کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بانە دژ بە ڕێژیم بەردەوامە

22:58 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: پاش کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری بانە لە لایەن هەنگی سنووری ئەو شارەوە هاووڵاتییانی شاری بانە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین دوکان بازارەکانیان داخست و هێرشیان کردە سەر بینای فەرمانداری و بەشێک لە فەرمانداری و هەروەها ماشێنی فەرمانداریی ئەو شارەیان ئاگر تیبەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بانە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە بە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم درێژەی هەیە.

لە ئەنجامی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی شاری بانە لەگەڵ دژکردەوی هێزەکانی گاردی ویژە و سپای تێرۆریستی پاسدران بەرەوڕوو بووە و نزیکەی ١٠ کەس لە هاووڵاتییانی ئەو شارە بریندار بوون.

ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە دەستێوەردانی گاردی تایبەتی لەگەڵ توندوتیژی بەرەڕوو بووە و هێزەکانی گاردی تایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕیژ هەوڵی بڵاوە پێکردنی ناڕازییەکانیان دا.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری بانە ڕایگەیاند: ماشێنی فەرمانداری شاری بانە لە لایەن خەڵکی ناڕازیەوە ئاگری تێبەردرا وهەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری بانەش چوونەتە ناو بینای فەرمانداریی ئەو شارە و لەو پەیوەندییەدا چەندین هاووڵاتیی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ١٠کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی گاردی تایبەت بریندار کراون.

هەروەها ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە، هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری بانە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر فەرمانداری ئەو شارە لە لایەن خەڵکی ناڕازیەوە چەندین کەسیان دەستبەسەر کردووە.

شوناسی سی کەس لە دەستبەسەر کراوەکانی بە ناوەکانی کوردۆ حوسێن پوور، جەلال ساوان و ئەحمەد شەفیعی ڕاگەیاندراوە.

دەوترێ، هێزە ئەمنیەتییەکان و سپای پاسدران بۆ کونتڕۆڵ کردنی دۆخی شاری بانە لە ئاستی ئەو شارەدا جێگیر کراون و هێلیکۆپتیڕش لە ئاسمانی شاری بانەدا دەسوورێتەوە.

پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی شاری بانە لە بەرانبەر فەرمانداری ئەو شارە، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە حاڵەتی ئامادەباش دان.