کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی دێرینی حیزب لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

18:35 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: پیشمەرگەی دێرین و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات، قادر ڕەبانی لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی قادر ڕەبانی کوڕی عەزیز خەڵکی گوندی مەمێندی نەغەدە لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

قادر ڕەبانی لە دەیەی ٤٠ی هەتاوی بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتی شا لەلایەن ساواکەوە دەسبەسەر کرا و ماوەیەک زیندانی کرا؛ پێش لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە زیندان ئازاد دەکرێت و جارێکی دیکە پەیوەندی بە حیزبەوە دەگرێت و پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب دەبێتەوە؛ ساڵی ٦١ی هەتاوی بۆ جارێکی دەگیرێ و بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی ورمێ دەسبەسەر دەکرێت و دواتر لە زیندان هەڵدێت و دەبێتەوە پێشمەرگە؛ ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە گوندی چەقەڵ‌مستەفا جارێکی دیکە دەگیرێت و تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دەکەوێتە بەر سەخت‌ترین ئەشکەنجەکان و ئازار و ئەزیەت دەدرێت.

ساڵی ٦٧ وەبەر لێبوردن دەکەوێت و ئازاد دەکرێت بەڵام بەهۆی ئەشکەنجە و ئازار و ئەزیەتەکانی نێو زیندان کە تا کۆتایی ژیانی پێوەی دەناڵاند ناچار دەبێت زێدی باب و باپیرانی بەجێ بهێڵێت و ڕووی لە گوندی قەرەشڵاق لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد کرد و تا کۆتایی تەمەنی هەر لەم گوندەدا مایەوە.

ڕێکەوتی ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی ئەم ئەندامە دڵسۆزەی حیزب بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچە ئەسپەردەی خاک کرا.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی له بنەماڵه وخزم وکه‌س و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.