کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و پ.ک.ک کۆبوونەوە

22:12 - 9 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ک.ج.ک سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لەلایەن حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی هەیئەتێکی کەجەکە بە سەرپەرەستیی سەرحەت وارتوو وتەبێژی پەکەکە و ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی دیپلۆماسی پەکەکە، سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی حیزب بەسەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا محەممەد نەزیف قادری لێکدانەوەیەکی سیاسی لەسەر ڕەوشی سیاسیی و داکشانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕۆڵی نێگەتیڤی لە ناوچەکە و هەوڵدانی بۆ ئاژاوەسازکردن و هەروەها بەهێزکردنی گرووپ و لایەنە توندڕەوەکانی ناوچە بۆ مەبەستی تایبەتی باس کرد.

کۆبوونەوەی سوپاسالاری کۆماری ئیسلامی و تورکیا و هەوڵی هاوبەشی دوو لایەنە بۆ سەر کورد تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەی نێوان پەکەکە و حیزبی دێموکرات بوو.

دواتر سەرحەت وارتۆو وێڕای تەئیدی لێکدانەوە و ڕوانینەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر کۆدەنگی زیاتر و بەهێزبوونی کورد لە هەردوو بەش ڕوانگەی پەکەکەی باس کرد و ڕایگەیاند ئەو مەترسیانەی لە ئارادان نابێ بە کەم بگێرێ.

شایانی باسە لەو دانیشتنەدا چەندین پرسی پێوەندیدار بەهەردوولا کەوتە بەرباس و تەئید لەسەر پێوەندی پتەو و دۆستانەی نێوان حیزبی دێموکرات و پەکەکە کرایەوە.

دواتر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە لایەن محەممەد نەزیف قادری و سەرحەت وارتوو بۆ کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی گیرا و لەسەر فرسەت و دەرفەتەکان و مەترسی بەردەم کوردی هەر دوو بەش قسە کرا و لێکدانەوەی خۆیان لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد خستە بەرباس.