• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٢ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی  

ئێران، ناوەندی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ١٣:٥٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ئێران، ناوەندی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی
تەیموور مستەفایی

تیرۆر و تیرۆریزم لە دنیای ئەمڕۆدا بووەتە دیاردەیەكی ترسناك كە گیان و ژیانی خەڵكی ئاسایی دەخاتە مەترسییەوە، ئەم دیاردەیە لە لایەن كۆمەڵێك گرووپ و ڕێكخراو و حكوومەتەوە بە مەبەستی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە ڕێگای خولقاندنی ترس و لە ئاكامدا خۆسەپاندن بە سەر خەڵكدا كەڵكی لێ وەردەگیردڕێت.

تیرۆر و تیرۆریزم مێژوویەكی كۆنی هەیە، بەڵام پاش هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی بە سەرنجدان بە بیر و باوەڕی دامەزرێنەرانی و لە سەرەوەی هەموویان خومەینی، بە كەڵك وەرگرتن لە ئابووریی دەوڵەمەندی ئێران و بە مەبەستی پێكهێنانی ئیمپراتووریی شێعی، زیاتر پەرەی سەندووە و ئێستاش ئیتر گۆشەیەك لە دنیا نابینرێت كە ترسی تیرۆریزمی لە سەر نەبێت.

گەلی كورد لە كوردستانی ئێران هەر لە یەكەم ڕۆژەكانی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامییەوە كەوتووەتە بەر هەڕەشە و سەركوتی كۆماری ئیسلامی. خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی (١٩ی ئابی ١٩٧٩ی زایینی) فتوای جیهادی لە دژی گەلی كورد ڕاگەیاند و سەروماڵی ئەم گەلە وشیارەی كردە ئامانج. لە چوارچێوەی ئەم فەرمانەدا خەڵخاڵیی جەللاد كەوتە ئێعدامی بەكۆمەڵی لاوان لە چەند چركەیەكدا و لە درێژەی ئەو فتوای جیهادەدا سەدان گوندی كوردستان بۆ وێنە قارنێ و قەڵاتان، كانی مام سەیدە، گێچێ، هەڵەقووش و... تەنیا بە تاوانی كوردبوون كەوتنە بەر شاڵاوی قڕكردن و لە منداڵی سەر لانكەوە تا پیرەپیاو و مەلای ئاوایی كوژران و سەریان لە لاشە جیا كرایەوە كە مەبەست لەم جینایەتانە ترساندن و تۆقاندنی خەڵكی كوردستان و بە چۆكداهێنانی بوو.

تیرۆری ڕێبەرانی شەهید دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی و سەدان كادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات و حیزبەكانی دیكەی كوردستانیش هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا بوو و مەبەست لێی ترساندنی خەڵك و ملكەچكردنیان بەرانبەر بە ڕێژیمی كۆنەپەرستی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بوو كە بە خۆشییەوە بە هۆی خۆڕاگریی تێكۆشەرانی ئەم گەلە ڕێژیم تا ئێستاشی لەگەڵ بێ بەو ئاواتە نەگەیشتووە و ئێستاش بە دەست كوردستان و تێكۆشەرانییەوە دەناڵێنیت.

ئەم بابەتە لێكدانەوەیەكی كورتە لە سەر تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی لە بوارەكانی فیكری، مێژوویی و سیاسییەوە. هیوادارم بەو سەرەتایە توانیبێتم ڕوونكردنەوەیەكی هەر چەند كورتم لە سەر بابەتەكە پێشكەش كردبێت.

لە كاتێكدا كە كۆماری ئیسلامی بۆ خۆی گەورەترین هێزی تیرۆریستی جیهانی و ڕێكخەر و هاندەر و داڵدەدەری زۆربەی هەرە زۆری گرووپە تۆند ئاژۆكانی ناوچە و جیهان بە سوننی و شێعەوەیە و بە كردەوە بۆتە ناوەندی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و دژبەری ئازادی و ئاشتی لە جیهاندا و دەتوانین بڵێین دایكی تیرۆریزمی نێونەتەوەییە، لە بارودۆخی ئاڵۆزی هەنووكەیی ناوچەكەدا ژستی درۆینەی خەبات دژ بە تیرۆریزم دەگرێ، بەڵام با بزانین ئەو بانگەشەیە تا چەند لە ڕاستی و جەوهەری سیاسەت و ئاكار و كردەوەی ڕێژیمی ئێران نزیكە و چ پێوەندییەك لە نێوان تیرۆریزم و كۆماری ئیسلامیدا هەیە.

تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی لە ڕووی فیكرییەوە

لە جیهانبینیی ویلایەتی فەقیهدا دنیا بە سەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت: بەرەی "حەق" و بەرەی "باتڵ". بەرەی حەق بە دنیای خۆیان و شوێنكەوتووەكانیان دەزانن و دژبەرەكانیشیان وەك بەرەی باتڵ دەناسێنن.

لە چوارچێوەی ئەم ڕوانگەیەدا دوژمنانی ویلایەتی فەقیه دوو دەستەن: دۆژمنانی نێوخۆ و دۆژمنانی دەرەكی. ئەم بیر و باوەڕە جۆغرافیا ناناسێ و ئەو دوژمنانە بە كافر و موشریك دەناسێت.

كافر كەسانێكن كە دینی جیا لە دینی ئیسلامیان هەیە و موشریكیش بەو كەسانە دەگوترێ كە بە وەحدانییەت (یەكبوون)ی خودا باوەڕیان نیە. هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشێكیش بە مونافقین ناوزەد دەكەن. ئەوانیش كەسانێكن كە خوێندنەوەیان لە دین وەك خوێندنەوە و ئیدئۆلۆژیی فەرمیی حكوومەت نییە.

كافرانی ئەهلی كتێب وەك "یەهوودی و مەسیحی و..." پێناسەی ئەوان بۆ گرووپێكی دیكەیە كە ئەگەر باوەڕ بە ئیسلام نەهێنن دەتوانن لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئیسلامیدا بژین بە مەرجێك كە باجی تایبەت (جزیە) بدەن.

دۆژمنانی نێوخۆ واتە كەسانێك كە بە ڕواڵەت بڕوایان بە دینی ئیسلام هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دینە و بەهاكانی ڕەد دەكەنەوە. ئەم ڕوانگەیە دەبێ توندتر لە بێ دین و كافرەكان پێشی پێ بگیردرێت.

ڕێنوێنی و ئامۆژگارییەكان لە سەر ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە كە یان دەبێ هەموو بێنە سەر ڕێگای "حەق" یان ئەگەر نەهاتن لە دژیان جیهاد بكڕێ و لە نێو بچن.

بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جیهادەش پشت بە ئایەتەكانی قورئان دەبەستن، بۆ وێنە لە یەكێك لەو ئایەتانەدا هاتووە ئەو كەسانەی لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەكەی لە شەڕدان و لە زەویدا فەساد دەكەن سزایان ئەوەیە كە بكوژرێن یان لاق و دەستێكیان بە پێچەوانەی یەكتر ببڕدڕێتەوە (ئەگەر لاقی ڕاست ببڕدڕێتەوە، دەبێ دەستی چەپیش ببڕدڕێتەوە).

لە تایبەتمەندییەكانی ئەم بیروباوەڕە دژایەتیی ئازادی و بیروڕای جیاواز و نكۆڵیكردن لە مافی نەتەوەكان و ئایینەكانی دیكەیە، بە جۆریك كە بڕیاری جیهاد لە دژیان دەدرێ.

تاكپەرستی (ڕێبەری) بنەمای بیروباوەڕیانە و فەرمانی ڕێبەر بە فەرمانی خودا دەزانن.

جیهادكردن و خۆبەكوشتدان لە ڕێگای ئەم ڕێبازەدا بە پیرۆز دەزانن و موجاهیدەكان هان دەدەن ئەگەر بكوژن ئەركی شەرعیی خۆیان بە جێ گەیاندووە، ئەگەریش بكوژرێن شەهید دەبن و لە ڕێگای خودادا بە كەمال دەگەن.

فیداكاری لە ڕێگای خودادا بە مانای ڕۆیشتن لە دنیای فانی و گەیشتن بە دنیای هەمیشەیی و بەهەشت پێناسە دەكەن، ئەمە بە واتای ڕەدكردنەوەی ژیان و تەقدیسی مەرگ لە ڕوانگەی ئەوانەوەیە.

لە كۆماری ئیسلامیدا دین كراوەتە كەرەستەی بەدەستەوەگرتن و پەرەپێدانی دەسەڵات و پتەوكردنی بنەماكانی فەرمانڕەوایی و مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا. دژایەتیكردنی دەسەڵات و سیاسەتەكانی بە مانای دژایەتیی خودا و ئیمامان لە قەڵەم دەدرێ و سزای كوشتن و لەنێوچوونی بۆ دیاری كراوە.

لە ڕووی مێژووییەوە

لەبەر ئەوەی نامانهەوێ زۆر دوور بكەوینەوە و ناتوانین لە مەجالی ئەم بابەتەدا بە تێروتەسەلی بپەرژێینە سەر تاوتوێكردنی سەرچاوەكانی تیرۆریزم لە مێژووی ئێران یا شیعەدا و ئاوڕ لە هەنگاوەكانی ڕەوتی توندئاژۆیی و تیرۆری فیداییانی حەسەن سەباح لە قەڵای ئەلەمووت یا شێخ سەنان لە قەڵا شاخاوییەكانی ناوچەی شیعەنشینی جەبەل عاملی باشووری لوبنان بدەینەوە، ڕاستەوخۆ دێینە سەر مێژووی هاوچەرخ كە سەرەتای دروستبوونی ئەم ڕەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی١٣٢٠ تا ١٣٢٤ (١٩٤١-١٩٤٥) كە لەم ساڵانەدا بناغەكانی فیداییانی ئیسلام لە لایەن موجتەبا نەواب سەفەوییەوە دادەڕێژرێت (كە ئەو ناوەش بۆ خۆی لە فیداییانی حەسەن سەباح یا فیداییانی شێخ سەنان وەرگیراوە و نیشان دەدات نەواب سەفەوی خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی ئەوان دەزانێت). لە ساڵی ١٣٢٤ دامەزرانی ئەم ڕێكخراوەیە بە مەبەستی هێنانە سەركاری حكوومەتی ئیسلامی ڕادەگەیەندرێت.

فیداییانی ئیسلام سەرەتای چالاكییەكانیان بە تیرۆر و تۆقاندن دەست پێ دەكەن. ئەحمەد كەسرەوی مێژوونووسی ئێرانی و عەبدولحوسەین هەژیر، ئەرتەشبود حاجیعەلی ڕەزمارا و حەسەنعەلی مەنسوور سێ سەرۆك وەزیرانی ڕێژیمی حەمەڕەزاشا لە لایەن ئەم گرووپەوە تیرۆر دەكرێن. بێجگە لەمانە دەیان تیرۆری سەركەوتوو و ناسەركەوتووی دیكە لە ماوەی چالاكییاندا بۆ تۆقاندنی خەڵكی جیابیر بەڕێوە دەبەن. سەرئەنجام ریژیمی پاشایەتی نەواب سەفەوی ئیعدام دەكات.

بە ئیعدامی نەواب سەفەوی فیداییانی ئیسلام چالاكییان دەكەوێتە بواری نهێنییەوە و تا هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران چەكی دەستیان لە دژی ڕووناكبیران بۆ تیرۆر و تۆقاندن هەر لە كاردا بووە.

بە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ڕێبەرایەتیی خومەینیدا ئەم گرووپە جارێكی دیكە خۆیان دەر دەخەن و خومەینی بە ڕۆڵەی فیداكار و دڵسۆزی میللەتیان نێو دەبات. خامنەییش دەڵێ لەبەر خۆشەویستیی نەواب سەفەوی ڕووی كردووەتە سیاسەت و هەر ڕەنگە لە بەر ئەم خۆشەویستییەی موجتەبا نەواب سەفەوی، ڕێبەری فیداییان ئیسلام بووبێت كە كوڕە گەورەكەی خۆی بە ناوی موجتەبا ناودێر كردووە.

هاشمیی ڕەفسەنجانی یەكێكی دیكە لە كۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی چەند مانگێك پێش مردنی بوو كە ئاشكرای كرد دەمانچەی تیرۆری حەسەنعەلی مەنسوور سەرۆك وەزیرانی ڕێژیمی شا ئەو دابینی كردووە و خستوویەتە دەست فیداییانی ئیسلام.

هەنووكە جەمعییەتی فیداییانی ئیسلام دەڵێن لە ژێر ڕێبەریی وەلی ئەمر خامنەییدا دەگەڕێینەوە بۆ كاری سیاسی و ئەم جارە قەڵەمەكانمان بە كار دێنین بۆ پشتگیری لە حكوومەت و هەروەها هەڕەشە لە بەحرەین و ئالی سعوود دەكەن و دەڵێن ئەگەر پێویست بكات بە زۆری چەك ئیسلام لە شوێنەكانی دیكەش دادەمەزڕێنین.

بە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی بەشێك لە ڕێبەرانی فیداییانی ئیسلام كەوتنە خزمەت حكوومەتی تازە دامەزراو و دەستیان لە هیچ جینایەتێك بۆ جێگیركردنی ئەم بیر و باوەڕە نەپاراست. مەهدەوی كەنی كە یەكێك لە ئەندامانی ڕێبەریی فیداییانی ئیسلام بوو، كرایە بەرپرسی كومیتەكانی شۆڕش. خەڵخاڵی یەكێكی دیكە لە ئەندامانی فیداییانی ئیسلام كە بوو بە قازی شەرع و لە ئیعدامەكانی پاش شۆڕش لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەتی لە كوردستاندا زۆر بە ناوبانگە كە دەستی لە هیچ جینایەتێك نەپاراست. مەبەست لەم جینایەتانە ترساندنی خەڵك بوو و لەو ئێعدامانەدا بە سەدان كەسی بێ تاوان لە سێدارە دران یا گوللەباران كران.

دەستووری جیهاد و قەڵاچۆكردنی گوندەكان بەشێكی دیكە لەو تاوانانەن كە بۆ جێگیركردنی ئەم بیر و باوەڕە لە كوردستاندا بەڕێوە چووە.

پێكهێنانی ئیمپراتوریی ئیسلامی لە ڕێگەی تیرۆر و تۆقاندنەوە
لە چوارچێوەی بیروباوەڕی خومەینیدا بۆ بە جیهانیكردنی خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیكی خۆیان لە ئیسلام (خۆیان گوتەنی دینی حەق) سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕش بوو بە بەرنامەی كاری ڕێژیمی تازەدامەزراو و لە وڵاتانی ناوچەدا دەست بە پڕوپاگەندە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ئامانجە كرا كە یەكەم لێكەوتەی هەڵایسانی شەڕی ئێران و عێراق بوو. ئەم شەڕە بۆ ماوەی ٨ ساڵ دڕێژە ی كێشا و تێچووی بۆ ئێران بێجگە لە سەرشۆڕكردنی خومەینی و خواردنی جامی ژەهر، كوژرانی چوارسەد هەزار لاوی وڵات بوو لەگەڵ ٦٢٧ میلیارد دۆلار زیانی ماڵی لە داهاتی گەلانی ئێران كە پیویست بوو لە خزمەتی ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵكدا خەرج بكرێت.

ڕێژیمی تازەدامەزراو كە نەیتوانیبوو لە ڕێگای شەڕەوە شۆڕشەكەی (بیر و باوەڕەكەی) هەناردەی دەرەوە بكات دەستی دایە پێكهێنانی دەستە و تاقمی تیرۆریستی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم ئامانجە راگەیەندراوە.

یەكەم گرووپی تیرۆریستی كە ڕێژیم لە ساڵی ١٣٥٩ (١٩٨٠) لە لوبنان پێكی هێنا، حیزبوڵڵای لوبنان بوو كە بە هۆی سپای پاسدارانەوە پێك هات و ڕاهێنانی سەربازیی پێ كراو لە باری سیاسی و سەربازی و ماڵییەوە ساپۆرت كرا.

ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی حیزبوڵڵا ٣ ئەركی سەرەكیی بۆ دیاری كرد كە بریتی بوون لە:

١-لەنێوبردنی شوێنەواری ڕۆژئاوا لە لۆبنان
٢-دامەزراندنی حكوومەتی ئیسلامی
٣-شەڕ لە دژی دەوڵەتی ئیسراییل بە مەبەستی لەنێوبردنی

بۆ ئەوەی ئەم هێزە بتوانێ ئەم ٣ ئەركە جێبەجێ بكات، ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی ئیسلامییە تۆندڕەوەكانی شیعە لە وڵاتانی دیكە و ناردنیان بۆ ڕیزی حیزبوڵڵای لوبنان زیاتر لە هەزار دۆلار مانگانە بە هەر شەڕكەرێك دەدات.

بێجگە لەو ٣ ئەركەی كە لە سەرەتاوە بۆ حیزبۆڵڵا دیاری كرابوو، ئەو ڕێكخراوە بۆ چەند كارێكی دیكە وەك تیرۆری دژبەرانی ئێران لە سەرانسەری دنیادا و نائەمنكردن و شێواندنی لوبنان ڕاسپێردرا.

لە چوارچێوەی ئەم ئەرك و كارانەدا حیزبوڵڵا بە فەرمانی كۆماری ئیسلامی ئەم تیرۆرانەی بەڕێوە بردوون كە لە لایەن دادگا سەلاحییەتدارەكانەوە ئاشكرا كراون و بریتین لە:

١-تیرۆری میكۆنۆس: لە ١٧ی سپتامبری ١٩٩٢ لە ڕێستۆرانی میكۆنۆس لە شاری بێرلینی ئاڵمان دەستەیەك تیرۆریست هێرشیان كردە سەر ڕێبەرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كە پێك هاتبوون لە دوكتور سادق شەرەفكەندی (سكرتێری گشتیی حیزب) فەتاح عەبدولی (نوێنەری حیزب لە ئورووپا) هومایوون ئەردەڵان (نوێنەری حیزب لە ئاڵمان) و نووری دێهكوردی دۆستی حیزب كە لە كۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست گەڕابوونەوە و لە ڕێستورانی میكۆنۆس لەگەڵ چەند كەسێكی ئێرانی كۆ ببوونەوە، كەوتنە بەر دەستڕێژی تیرۆریستەكان كە پێك هاتبوون لە كازم دارابی، عەباس ڕاحێل، یووسف ئەمین، محەممەد ئەتریس كە هەر چواریان ئەندامی حیزبوڵڵای لۆبنان بوون. ئەم تیرۆریستانە لە ساڵی١٩٨٥- ١٩٨٦ لە شاری ڕەشتی باكووری ئێران لە یەكێك لە ناوەندە فێركارییەكانی سپای پاسداران دەورەی چەك و كاروباری تەقینەوە و تیرۆریان فێر كردبوون. ئەم تیرۆریستانە پاش دادگاییكردنێكی ٥ ساڵە لە ڕۆژی١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧ لە لایەن دادگای ئاڵمانەوە مەحكووم بە زیندانی هەتاهەتایی و زیندانی درێژماوە كران. لە بڕیاری كۆتایی دادگادا هاتبوو كە ئەم تیرۆریستانە بە فەرمانی كۆمیتەیەكی تایبەت ئەم تیرۆرەیان بەڕێوە بردووە كە ئەندامانی ئەو كومیتەیە بریتی بوون لە:

عەلی خامنەیی (ڕێبەری ڕێژیم)، هاشمی ڕەفسەنجانی (سەرۆك كۆمار)، عەلی ئەكبەر ویلایەتی (وەزیری دەرەوە)، عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعات)، موحسین ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران)

٢: تیرۆری ڕەفیق حەریری بە مەبەستی تێكدانی سەقامگیریی لوبنان: ئەم تیرۆرە ساڵی ٢٠٠٥ لە بەیرووت بە هۆی تەقاندنەوەی بۆمبیكەوە ڕووی دا.

پاش ٣ ساڵ لێكۆڵینەوە لەم تیرۆرە لە لایەن دادگایەكی نێونەتەوەییەوە كە لە لایەن دادگای لاهەوە سەرپەرستی دەكرا، ٤ كەس بە تاوانبار لەم تیرۆرەدا ناسێنران كە هەر چوار كەسیان ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنان بوون و بریتی بوون لە:

١ـ حوسێن عیسا ٢ـ مستەفا بەدرەدین ٣ـ ناسر سەبرا ٤ـ وەسیم عەباس
ئێران حۆكمی ئەم دادگا نێونەتەوەییە بە حوكمی ئەمریكا و ئیسراییل لە قەڵەم دەدا و هاوڕێ لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا كەوتنە هەڕەشەكردن و بەم هۆیەوە پارلەمانی لوبنان بۆ ١٠ مانگ داخرا. چەندین ئەندام پارلمان و وەزیری دیكە هەر لە لایەن ئەم گرووپەوە لە لوبنان تیرۆر كران. بەم چەشنە ئەركی تێكدان كە ئامانجی ئێران بوو جێبەجێیان كرد، بەڵام تا ئێستاش ئێران بەو ئامانجە كە پێكهێنانی حكوومەتی ئیسلامی لە لۆبنانە، نەگەیشتووە.

بێجگە لەم تیرۆرانە ئێران دەیان تیرۆری دیكەی وەك تەقینەوەی ناوەندێكی جوولەكەكانی ئارژانتین (ئامیا)ی بەڕێوە بردووە كە ١٨ی ژووئیەی ١٩٩٤ (٢٧ی ڕەشەمەی ١٣٧٣) ڕووی دا و لەوێدا ٨٥ كەس كوژران و٣٠٠ كەس بریندار بوون. ئەم تەقینەوەیە لە لایەن عیماد موغنیە بەرپرسی ئەو كاتی ستادی تایبەتی حیزبوڵڵا لە ژێر فەرمانی كۆماری ئیسلامی لە دەورانی سەرۆك كۆماریی هاشمی ڕەفسەنجانیدا بەڕێوە چوو و دوای ١٣ ساڵ لێكۆڵینەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ دادستانی گشتیی ئارژانتین بڕیاری دەستبەسەركردنی ٩ كەس لە بەرپرسانی ئێرانی دەركرد كە پێوەندیدار بوون بەو تەقینەوەیە و بریتی بوون لە:

هاشمی ڕەفسەنجانی (سەرۆك كۆمار)، عەلی ئەكبەر ویلایەتی (وەزیری دەرەوە)، عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعات)، موحسین ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی ئەوكاتی سپای قودس)، ئەحمەد ڕەزا ئەسغەری (دەبیری سێهەمی باڵوێزخانەی ئێران لە لوبنان)، موحسین ڕەبانی (ڕاوێژكاری فەرهەنگیی باڵوێزخانەی ئێران لە ئارژانتین) و عیماد موغنیە. پاشان دادوەری ئەم دۆسیەیە تیرۆر كرا كە بێگومان ئەو تیرۆرە بێجگە لە ئێران كاری هیچ كەس و وڵاتێكی دیكە نیە.

تەقاندنەوەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا و فەرانسە لە لوبنان لە ساڵی ١٩٨٣ كە بەو هۆیەوە ٢٧٢ كەس كوژران و ١٠٥ كەس بریندار بوون. ئەم عەمەلیاتە لە ژێر فەرماندەیی "حەسەن دیهقان" وەزیر لە كابینەی رۆحانی بەڕێوە چوو و دەیان و سەدان تیرۆر و تەقاندنەوەی دیكە لە قەتڵە زنجیرەییەكانەوە بگرە تا تیرۆری سەدان كەس لە دەرەوەی وڵات و چەندین و چەند تەقاندنەوە لە گۆشە و كەناری دنیادا لە كارە تیرۆریستییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانن.

بە كارهێنانی گرووپە توندئاژۆ سوننەكان لە بەرژەوەندیی خۆی
چەند ساڵ پاش دروستبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی، پێوەندیی ئێران بەم ڕێكخراوە و پاشان لق و پۆپەكانی بۆ بە كارهێنانیان لە دژی هەڕێمی كوردستان شەڕی ئەم هێزانەی لە دژی هێزە نیشتمانییەكان لێ كەوتەوە و نائارامییەكی لە هەڕێمی كوردستان تا ساڵی٢٠٠٣ی زایینی ساز كرد و ناوچەی هەڵەبجە و بیارە بە پشتگیریی ئێران بوون بە ناوچەی دەسەڵاتی بزووتنەوەی ئیسلامی. ئەم ڕێكخراوە لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا زۆر یاسای دواكەوتووانەی بە سەر خەڵكی ناوچەی هەڵەبجە و بیارە و خورماڵدا كە ناوەندی ئەمارەتەكەیان بوو سەپاند. بزووتنەوە بۆ خۆشخزمەتیكردن بە ئێران لە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٧٥ی هەتاوی ٧ پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتیان لە هەڵەبجە دەستبەسەر كرد و ڕۆژی دواتر ڕادەستی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری پاوەیان كردن.

ساڵی ٢٠٠٣ بنكەكانی ئەنسارولئیسلام لە ناوچەی هەورامانی كوردستانی باشوور كەوتنە بەر پەلاماری مووشەكیی ئەمریكا و هێرشی هێزەكانی یەكیەتیی نیشتمانی و بە ناچار ناوچەكەیان چۆڵ كرد و ڕوویان لە ئێران كرد و ئێرانیش لە یەكێك لە شارە سنوورییەكان لە هۆتێلێكدا نیشتەجێی كردن.

داڵدەدانی بنەماڵەی بن لادەن (ژنەكەی و كوڕەكەی) لە ئێران و پێوەندی و هەماهەنگیی چڕوپڕ لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە بۆ دژایەتیكردنی ڕۆژئاوا و ناردنی كەسانی تۆندڕەو بۆ نێو داعش و یارمەتیدان بەو كەسانەیان كە ژن و منداڵیان لە ئێراندا مابوونەوە، بوو بە هۆی نفووزی ئێران لە نێو ڕێكخراوی داعشدا. هەر بۆیە لە خۆڕا نەبوو كە لە تەواوی شەڕەكانی سووریە و عێراقدا مەگەر بە هەڵكەوت بووبێ، ئەگەرنا شەڕێك لە نێوان هێزەكانی ئێران و داعشدا نەهاتۆتە ئاراوە. هۆی دیكە كە نفووز و دەسەڵاتی ئێران لە نێو ڕێكخراوی داعشدا دەسەلمێنێت ئەوەیە كە داعش بۆ یەك جاریش هێرش یا تەقینەوەی لە شارە شێعەنشینەكانی عێراق ئەنجام نەداوە بگرە هەموو شەڕ و كێشەكەی لە ناوچە سوننەنشینەكان بووە كە بۆتە هۆی وێرانبوونی گەورەشارە سوننەنشینەكانی عێراق و خەڵكەكەی ئاوارە و پەڕیوەی ناوچە جۆراوجۆرەكان بوون كە ئەمەشیان بە تەواوی لە بەرژەوەندیی شێعەی عێراقدایە كە ئەوانیش لە ژێر كاریگەری و هێژمۆنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدان و لە راستیدا سێبەری كۆماری ئیسلامی لە عێراقدان.

پەردەی كۆتایی

لە هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامییەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، ڕێژیمی ئێران لە دروستكردنی گرووپ و تاقمی تیرۆریستی لەو وڵاتانەدا كە بەشێك لە پیكهاتەكانیان شێعە مەزهەبن ساتێكیش ڕانەوەستاوە و بە دروستكردنی ڕێكخراوگەلی وەك حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەكانی یەمەن، حەشدی شەعبی و... هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە داوە و توانیویەتی هەیمەنەیەكی درۆینە لە خۆی ساز بكات و وا بنوێنێ كە ئەم ڕێژیمە و ڕێبەرە جینایەتكارەكەیان خاوەن نفووزێكی زۆرن لە ناوچەدا و لە شكاننەهاتوون.

ئەگەر تا ئێستا وا دەردەكەوێ كە ئێران دەسەڵاتێكی بە هێزە لە ناوچەكەدا، بەشێكی بەرچاوی دەگەڕێتەوە بۆ چاوپۆشیكردنی ڕۆژئاوا لە دەستێوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكەدا كەوا زۆرتر لەوەی كە نیشانەی بەهێزبوونی ئێران بێت، لە داوێك دەچێ كە ڕۆژئاوا ویستوویەتی ئێران وەك مەترسییەك بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشان بدات تاكوو بەم چەشنە بتوانێ چەك و چۆڵێكی زۆر بە وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەكەدا بفرۆشێت و ئەو ترسە لە لایان دروست بكات كە لە داهاتوودا ئێران مەترسییە بۆ دەسەڵات و وڵاتەكانیان تا داوای یارمەتی لە ئەمریكا بكەن و بەم چەشنە ئەمریكا نەك لە ڕێگای بەكارهێنانی زۆرەوە، بەڵكوو لە سەر ویستی حكوومەتەكان و خەڵكی ناوچەكە هێزەكانی خۆی لەم ناوچە ئیستراتژیكەدا جێگیر بكات و بەرژەوەندییەكانی خۆی بپاڕێزێت.

كاری ڕۆژئاوا لەم قۆناغەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە قۆناغی یەكەمدا پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی عەرەبی بە سەركردایەتیی سعوودییە كە ئەم كارەی بە جێ گەیاندووە. قۆناغی دووهەمی ڕۆژئاوا كشاندنەوەی هێزەكانی ڕێژیم لە وڵاتانی سووریە و عیراق و گەڕانەوە بۆ خاڵی سیفرە كە دیارە ئەگەر ئێران ئەمە قبووڵ بكات هەموو ئەو تێچووە مادی و مرۆییەی بە فیڕۆ دەچێ و ئەگەر دەستیش لە ئەم سیاسەتە هەڵنەگرێ و كشانەوە قبووڵ نەكا ئەگەری زۆرە ئێران تووشی شەڕێك بكڕێت كە بێگومان لەو شەڕەدا بێجگە لە دۆڕان هیچی بەر ناكەوێ و گرووپە توندڕەوەكانیش بە هاوارییەوە ناگەن.

خاڵی كۆتایی گوشار بۆ سەر ئێران، بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانە كە دیارە پێشتر لە ئێستا لقی قودسی سوپای پاسداران بە تیرۆریست ناسراوە و ئێستا ئەمریكا لە بەرنامەیدایە تەواوی سپای پاسداران وەك هێزێكی تیرۆریستی بناسێنێ و لە ماوەی ڕابردوودا بە تێكڕای دەنگی مەجلیسەكانی سنا و نوێنەران گەمارۆیان خستۆتە سەر چەند ناوەندێكی ئابووری و كەسایەتیی سەر بە سپای پاسداران. لەوەش زیاتر نزیك بە٢٥٠ پارلمانتاری ئورووپاش داوایان كردووە كە سپای پاسداران وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێندرێت.

ڕاستییەكەی ئەوەیە كە پێویست بوو ساڵیانی ساڵە سپای پاسداران بكەوێتە لیستی تیرۆر، لە بەر ئەوەی لە پشتی تەواوی تیرۆرەكاندا دەستی ڕێژیم و هێزە چەكدارەكەی سپای پاسداران بە تەواوی دیار و حاشاهەڵنەگرە.

گومان لەوەدا نیە كە ئێرانێكی بەم سیاسەت و ئاكارەوە بۆ دنیا قبووڵ ناكرێ، كەوا بوو دەبێ ببینین ژماردنی پێچەوانە بۆ كۆتایی كۆماری ئیسلامی دەستی پێ كردووە كە بێ گومان بە نەمانی كۆماری ئیسلامی تیرۆریزم بە شێوەیەكی بەرچاو كز و لاواز دەبێ لە بەر ئەوە گەورەترین ناوەندی تیرۆری نێودەوڵەتی لە نێو دەچێ و پاڵپشت و مەئمەنێكی ئەمن بۆ تیرۆریستەكان نامێنێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧٠٨ لەم ژمارەیەدا:

ــ توتالیتاریزم و کۆمەڵگا
ــ شار جمەی دێ
ــ خاکی سووتاووەک تاکتیک یان ستراتێژی؟
ــ کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
  • کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ
    چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ناوەندە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە بەڕێوەبردنی مانۆڕ و میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ویستوویانە سیمایەکی نائەمن لە ناوچە کوردنشینەکان نیشان بدەن و بەو هۆیەشەوە هەتا ئێستا بە شێوەی پلان بۆداڕێژراو پیشیان بە گەشە سەندنی ئابووری ناوچە کوردنشینەکان گرتووە.
  • ڕەساڵەتی تەنز له شێعری \ ڕەساڵەتی تەنز له شێعری "مەلا مارف کۆکەیی"دا
    ته‌نز یه‌کێک له شێوازە کاریگه‌رەکانی ئاخاوتنی ئه‌دەبی و هونه‌رییه. ئه‌م شێوازه ئاخاوتنه یه‌کێک له لقەکانی ئه‌دەبیاتی ڕەخنه‌گرانه و کۆمەڵایه‌تییانه‌ به ئه‌ژمار دێت.
  • خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟ خاکی سووتاو وەک تاکتیک یان ستراتێژی؟
    تێکدانی سرووشتی کوردستان بەمەبەستی تێکدانی ژیانی خەڵک و دەربەدەرکردنیان دەکرێ؛ بۆیە دەبێ ئەو سیاسەتە چەپەڵ و گەماڕەی داگیرکەران هەرچی زیاتر لەقاو بدرێ و پێش بەو وێرانکارییە بگیردرێ. ئەو سیاسەت و پیلانانەی دوژمن لە پێش هەموو شتێکدا دژی زاگۆن و کونوانسیۆنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەتی کونوانسیۆنی مافی مرۆڤە.
  • کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
    لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا کرماشان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی "سەفارییەکان"دا بووە، بەڵام گرووپێک لە شیعە کوردەکانی کرماشان بەناوی "حەسەنویە" (حکوومەتی ئالی حەسەنویە)یان دامەزراندووە کە نزیکەی نیو سەدە لەوێ دەسەڵاتیان هەبووە.
  • سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕەخساندنی دۆخی ئانۆمی لە كوردستان سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕەخساندنی دۆخی ئانۆمی لە كوردستان
    ئەگەر ڕێگای ئەوەشمان پێ بدرێت كە بتوانین وەك گریمانەیەك سیاسەت لە دەرەوەی پانتایی كۆمەڵایەتی دابنین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندی نێوان ئەم دووانە لە ئاستی ئانۆمیدا شی بكەینەوە، پێویستە بڵێین دوای هەر گۆڕانێكی بناغەیی لە كۆمەڵگا نۆڕم و بەها كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی بنچینەیی دەگۆڕێن و نۆڕم و بەهای كۆمەڵایەتی نوێ جێگایان دەگرنەوە.
  • سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا سەرنجێک لە بایەخ و دیاردە مودێڕنەکان لە ئێراندا
    ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە کۆمەڵگەی مەدەنیش وەک زۆرینەی بەها ئەوڕۆییەکان چەمکێکە کە لەسەر دیاردەیەکی بەرهەست و عەینی لە نێودڵی کۆمەڵگەی رۆژئاوایی هاتووەتە دەر.
  • توتالیتاریزم وكۆمەڵگا توتالیتاریزم وكۆمەڵگا
    هەربۆیە ئیدی ڕێبەر دەبێتە ئەفسانە و بەقەولی "ئینیا تسیۆسیلۆنێ" كە لە كتێبی مەكتەبی دیكتاتۆرەكان‌دا دەڵێ: «ڕێبەر دەبێتە ئەفسانەی تاكی خۆبە زلزان .» جارێك دەبێتە "سێبەری خودا" و جارێك دەبێتە "نوێنەرو جێبەجێكاری فەرمانی خودا".
  • ئامانجە شاراوەکانی پشت رێککەوتنەکەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان، رێژیمی ئەسەد و داعش ئامانجە شاراوەکانی پشت رێککەوتنەکەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان، رێژیمی ئەسەد و داعش
    ٥- پاش ئەوەی کۆریدۆری تاران - بەیروت لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە تێک درا بۆ ئەوەی رێگایەکی وشکانی بەرەو هاوپەیمانەکانی و بەرەو دەریای سپی ناوەراست بۆ خۆی بکاتەوە_ هەرچەند ئەو کۆریدۆرە پێشتر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تێکدرا لەوەی کە ئیزنی بە ئێران نەدا لە رێگای کوردستانەوە رێرەوێک بەرەو سوریا بکاتەوە_ ئێستا دەیهەوێ بە بەهانەی هێزەکانی داعش لە رێگای حەشدی شەعبییەوە ئەو رێگایە بەرەو لوبنان بکاتەوە کە گومانم هەیە لەمەشیاندا بەئاسانی بتوانێ ئەو پلانەی جێبەجێ بکات چونکە لەمێژە ئەمریکا بەو خەونەی ئێرانی زانیوە.
  • گەورەترین لەمپەری سەر ڕێگای ئێران بۆ سازکردنی هیلالی شیعی و پەرەدان بە تووندرەویەکان بوونی هێزی سەربازی ئامریکایە گەورەترین لەمپەری سەر ڕێگای ئێران بۆ سازکردنی هیلالی شیعی و پەرەدان بە تووندرەویەکان بوونی هێزی سەربازی ئامریکایە
    ئەگەرچی هیلالی شیعی بۆتە هۆی کۆنترۆڵی وڵاتانی عەرەبی و کێبڕکێ چەک‌وچۆڵییەکان بە قازانجی کۆمپانیا ئامریکاییەکان شکاوەتەوە و ئەوەش رەوایی بە مانەوەی درێژماوەی ئامریکا دەبەخشێت بەڵام بە دوو هۆکار ئامریکا ئەوە بە قازانجی درێژماوەی خۆی نابینێت.
  • دەوڵەتی موازی؛ كاریگەرترین پیلانی ڕێژیم بۆ مانەوه له دەسەڵات به هەر نرخێک بێ دەوڵەتی موازی؛ كاریگەرترین پیلانی ڕێژیم بۆ مانەوه له دەسەڵات به هەر نرخێک بێ
    بەڵام له دوای شەڕ هەست به كەڵك و بەكارهاتوویی ئەو هێزه كرا، چۆن ئەو هێزە له قوڵایی خەڵكەوه و له ناوچه جیاجیاكانی وڵات وەكوو بەلووچستان، باکوور و باشوور و كوردستان پێکهاتبوو و هەروەها ئەو لاوازیەی کە ئەرتەش هەیبوو ئەو هێزە نەیبوو و سەرەڕای ئەوەش سپای پاسداران هێزێکی ئیدئۆلۆژیک بوو.
  • شار جمەی دێ شار جمەی دێ
    ئەمە یەکەم سووکایەتی و ستەم نەبوو و دوایینیشیان نییە، بەڵام ستەمکاریەکە ئەوەندە روون و ئاشکرا بوو کە خوێنی خەڵکی وەجۆش هێنا و لە کردەوەیەکی مەدەنی و ئاشتیخوازانەدا شاریان داخست و چوونە بەردەم فەرمانداری تاکوو داوای دادپەروەری بکەن.
  • حەسەن شەرەفی: ئەوانەی ڕێژیمی ئێران پێی دەڵێت شەیتانی گەورە و دوژمن، بە کردەوە دەبنە جیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران حەسەن شەرەفی: ئەوانەی ڕێژیمی ئێران پێی دەڵێت شەیتانی گەورە و دوژمن، بە کردەوە دەبنە جیرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران
    سەردانی سوپاسالاری ئێران بۆ تورکیە، ئامانج و بەرنامەیان لەو کاتە هەستیارەدا مژاری دیمانەی ئەمجارەی کوردستانە لەگەڵ بەڕێز حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین.
  • سەربەخۆیی باشوور وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەتسازی و دێموکراسیی سەرکەوتوو سەربەخۆیی باشوور وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەتسازی و دێموکراسیی سەرکەوتوو
    هەوڵێکی وا دەتوانێ دوو سوودی هەبێ: لەلایەک، بە دەسنیشان‌کردنی لێکچوون و جیاوازییەکانی باشووری کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکە، دەتوانین باشتر ڕاڤەی ئەو مەسەلەیە بکەین، لەلایەکی دیکەوە، دەشێ بەرچاوڕوونی لەمەڕ قۆناغەکانی پاش سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەدەست بێنین.
  • هەڵسەنگاندنێک لەسەر \ هەڵسەنگاندنێک لەسەر "ڕاسان" و "دەروونی کوردستانی ڕۆژهەڵات"
    بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوە کە هەتا ئێستا ڕاسان هەتا چ ڕادەیێک تێکەڵ بە دەروون یان ڕەوانی خەڵکی شەقامی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆدا بووە ناچارم مێژویێکی کورتی ڕابردوو بهێنمەوە بەرباس کە لانیکەم لەم شارە کە من تێیدا دەژیم لە دەرونی مرۆڤەکان وخەڵکی تا ڕادەیێک جێگای خۆی کردبوویەوە.