کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پشتیوانیی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە خەڵکی شاری بانە

23:48 - 14 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی شاری بانە ڕاگەیاند.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

لە شارەوە وڵامێک بۆ شاخ.

پشتیوانی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو بەبۆنەی هەڵوێستی بوێرانەی شاری بانە.

خەڵکی ئازا و قارەمانی شاری بانە.

کۆڵبەرە زەحمەتکێشە چەوساوەکان.

بنەماڵەی قوربانیانیی رێگای نان.


بەناوی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی مێراو سەر بەناوچەی ژاوەرۆی سنە،هەموو سەرکوتەکانی رێژیمی ئاخوندی لە ماوەی هاتنە سەرکاری تاکوو ئێستا و بەتایبەت سەرکوت و کوشتنی کاسبکاران و دانیشتووانی شار و گوندەکانی سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان رۆژهەڵات و باشوور و باکووری کوردستان لە لایەن هێزە نیزامیەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی سەکوتکەری ئیسلامی ئێران مەحکووم دەکەین و شەرمەزاری و ڕووڕەشی بۆ داگیرکەری کوردستان واتە کۆماری سێدارە و تاریک پەرەست ڕەوانە دەکەین.

لەو پەیوەندییەدا وەکوو ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی بوێرانە و ئازایانەی خەڵکی خۆڕاگری شاری بانە و دەستخۆشییان لێدەکەین بۆ هەڵوێستی دلێرانەیان.

لە هەموو خەڵکی بەشەرەف و مافخوازی کوردستان ، بەتایبەت لە کۆڵبەران و چینی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەموو شار و شارۆچکە و ناوچە و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا دەکەین هاو هەڵوێستی شاری خۆڕاگری بانە بن و پاڵپشتی خۆیان دەرببڕن و مانگرتنێکی سەرانسەری ڕابگەیێنن بۆ ناڕەزایەتی لە بەرانبەر کارە ناشیاوەکانی رێژیمی داگیرکەری جەماران بەتایبەت لەم کردەوە ناشیاوەی واتە کوشتنی کۆڵبەران.

لە خەڵکی تێکۆشەر و قارەمان و مافخوازی گوندی مێراو و گوندەکانی دەروربەری داوا دەکەین هەڵوێستێکی چاونەترسانە بۆ پشتیوانی کردن لە خوشک و براکانیان لە شاری بانە بگرنە بەر و بە حکوومەتی ئاخوندی بسەلمێنن کە چیدی کوردستان جێگای ئەوان نییە و دەبێ کوردستان بەجێ بهێڵن.

جارێکیتر پاڵپشتی خۆمان ئاراستەی شاری خۆڕاگری بانە دەکەین و پێیان ئەڵێین ئێمەش پاڵشتی ئێوەین و هاودەنگتانین.

سڵاو لە ورەیی پۆڵاینی خەڵکی کوردستان.
سڵاو لە خەڵکی بوێری شاری مافخوازی بانە.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای نان ، کۆڵبەرە کۆژراوەکان.

مەرگ و سەرشۆڕی و نەمان بۆ تیرۆریستانی ئاخوندی و داگیرکەر و سەرکوتکەرانی ئێران.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
گوندی مێراو
۱٤ی خەرمانانی ۲۷۱۷ی کوردی
۵ی ئەیلوولی ۲۰۱۷ی زایینی