• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ٢١:٣٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کرماشان، لانکەی کولتوور و ژیاری مرۆیی لە کوردستان
شەریف فەلاح

بەشی یەکەم

کرماشان لەڕووی وشەوە:


بە گوتەی هەندێک کەس وشەی کرماشان لە وشەی (کرمانجان)ەوە وەرگیراوە، کرمانجان یان کورمانجان، یان کوری مانجەکان، ناوی ھۆزێک کە پێش ھاتنی مادەکان بۆ ئەم بەشە، لەوێ ژیاون. گوایە مانج ناوی ھۆزێک بووە کە لەم ناوچەیەدا ژیاون.

کرماشان گەورەترین پارێزگا و هاوکات گەورەترین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی پارێزگای کرماشانە. بەپێی سه‌رژمێری دانیشتوانی لە ساڵی ٢٠١٣دا ١٩٩٣٧٠٧ کەس بووە، بەڵام هەندێ سەرچاوە دیکەش پێیان وایە کە ژمارەی شارەکە زیاتر لە یەک ملیون که‌س دەىیت و دانیشتوانی سەرجەم پارێزگاکە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە. به‌و بۆنه‌وه به نۆیه‌مین شاری گه‌وره‌ی ئێران، ھەروەھا گەورەترین شاری ڕۆژھەڵاتی کوردستان ده‌ژمێردرێت. پانتاییەکەی ٢٥ هەزار کیلومتری چوار گۆشەیە و گەورەترین شاری کوردنشین لە ئێران و گرنگترین شار لە ناوچەی ناوەندی ڕۆژاوای ئێرانە.

کرماشان لەڕووی جوغرافیاییەوە زیاتر لە ١.٥% پانتایی سەرانسەری ئیرانی پێکهێناوە، پانتاییەککەی ٢٤٦٤٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە و لەباری پانتاییەوە بە هەڤدەیەمین پارێزگای ئێران دێتە ئەژمار. لە باکوورەوە دراوسێی پارێزگای سنە، لە باشوورەوە بە ئیلام و لوڕستان، لە ڕۆژهەڵاتەوە دراوسێی پارێزگای تورک نشینی هەمەدان و لە ڕۆژئاواشەوە بە وڵاتی عێراق و بەتایبەت بە باشوووری کوردستان و شاری خانەقینەوە نزیک و دراوسێیە و سەرجەم لەگەڵ عێراق ٣٣٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی هەیە. بەپێی دوایین ئاڵۆگۆڕی جوگرافیایی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی (٢٠١١ی زایینی) پاریزگای کرماشان لە ١٤ شارستان، ٣١ شار، ٣١ بەخش (ناحیە) و ٨٤ شارەدێ و لە ٢٧٩٣ گوند پێکهاتووە.

مێژووی کرماشان

بەپێی بەڵگە و نووسراوە مێژووییەکان، کرماشان یەکێک لە دێرینترین ناوەندەکانی ژیار و شارستانیەتی مرۆییە. بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئێران کە بە شێوەی بڕگەیی و قۆناغی جیاجیا، مرۆڤیان تێدا نیشتەجێ بووە، ئەم پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبێ بڕگەی مێژوویی لە قۆناغە جیاجیاکانی کۆنی مێژوودا مرۆڤ تێیدا نیشتەجێ بووە. ئەم ناوچەیە لەسەر شاڕێگەی پاشایەتی، ڕێگەی هەورێشم بووە و بەم بۆنەوە یەکێک لە ناوچە جوگرافییە گرنگ و خاوەن پێگەکان بووە. کرماشان یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی مادەکان بووە و هەتا سەردەمی دەسەڵاتی هەخامنشییەکانیش بە ناوی ماد ناسراو بووە، لە سەردەمی ساسانییەکاندا بە "مانگ" ناودێر کراوە و هەمان وشەی گۆڕدراوی ماد بووە.

