە شکڵێکی پڕڕەنگتر هاتە نێو سووریە و چوار سەربازخانە و دوو فرۆکەخانەی نیزامیی کردەوە، هەموو ئەوانە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیە لە مەترسی دەخات، بۆیە بەو دانیشتنانە دەیانهەوێ بە رێگاچارەیەک بگەن کە بەرژەوەندییەکانی هەر کامیان دابین و زیانەکانیان کەمتر بێ. چونکە پێشتر چاوەڕوانیان دەکرد دەسەڵاتی یەکەم لە وڵاتەدا بن و دەوری یەکەم بگێڕن، ئێستا دەبینن کە کەم بووەتەوە و دەیانهەوێ لە چوارچێوەی ئەو بەرەو داکشانەدا، مەوقعییەتی خۆیان تا ڕادەیەک بپارێزن.

رێژیمی ئێران بە ڕواڵەت خۆی بە دۆستی ‌کوردی رۆژئاوای کوردستان دەزانێت، بەپێچەوانەوە تورکیە ئەو دیفاکتۆیەی رۆژئاوا بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەبێنێت و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کانتۆنی عەفرین دەکات. ئەو نزیکبوونەوەیان دەتوانێ چ مەترسییەک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەبێت؟

بەشێک لە کوردەکان لە سووریە کە نەخشی سەرەکییان لە شەڕی دژی داعش هەیە، تەنیا پێوەندییان لەگەڵ رێژیمی ئێران نییە، بەڵکوو تا ڕادەیەک رووسیاش پشتیوانیان لێدەکات و هەروەها ئامریکاش هاوکاریی زۆر باشیان دەکات، بەڵام تورکیە ئەو دەسەڵاتەی بە بەستراوەیی پ.ک.ک و مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت. لە بەرانبەردا رێژیمی ئێران کە زۆر کوردی بۆ گرینگ نەبووە، لەو چوارچێوەیەدا کە لە گەڵ سیاسەتی یەک دەگرێتەوە، بێدەنگی لە ناڕەزایەتیی تورکیە دەکرد، بەڵام بە هاتنی ئامریکا و هاوکاری بۆ ئەو هێزەی کوردستانی رۆژئاوا، ئێرانیش دەیهەوێ نارەزایەتی دەرببڕێت. بەو واتایەی کە لە دەست ئەو دەرچووبێت! بۆیە ئەوان دەتوانن لە سەر ئەو خاڵەش یەک بگرنەوە.

مەسەلەی رێفراندۆمی باشوری کوردستان خاڵێکی گرینگی دانیشتنیان بووە و وێڕای دەربڕینی دژایەتیان، بەڕێوەچوونی گشتپرسی و ئاکامەکانیشی بە زیانی ناوچە، ئێران، تورکیە و عێراق دەزانن، لە ڕوانگەی جەنابتەوە لێکەوتەکانی چین؟

زۆر سرووشتییە کە لێکەوتەکانی بۆ کورد ئەرێنی، نیشتمانی و نەتەوەیییە. کورد لە مێژساڵە کە قوربانی، خوێن و فیداکاری دەکا کە بە رۆژێکی وا بگات. بەڵام لێکەوتەکانی رێفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئەو وڵاتانە چی دەبێ؟ ڕەنگە نیگەرانییەکانی تورکیە لەو پێوەندییەدا بە قەد ئێران نەبێت، تەنها نیگەرانی تورکیە مەسەلەی کوردە لە نێوخۆی خۆیدا، دەنا پێوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ڕەنگە بە ئاسانی نەتوانێ چاوپۆشی لەو هەموو بەرژەوەندییە ئابوورییەی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام چونکە مەسەلەکە پرسی کوردە، ڕەنگە پێی خۆش نەبێت بەو ئاراستەیەدا بڕوات کە کورد بۆ خۆی هەوڵی بۆ دەدات. هەڵبەت لێکەوتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاترن. یەکەم کۆماری ئیسلامی پێی خۆش نییە وڵاتێکی سەربەخۆی کورد لە جیرانەتی ئەو دروست ببێت، ئەویش لە جیرانەتی ئەو بەشە لە ئێران، کە خۆی کوردە و رێژیم مافیان پێشێل و سەرکوتیان دەکا. ئەو لەو دۆخەدا پێی خۆش نییە کورد لە پارچەیەک ئازاد و سەربەخۆ بێ کە کاریگەری ئەرێنی دەکاتە سەر کوردەکانی رۆژهەڵات کە بۆ مافی خۆیان بەرفراوانتر خەبات بکەن. دووهەم، رێژیمی ئێران خۆی بە خاوەنی بەغدا و حکومەتی عێراق دەزانێ، بۆیە ئەگەر بەشێک لەو وڵاتە جیا ببێتەوە، لە ڕاستیدا نفووزی رێژیم لە ناوچە و بەتایبەتی لەو وڵاتەدا کەمتر و کەمڕەنگتر دەبێتەوە. خاڵی سێیەم، رێژیم دەزانێت کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆ و دەوڵەتێکی ئازادی هەبێت، دۆستایەتی و پێوەندییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا پتر لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێت و حزووری ئامریکا لەوەی ئێستا هەیە، زیاتریش دەبێت و ئەوەی ئێران پێی دەڵێت شەیتانی گەورە و ئامریکای دوژمن، لە واقیعدا بە کردەوە دەبنە جیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆیە ئەوانە مەسەلەگەلێکن کە بە زیانی کۆماری ئیسلامین و هەوڵی ئەوە دەدات کە زیانی سەرچاوەگرتوو لە سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کەم بکاتەوە، بەڵام چەندە دەتوانێ ئەوەی بکات، ماوەتەوە سەر سیاسەتی ئامریکا و زلهێزەکان، کە ناوچەکە بەرەو چ ئاقارێک دەبەن.

ئێران باس لە هەڕەشەی داخستنی سنوور دەکات، ئەمە چەندە دەتوانێ عەمەلی بکات؟

زەرەری داخستنی سنوور دوولایەنەیە، بەڵام بۆ دەسەڵاتێک، زەرەری سیاسی لەگەڵ زەرەری مادی جیاوازە و پتر گرینگی بە بەرژەوەندی سیاسی دەدرێت تا ئابووری. ئەگەر بتوانێ هەردووی پێکەوە دەستەبەر بکات، باشترە. هەموو هەوڵی ئێران ئەوەیە کە کوردستان بە سەربەخۆیی نەگات و دەڵێت نابێ ببێ، ئەوە واتای ئەوەیە کە ئەگەر ببێت ئەوان ناهێڵن.

ئەو نەهێشتنە چییە و چۆن دەخوێندرێتەوە؟

ئەگەر مەبەستیان هێرشی نیزامی بێ، ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هێرش بۆ سەر کوردستان، هێرشە بۆ سەر ویلایەتێکی ئامریکا. لەو نێوەدا سەرانی حکومەتی عێراق کە مەسەلەکە پێوەندی بەوانەوە هەیە، مولایمتر لە تورکیە و ئێران دەدوێن.

پێت وایە بتوانن ئەو هەڕەشەیە عەمەلی بکەن؟

من پێم وانیە بەو ئاسانییە بتوانن.

گەر کرا چ ناوێکی لێ دەنێی؟

ئامریکایییەکان دەیانهەوێت لە عێراق و کوردستاندا پایگا و نفووزی زیاتریان هەبێت و هەر ئێستا خەریکی جێ خۆشکردنی زیاتری خۆیانن لە کوردستاندا.

لە ئەگەرێکی وادا نابێتە خۆکوژی؟

لەو باوەڕەدا نیم کە بتوانێ راستەوخۆ هێرش بکات، بەڵام ڕەنگە لە ڕێگای دەسەڵات و نفووزێک کە لە عێراق (حەشدی شەعبی و هێزەکانی بەستراوە بە خۆی) هەیەتی، ئەو کارە لە دژی هەرێمی کوردستان بکات و ڕەنگە ڕێژیم داوایەکی لەو چەشنە لە تورکییەش هەبێ کە بە ڕێگای نفووزی خۆی (تورکمەنەکان) لە عێراقدا کێشە بۆ سەربەخۆیی بخوڵقێنێ. هەموو ئەوانە پیلانی ورد و گەورەن کە ڕەنگە وا بە ئاسانی بۆیان دەستەبەر نەبێ.

نزیکایەتی ئەو دوو وڵاتە داگیرکەرەی کورد چ کاریگەرییەکی لە سەر شۆڕشی کورد لە ڕۆژهەڵات و لە باکوری کوردستان دەبێت؟

یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو دانیشتنەو هی دواتریش، بەگشتی رووی لە مەسەلەی کوردە. ئەگەر لە باشوور پێوەندی بە مەسەلەی رێفراندۆمەوە هەبێت، لە رۆژهەڵات و باکووریشدا دەیانەوێت خەباتی کورد لاواز و لەباری بەرن. بەڵام هاوکاریی و چالاکییان لە بواری نیزامی و ئەمنییەتیدا، هەمووی سەرچاوە لەو نیگەرانییانە دەگرێ کە بەنیسبەت جووڵانەوەی کوردیان هەیە. دەزانن کە رەوشی تورکیە لە نێوخۆیدا لەبار نیە و پێوەندییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە بەتایبەت ئورووپادا باش نییە، کۆماری ئیسلامیش لە نێوخۆیدا کێشەی یەکجار زۆری هەیە و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش ناکۆکە. سووریەش لە وەزعێکدایە کە هەموومان دەبینین. عێراقیش نە سەقامگیرە و نە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی هەیە، بۆیە بەو دۆخە شڵەژاوەی هەر چوار وڵاتی زاڵ بە سەر کوردستان و پێشێلکەری مافی کورداندا، دەبینین کە بەپێچەوانەوە کورد، لە نێو دونیای دەرەوەدا خۆیان وەکوو هێزێکی دژی تێرۆر و تۆقاندن دەرخستووە و جاران ئەگەر دوژمنەکانمان کوردیان بە خراپ دەناساند، ئێستا کورد بە کردەوە خۆی ناساندووە و مەسەلەی کورد لە ڕادەی جیهانیدا ڕەنگ و روویەکی دیکەی هەیە کە پێشتر نەیبووە. بۆیە مەوقعییەتی خراپی ئەو وڵاتانە و مەوقعییەتی لەبارتری کورد، پێشێلکەرانی مافی کوردیان هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە بەرەڤاژی جیاوازی بۆچوون و دژایەتیان لەگەڵ یەکتر، لە سەر مەسەلە گرینگ و هاوبەشەکانی ناوچە دەست بدەنە یەکتر و بتوانن زیانی ئەو شتە لە ڕوانگەی خۆیانەوە کەم بکەنەوە.

لەوەها بارودۆخێک دا ئەرکی کوردەکان چییە؟

زۆر ئاسانە، دەبێ کورد حاڵی بێ کە ئەگەر هەندێ جیاوازی بۆچوونیان لە شێوەی خەباتدا هەبێ، دەبێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان پتر لە جاران، هاودڵ، هەماهەنگ و هاوکاری یەکتر بکەن. وڵاتێک کە سەرکوتکەر و پێشێلکاری مافی کوردی خۆیەتی، ناتوانێ ببێتە دۆستی پارچەکانی تر. گەر وا دەنوێنن، دەبێ بزانین کە ڕواڵەتییە. چوونکە رۆژی خۆی کە دێتە سەر چارەنووسی کورد، هەموویان وەکوو یەک بەرخورد لە گەڵ پرسی کورد دەکەن.

کۆماری ئیسلامی چەندە دژی کوردە لە ڕۆژهەڵات، ئەوەندەش دژی کوردە لە پارچەکانی تر. کاتێک کورد باسی مافی خۆی یان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەنووس دەکات، ئێران زیاتر لە هەموویان دژایەتی دەکات. مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە داگیرکەران و پێشێلکەرانی مافی کورد لە دۆخێکدان کە بزانن کورد گەیشتووەتە جێگایەک و دەیەوێت بەوە بگات کە هەوڵی بۆ داوە، هەموویان دەست دەدەنە دەستی یەک و بە لێکهاڵانی ئاوا و هاوکاری یەکتر، لە دژی کورد دەوەستنەوە.

‌بە سەرنجدان بەو هەڕەشە و لێک نزیکبوونەوەی ئەو هێزانە و بە گونجاونەزانینی کاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەلایەن هەندێ وڵات و لایەنەوە، ئایا دروستە کە کورد پاشەکشە یان کاتەکەی وەدوا بخەن؟

من بە هیچ شێوە بە ڕەوا نازانم کە پاشەکشە بکەن و هیوادارم کە کارێکی لەو شێوەیەش نەکەن لە بەر دوو هۆکار: یەکەم، ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لە باشوور هەیە، کاتی خۆی ئێران و تورکییە لە دژی بوون و ‌هێزیان لە خاکی باشووری کوردستاندا جێگیر کرد، بەڵام دواتر کە بوو بە واقیع و عەمەلی، ناچار بوون بە شێوەیەک تەعامولی لەگەڵ بکەن. بۆ سەربەخۆییش هەر وایە، ئێستا ناتوانن بڵێن کە موافیقین، بەڵام کە کورد سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند ئەو کات ناچارن بە جورێک تەعامولی لەگەڵ بکەن.

دووەم، ئەوانەی کە دەڵێن نا و کاتی نییە، با بە کورد بڵێن کە کاتی باش کەیە و چەندی ماوە؟ ئەگەر وەدوا بکەوێ بۆ ئەو کاتەی کە ئەوان پێیان گونجاوە، چ زەمانەتێکیان هەیە؟ من پێم وایە کاتەکە زۆر گونجاوە، چونکە دۆخی هەر چوار وڵاتی زاڵ بە سەر کوردستان لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا شپرزەتر لە جارانە. لە بەرانبەردا کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دۆخێکی بۆ هاتووەتە پێشێ کە لە بیروڕای گشتی دونیادا جێگایەکی تایبەتیان هەیە و لە نێوخۆشدا لە سەر مافەکانیان پێداگرن. تەنیا ماوەتەوە کە لە نێوخۆیاندا یەکدەنگ و یەک‌هەڵوێست بن، ئەگەر ئەمە بکرێت، لە ئەگەری هەر هێرش یان هاندانی هێزی دیکە بۆ هێرشکردنە سەریان،‌ جیهان بێدەنگ نابێ. بە بڕوای من ئەو ریفراندۆمە دەنگی بەڵێ دێنێ.

ئەوانەش کە لەو دۆخەدا نەخێر بە سەربەخۆیی دەڵێن، دەبێ روونی بکەنەوە کە بەڵێ بە چی دەڵێن؟ بە دەسەڵاتی بەغدا پاش ئەنفال و کیمیاباران و ئەو هەموو گرتن و غەدرەی سەدان ساڵە، یان چی...!؟ ئەگەر کورد ئەمجارە بەڵی بۆ سەربەخۆیی و ریفراندۆم نەدات، لە مێژوودا جێگایەکی باش بۆ خۆی تەرخان ناکات.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک