کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی کرانەوەی باخچەی منداڵانی \"کۆساڵان\" لە ناوەندی ١ی کوردستان بەڕێوە چوو

19:13 - 3 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: لە ڕێورەسمێکدا، باخچەی منداڵانی کۆساڵان لە ناوەندی ١ی کوردستان بە بەشداری نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەیڤی سی ئینترناشناڵ و ژمارەیەک لە بنەماڵەکان و منداڵانی ئەو ناوەندەوە کرایەوە.

ئێوارەی رۆژی پێنچ شەممە، ٢ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا باخچەی منداڵانی کۆساڵان لە ناوەندی ١ی کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک لە بنەماڵەکان، منداڵان و نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەیڤی سی بۆ منداڵان کرایەوە.

سەرەتا لە لایەن شەیما مینبەری، هاوسەری شەهید شۆڕش مینبەرییەوە پەردە لە سەر تابلۆی باخچەی منداڵانی کۆساڵان لادرا.

دواتر خاتوو سراینا نوێش بە نوێنەرایەتی رێکخراوی ئەیڤی سییەوە پەیامێکی پێشکەش کرد. لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە منداڵان، سوپاسی بنەماڵەکانی ناوەندی ١ی کرد کە خۆبەخشانە کاریان لەو پرۆژەیەدا کردووە.

ناوبراو هەروەها باسی لە ناوی باخچەکە کۆساڵانی کرد و وتی: ئێمە بیستوومانە کە ئەمە ناوی شاخێکی بەناوبانگی کوردستانە، کە تێدا بەرخۆدان و قارەمانەتییەکی بێوێنە کراوە کە بەشێک لەو قارەمانە فیداکارانە، باوک و سەرپەرەستی ئەو منداڵە بێناز و سەربەرزانەن، بۆیە هیوادارین کە ئەم باخچەیە شادی و خەندەیان بەسەردا ببارێنێ.

دواتر مستەفا پیرانی بە ناوی ناوەندی یەکی کوردستانەوە، پەیامێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە منداڵان، سوپاس و پێزانینی ناوەندی ١ی کوردستانی بۆ دروست کردنی ئەو باخچەیە بە نوێنەرانی ڕێکخراوی ئەیڤی سی ڕاگەیاند و هیوای خواست کە لەو کارە مرۆڤانەیانەدا بەردەوام و سەرکەوتووتر بن.

پیرانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، داوای کرد کە ئەو رێکخراوانە و نوێنەرانیان کە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ببنە باڵوێزی نەتەوەکەمان و ئازار و بەشمەینەتییەکان و مافخوراوی گەلەکەمان بە خەڵک و وڵاتەکانیان بگەیەنن و هاوکار و یارمەتیدەرمان لەو خەباتە ڕەوا و مافخوازانەیەدا بن.

پیرانی هەر بەم بۆنەیەوە، بە ناوی ناوەندی ١ی کوردستانەوە لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش بەو ڕێکخراوە و چەند کەس لە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا، دیاری و لەوحی رێزلێنان پێشکەش بە کۆمەڵێک لە بنەماڵە و منداڵان کرا کە ماندوونەناسانە لەو پرۆژەیەدا کاریان کردبوو.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، گۆرانییەک بە کۆرس لە لایەن منداڵانی ناوەندی ١ی کوردستانەوە، پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا، لە لایەن نوێنەری رێکخراوەکە و ڕەشاد مینبەری (برای شەهید شۆڕش مینبەری)یەوە، باخچەکە بە فەرمی بە ڕووی منداڵان و بەشداربوواندا کرایەوە.