بەهۆ ئەوەی کرماشان یەکێک لە ناوەندە سیاسییەکانی دەسەڵاتی ساسانییەکان بووە، بۆیە ئاسەوارێکی زۆری مێژوویی و بە بایەخی تیدایە کە دەکرێ ئاماژە بە "تاقوەسان، بەردەنووسی بێستوون، ئاورگە و پەرستگەی ئاناهیتا" بکەین. لە ماوەی چەندان سەدەی جیاجیاشدا بەهۆی پێگەی تایبەتیی، کرماشان گرنگییەکی زۆری هەبووە. ئەمڕۆکەش بە یەکێک لە گرنگترین شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوای ئێران لە بواری فەرهەنگی و پێگەی ئابووریدا دێتە ئەژمار. بە گوتەی "هێرتسفێڵد، کەونارا و ئێرانیناسی ناسراوی ئەڵمانی، کرماشان لە سەدەی ١٩ی زایینیدا بە دەروازەی ئاسیا ناوبانگی دەرکردووە و ئێستاش لەڕووی کشتوکاڵ، پیشەسازی و نەوت و گازەوە بە یەکێک لە جەمسەرەکان دێتە ئەژمار.

لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا کرماشان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی "سەفارییەکان"دا بووە، بەڵام گرووپێک لە شیعە کوردەکانی کرماشان بەناوی "حەسەنویە" (حکوومەتی ئالی حەسەنویە)یان دامەزراندووە کە نزیکەی نیو سەدە لەوێ دەسەڵاتیان هەبووە.

لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا کرماشان لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەوە داگیر کراوە، بەڵام هاوکات لەگەڵ ڕووخانی بەغدا هێزەکانی عوسمانی ئەم ناوچەیەیان بەجێ هێشتووە و دەسەڵاتی کرماشان دەکەوێتە دەست "هێزەکانی هاوپەیمان" و لەم نێوەدا هۆز و عەشیرە ناسراوەکانی کوردی کرماشان لەگەڵ هیزەکانی عوسمانی لە کرماشان دەکەونە شەڕ و ململانێیەوە.

لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاویییەوە هەتا ساڵی ١٣٢٠ و هاوکات لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکوومەتی ڕەزا شای پالەوی، حکوومەتی ئێران هەتا ڕادەیەک توانی نفووز و پێگەی خۆی لە سەرتاسەری ئیران قایم بکات. لەو کاتەدا سوپای ناوچەی ڕۆژئاوای ئیران کە بریتی بوو لە لەشکری ١٢ی کرماشان و لەشکری ٥، تەنیا هێزێک بوو توانی بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمیر لە بەرانبەر هێزە سەربازییەکانی بریتانیا خۆڕاگری و شەڕ بکات.

لەو کاتەدا ناوچەکانی سنە، ئیلام و هەمەدان بەشێک بوون لە (پارێزگای پێنجەم) لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی بەملاوە، پارێزگای کرماشان دابەش کرا بەسەر پارێزگاکانی "کوردستان و کرمانشاهان" و سنە وەک ناوەندی سیاسی و ئیداریی کوردستان دەستنیشان کرا.

ساڵی ١٣٤٣ قایمقامیەتی گشتیی ئیلامیش دامەزرا و ساڵی ١٣٥٣ بەناوی پارێزگای ئیلام لە کرماشان جیا کرایەوە. ساڵی ١٣٤٦یش قایمقامیەتی گشتیی لوڕستان دامەزرا و شارە "لەک نشینەکان"ی پارێزگای کرمانشاهان لە باشووری ڕووباری (سەیمەڕە) بە ناوەندێتیی "خوڕەم‌ئاوا" بوونە پارێزگایەکی سەربەخۆ بەناوی لوڕستان.

کرماشان لەبواری فەرهەنگی، ئایینی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە بە ناوچەیەکی ڕەنگین فرە ئایین و کولتوور ناسراوە و لە هۆز و تیرە و ئێڵەکانی وەک "کەلهوڕ، لەک، زەنگەنە، هەورامی، گۆران، قەڵخانی، زولە، جمور، سنجابی، باجەڵان، ئەمیری و..." پێکهاتووە.

لە بواری ئاسەواری مێژوویی، گەشتیاری و ژینگەییەوە بە دەڤەرێکی دەوڵەمەند ناسراوە و ڕووبار، ئەشکەوت و دۆڵ و دەر و دەشت و شاخ و کوێستانی بژوێن و سەرچاوەی سروشتیی زۆر سەرنجڕاکێشی لە وەرزی بەهاردا دەبێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیار بۆ ئەم ناوچە ڕەنگینەی کوردستان.

کە ئەشکەوتەکانی "قۆڕی قەڵا گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەشکەوتی ڕاوچییەکان، ئەشکەوتی حوسێن کۆکەن لە انوچەی گەشتیاریی میگوەرە لە شاری بانوڕە و سەروا نیلووفەر، ناوچەی گەشتیاریی ڕێژاو، لە دیمەنە جوانەکانی کرماشان و دەوروبەری دێنە ئەژمار.

ئاسەواری تاقوەسان

مێژووی پێکهاتنه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی چوارەمی زایینی و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه تا هێرشی عه‌ره‌به‌کان، وه‌کوو دوویه‌مین پێته‌ختی ئیمپراتووریی ئێران له سه‌رده‌می ساسانییه‌کاندا جێی سه‌رنجی حکوومه‌ت بوو. لە سەردەمی سەڵجۆقییەکاندا کرماشان گەورەترین شاری کوردستان بوو و لە سەدەکانی ناوین بە ناوی (قرمیسین) وەکوو یەکێک لە چوار ناوچەی عێراقی عەجەم ناسراو. لەو سەردەمە بە عێراقی عەجەم٬ ویلایەتی کوێستان یان جەبالیان دەگوت تا لەگەڵ ویلایەتی عەراقی عەرەب ھەڵە نەکرێتەوە. ویلایەتی کوێستان یان عێراقی عەجەم لە شوێنی ناوچەی میدیای کۆن هەڵکەوتبوو. یازده سه‌ده به دوای هێرشی عه‌ره‌به‌کان و له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی قاجاره‌کان له ئێران، دیسان شاره‌که بووژایه‌وه و بەهۆی که‌وتنەوە لەسه‌ر دوو ڕێگای ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا و ھەروەھا ڕێگای باکووری ڕۆژاوای ئێران بەرەو باشووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە و نزیکی بە به‌غدا و که‌ربه‌لا گرینگی تایبه‌تی په‌یدا کرد.

کرماشان لە بزۆتنەوەی مەشرووتەخوازیی ئێران ڕۆڵێکی بەرچاو و زۆر گرنگی هەبووە و له ماوه‌ی شه‌ڕه‌کانی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانیدا لەلایه‌ن هێزه داگیرکاره‌کانه داگیر کرا، به‌ڵام دوای شه‌ڕ به‌جێیان هێشت. ئه‌م پارێزگایە له سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراقدشدا زیانی زۆری لێ که‌وتووە.

لە باکووری شاری کرماشان کێوی فەڕۆخشاد٬ لە باکووری ڕۆژاوای کێوی تاقوەسان٬ و لە باشوورئ ئەم شارئ کێوی کووسفید (کێوی سپی)، هەروەها کێوی (پەڕاو) یەکێک لە جوانترین کێوەکانی نزیک کرماشانە و جوانی و ناوبانگێکی زۆری بە کرماشان بەخشیوە و کرماشان یەکێکە لە شاڕێگاکانی پەیوەندیی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا، ھەروەھا کۆنترین ڕێگا بۆ چین لە ئێران بەرەو مێزۆپۆتامیایە.

شاری کرماشان کەشوھەوایەکی ناوەندی و کوێستانیی ھەیە. بەھۆی ئەم کەشوھەوایە بوو کە لە سەدەی چوارەمی زایینی کە دیێکی بچۆک و خۆش کەشوھەوا بووە لەلایەن ساسانییەکانەوە وەکوو پێتەختی دووەمی ئیمپراتووریی ئێران ھەڵبژێردرا. لەو سەردەمە کرماشان شوێنی خۆشگوزەرانیی شاکانی ساسانی بووە و باخەکان و کۆشکگەلێکی گەورە لەم شارە ساز کراوە.

کرماشان ناوەندی وەرزێڕیی وڵاتی ئێرانیشە و زۆربەی ئابووریی ئەم شارە بە وەرزێڕی بەستراوە، ھەروەھا تەرخانکردنی خواردەمەنی، بەرهەمی بیناسازی و پیشە دەسکردەکان لە کرماشان لە سێ مانگەکەی یەکەمی ساڵی ١٣٨٨ی کۆچی ھەتاوی (٢٠٠٩ی زایینی)، ٩٪ی سەرجەمی بەرهەمە پیشەییەکانی وڵاتی ئێران بووە.

خه‌ڵکی کرماشان به زاراوه‌کانی کوردیی باشووری (که‌لهوری)، کوردیی سۆرانی (زاراوەی جافی)، لەکی و هه‌ورامی قسه‌ ئه‌که‌ن. لە قوتابخانەکان و زانستگەکانی کرماشان تەنیا بە زمانی فارسی وانە دەگوترێت و زمانی کوردی بۆ وانە خوێندن بە زمانی دایکی قەدەغەیە.

ناوەندی پارێزگای کرماشان شاری کرماشانە و لە ١٤ شارستان پێکھاتووە کە ئەمانەن:

ئاروینیاوا، پاوە، سەلاس باوەجانی، جوانڕۆ، داڵاھۆ، ڕوانسەر، سەرپێڵ زەهاو، سونقوڕ، سەحنە، قەسرشیرین، کرماشان، کەنگاوەر، گێڵانی ڕۆژئاوا، ھەرسین و شائاباد.

لەبێزگای کرماشان یەک لەو پارێزگایانەی کوردستانە کە بە فرە کولتوور و ئایینی ناسراوە و زۆربەی خه‌ڵکه‌که‌ی، شیعەن و ئایینزاکانی سونە و یارسان و کاکەیی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە پێکدێنن.

پارێزگای کرماشان بێشکه‌ی یه‌کێک له‌ کۆنترێن شارستانییه‌ته‌کانه‌ له‌ جیهاندا. کۆنترین گوند که‌ له‌ پارێزگای کرماشان و بگره‌ له‌ هه‌موو کوردستان تا ئێسته‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، گوندی (شێخ‌ئاوا)یه‌، که‌ مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ٩٨١٠ پێش زایین یان نێزیکه‌ی ١١٨٢٥ ساڵ پێش ئێستا.

زاراوەکانی زمانی کوردی لە پارێزگای کرماشان:

خەڵکی ئەم پارێزگایە پتر لە ٩٨ لە سەدی کورد زمانن کە بە چەندین زاراوە و بن زاراوەی زمانی کوردی زاراوە دەپەیڤن. زاراوه‌ی سه‌رده‌ست له‌ شاری کرماشان زاراوه‌ی کرماشانی (کەلهوڕی)یە‌. زاراوەکانی زمانی کوردی لە هەر ١٤ شارکەی پارێزگای کرماشان تەقریبەن بەم شێوەیە:

لە شاری کرماشان: کەڵهوڕی کرماشانی، سۆرانی، لەکی و هەورامی ٢ - لە شاری ئیسلام ئاوا (شاه ئاوا): کەڵهوڕی کرماشانی ٣- لە شاری کرێند: کەڵهوڕی و کرماشانی، هەورامی ٤- لە شاری سەرپێڵی زەهاو: کەڵهوری کرماشانی و سۆرانی ٥- لە شاری قەسری شیرین: کەڵهوری و کرماشانی ٦- لە شاری گیەڵانی ڕۆژئاوا: کەڵهوڕی کرماشانی ٧- لە شاری سەلاسی باوەجانی: سۆرانی و هەورامی ٨- لە شاری جوانڕۆ: سۆرانی ٩- لە شاری هەورامان (پاوە): هەورامی و سۆرانی ١٠- لە شاری ڕوانسەر: سۆرانی ئەردەڵانی ١١- لە شاری سەحەنە؛ کەڵهوری کرماشانی و لەکی ١٢- لە شاری کەنگاوەر: لەکی، کەڵهوری کرماشانی ١٣- لە شاری هەرسین؛ لەکی، کەڵهوری کرماشانی ١٤- لە شاری سنقور کولیایی؛ کەڵهوری کرماشانی. کەمینەیەکی تورکیش لە ئەم شارە ئەژین.

پێگەی ئەدەبی کوردی لە کرماشان:

کرماشان لە بواری فەرهەنگ و زمان و ئەدەبەوە یەکێک لە ناوچە پیشەنگەکانی ئێران و کوردستانە و لە قۆناغە جیاجیاکاندا، نووسەر و ئەدیبی ناودار و شوێندانەری تیدا هەڵکەتووە. کە دەکرێ ئاماژە بەم کەسانە بکەین.

بابا سەرهەنگی دەوان، دایە تەورێز، سەی یاقووب ماهیدەشتی، پەرێشان دینەوەری" لە سەدەی چوارەمی زایینی، باباتاهیر هەمەدانی لە سەدەی دەیەمی زایینی بە زاراوەی لەكی، مستەفا بێسارانی لە سەدەی شازدەیەمی زایینی بە زاراوەی هەورامی، محەمەد كەنوولەیی لە سەدەی هەڤدەی زایینی، خانای قوبادی لە نیوەی دووەمی سەدەی هەڤدەیەمی زایینی، سەرهەنگ ئەڵماس خان و میرزا شەرەف دینەوەری لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمی زایینی، شەیدا هەورامی لە كۆتایی سەدەی هەڤدەیەم، هەروەها محەمەد وەلی كرماشانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، وەلی محەمەد ئومێدی، غوڵامڕەزا ئەركەوازی.

زۆرێك لە لێكۆڵەر و توێژەرانی بیاڤی زمان و ئەدەبی كوردی لەو باوەڕە دان كە گەلێك دەق، حیكایەت و چیرۆكی حیماسی و ئەدەبی زارەكی لە كرماشان و شارەكانی دەورووبەری خولقاون و بەپێی بەڵگەی سەلمێنراو كە ئێستا لەبەر دەست دان "شانامەی كوردی" بە ناوەرۆكی جیاواز لە شانامەی فارسی بە زاراوەی گۆران و بە چەند گێڕانەوەی جیاواز ئێستا لەبەر دەست دایە و لە زۆر باردا شان لە شانی شانامەی فیردەوسی دەدات.

یان لە بەرهەمەكانی دیكە دەكرێ‌ ئاماژە بە "رۆسەم و زەنوون" شاكاری بەنرخی ئەڵماس خان كەنوولەیی بكەین. هەروەها دوو هۆنەری شاكار خولقێنی ناوچەی ئەیوان "شاكە و خان مەنسوور" جۆر و شیوازێكی ترە لە ئەدەبی میللیی كوردی كە دەگمەن و بێ‌ وێنەن.

یان "برزوونامە" وەك دەقی حیماسیی كوردی بەڵگەیەكی گرنگە لە بوونی رەهەند و رەوتێكی بەرین لە ئەدەبی حیماسی و میللیی لە كرماشان و ئەو دەق و چیرۆكە میللی و مێژوویانە بە چەشنێك رۆچوونەتە قووڵایی ژیان و كولتووری خەڵكی ناوچە جیاجیاكانی ئیلام و كرماشان كە بوونەتە بەشێكی جیا نەكراوە لە پێكهاتە و شوناسی فەرهەنگی و نەوەییان. ئەو كەسانەی كە لەم بارەوە گەلێك بەرهەمیان خولقاندووە بریتین لە: "سەی ساڵح و سەی یاقووب ماهیدەشتی، میرزا ئەڵماس خان كەنوولەیی، تەقی خان ئازاد، تركەمیر، مەلا نەجەف، كەیخوسرەو، پەروارە" كە بەرهەمگەلێكی وەك: برزوونامە، زوحاك و كاوەی ئاسنگەر، رۆسەم و زەنوون، رۆستەم و زۆراو و شیرین و فەرهاد بەشێكی بەرچاون لە ئەدەبی حیماسیی دەوڵەمەند و بەپێزی كوردی، لە بواری هۆرە چڕین و ئاواز و گۆرانیە میللی و فۆلكلۆریكەكانیش كرماشان و ئیلام مەڵبەندی سەرهەڵدان و راچەنینن كە بەرچاوترین هۆرەچڕ عەلی نەزەرە.

نووسین و داهێنان بە زمانی كوردی لە كرماشان و ئیلام لە رابردوودا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی هیچكات بە شێوەی رەوت و گرووپ و بەرنامە داڕێژراو نەبووە، بەڵكوو لە چوارچێوەی كاری تاكەكەسی و بە هەست كردن بە خزمەتی زمان و ئەدەب و لەپێناو هەست و دڵسۆزیدا بووە، بەڵام كاریگەریی خۆشیان لەسەر جەماوەر بەجێهێشتووە.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک