کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سۆران کۆ بوونەوە

23:53 - 7 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی مەڵبەندی ٦ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سۆران کۆ بوونەوە.

سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەردانی مەڵبەندی ٦ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە شاری سۆران کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەو سەردانەدا، لە لایەن هەیئەتێکی مەڵبەند بە سەرپەرەستیی کاک شاخەوان جێگری مەڵبەند و کاک لوقمان وەردی جێگری مەڵبەند و بەرپرسی کۆمیتەی چۆمان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.

سەرەتا محەممەد نەزیف قادری، هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی بۆ گیان لە دەستدانی دوو تێکۆشەری یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەو ڕووداو نەخوازراوەی گوندە ژۆر دەربڕی.

قادری هەروەها جەختی لە سەر دۆستایەتیی پتەوی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات و باشوور کردەوە؛ بە تایبەت پێوەندیی دێرین و پتەوی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی و ڕێگەنەدان بە نەیارانی کوردی هەر دوو بەش و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ئاگری دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوانیان دروست بکات و لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت.

دواتر هەڤاڵانی مەڵبەندی ٦ی سۆران جەختیان لەسەر پێوەندی پتەویان لە گەل حیزبی دێموکرات کردەوە و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هێزە سیاسییەکان و زاڵبوون بە سەر کێشە و گرفتەکان وەک ئەرکی سەرشانی هێزە سیاسییەکانیان دانا.

دوای نێوەڕۆی هەمان ڕۆژ هەیئەتی حیزبی دێموکرات، وێڕای بەرپرسی کۆمیتەی چۆمان لە گوندی ئاشی بڕە گوێز بەشدارییان لە پرسە و هاوخەمیی بنەماڵەی ئەو دوو قوربانییە کرد و هاوخەمیی حیزبی دێموکراتیان پێ ڕاگەیاندن و جەختیان لە سەر پتەو کردنی دۆستایەتیی نێوان کوردی هەر دوو بەشی ڕۆژهەلات و باشوور کردەوە.