کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو

17:01 - 11 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و نۆروێژییەکان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب جێژنی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئیوارە شەوێکی کوردی، بە بەشداری نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە کوردستانی و نۆروێژییەکان، ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب و هەروەها ڕەوەندی کوردی، لە شاری مۆس، نزیکی ئۆسلۆ بەرێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن پۆلێک لە کیژ و کوڕانی نێو ڕیزەکانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێکرد.

پاشان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری گەلەکەمان، جەماوەری بەشدار لە جەژنەکەدا، ساتێک بە بێدەنگییەوە بە پێوە ڕاوستان.

دواتر پەیامی کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەو بۆنەوە لە لایەن سالح وەلیزادە، ئەندامی کومیتەی گشتیی حیزب خوێنرایەوە.

لە پەیامی کومیتەی حیزبدا، وێڕای باس لە تایبەتمەندییەکانی حیزب و پێداگرتنەوە لەسەر کار و خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی حیزب، راگەیەنرابوو کە لە دەستپیکردنی ساڵێكی دیکە لە تەمەنی حیزبەکەماندا، بە حەماسەتێکی زۆرترەوە و وزە و توانا تەشکیلاتییەکان و جەماوەری حیزبەکەمان بۆ بردنە پێشی بزووتنەوەی میللی ـ دێموکراتیکی خەڵکی کوردستان وە کار دەخەین.

دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان و کۆمەڵەی کولتووری گشتی لە لایەن میلاد مه‌ریوانی خوێنرایەوە.

پاشان حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی و نۆروێژەکانی بەشدار لەو ڕێوڕەسمەدا وتار، برووسکە و پەیامیان پێشکەش کرد کە بریتین لە:

ـ په‌یام و چه‌پکه گوڵی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان
ـ کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی
ـ کۆمه‌ڵه‌ ـ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران
ـ نوێنه‌رایه‌تی ده‌ره‌وه‌ی و‌ڵات پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور
ـ سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
ـ کومیته‌ی هاوکاری هێزه سیاسییە کوردستانییه‌کان
ـ ڕێکخراوی ئۆست‌فۆڵدی پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ پارتی ئازادیی کوردستان
ـ په‌یامی حیزبی کاری نۆروێژ
ـ حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆروێژ
ـ حیزبی سەوزەکانی نۆروێژ
ـ په‌یامی پارتی چه‌پ (ڤێنسترا) حیزبی لیبڕاڵەکانی نۆروێژ

لەو پەیام و برووسکانەدا، پشتیوانی و هاوپێوەندیی سیاسیی و خەباتگێڕانە، لەگەڵ حیزبەکەمان ڕاگەیەنرابوو. هەموو ئەو حیزب و رێکخراوانە لە پەیامەکانیاندا باسیان لە گرنگی ڕۆلێ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران لە بزووتنەوەی کوردستاندا کردبوو و ئامادەیی ئەوەیان نیشان دابوو کە لە داهاتووشدا هەمیشە وەک دۆست و هاوخەباتی حیزبەکەمان لە خەبات بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و دێموکراسیدا دەمێننەوە.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان و گۆرانیبێژان نه‌جمان سندی و شێرکۆ مەریوانی کۆتایی پێهات.