کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی لەپێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی شاری بانە بلاو کردەوە

17:51 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی شاری بانە دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکی بلاو کردەوە و تێیدا وێڕای بەرزنرخاندنی هەڵوێستی ئازایانەی خەڵکی شاری بانە و دەورووبەری داوای هاوهەڵوێستی لە کۆمەڵانی خەلکی کوردستان کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

سەرکوت و کوشتاری سیستماتیک وبە بەرنامەی کاسبکارانی شار وگوندە سنووری یەکانی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە،بە درێژایی چەند دەیەی رابردوو بەشێکی دانەبڕاوە بووە لە سیاسەتی ئەم رێژیمە ورۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و گیانی خەڵکی زەحمەتکێش و کاسبکاری کردووەتە ئامانج.

تەنیا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە دەیان کاسب کار بوونەتە قوربانیی سیاسەتی سەرکوت وبە هەژاری هێشتنەوەی خەڵکی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.لە درێژەی رەوتی کوشتار و پەلاماردانی کاسبکارانی ناوچە سنووریەکانی کوردستان،رێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی ،دوو کاسبکار بە ناوەکانی قادر بارامی ،تەمەن ٤٥ ساڵە خەڵکی وزمەڵە و حەیدەر فەرەجی ،تەمەن ٢١ سالە خەڵکی گوندی شەشەی سەر بە شاری بانە گیانیان لێ ئەستێندرا.

بەرامبەر بەم تاوانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی بە هەڵوێست و وەزاڵەهاتووی شاری بانە و دەورووبەری کە پێشتریش بەرەنگاری زوڵم و زۆرداری و سەرکوتی هێزەکانی رێژیم بوونەتەوە،دژکردەوەیان لە خۆیان نیشان دا و رۆژی رابردوو و ئەمرۆ(١٣ و ١٤ی خەرمانان) نارەزایەتیی جەماوەریان رێکخست و لە کۆبوونەوەیەکی بەریندا وبە هەڵوێستێکی ئازایانە پۆپەی دەسەڵاتی رێژیمیان لە شاری بانە دایە بەر پەلامار و بنکەی فەرمانداریی شارەکەیان کردە ئامانج.لە لایەکی دیکەشەوە بە داخستنی دوکان وبازاڕ ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم رووداوە دڵتەزێنە دەربڕی.

جێی ئاماژەیە کە شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم و جەماوەری بوێری شارەکە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راگەیەندراوە بەردەوامە .بە پێی زانیاریەکان رێژیمی هێزێکی زۆری لە شارەکانی دەوروبەری رەوانەی شارەکە کردووە وحکومەت نیزامی بە تەواوی زاڵە و ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیش دەستگیر کراون.

وێڕای مەحکووم کردنی کردەوە دژی گەلیەکانی رێژیم لە کوردستان بەرامبەر بە کاسب کارانی کورد، ئەم حەرەکەتە ئازایانەیەی ئەمڕۆ و دوێنێ خەڵکی بەهەڵوێستی شاری بانە و دەوروبەری بەرز دەنرخێنن، داواکارین سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، یەکڕیز و هاوهەڵوێست دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ حەرەکەتی لەم چەشنە و بە هاوخەباتی و یەکگرتووییەکی زیاترەوە بەرەنگاری کردار و سیاسەتی سەرکوتکارانەی رێژیم ببنەوە.

لە کۆتاییدا،پشتیوانی خۆمان بۆ ئەم حەرەکەتە بوێرانە و شۆڕشگێڕانەیەی خەڵکی شاری بانە و دەورووبەری رادەگەیەنێن ،حەرەکەتێک کە بە هێمای گرێدانی خەباتی شار وشاخ ئەژمار دەکرێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی