• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٥ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٤ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ

زایینی: ٠٦-٠٩-٢٠١٧ - هەتاوی: ١٣٩٦/٠٦/١٥ - ٢١:٤٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
کاوە بەهرامی: ڕاسان هێمای خەباتی ڕۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ
لە ماوەی ڕابردوودا سپای تێرۆریستیی پاسداران بە بیانووی ئامادەسازی بۆ مانۆڕ، هێزێکی زۆری لە شارەکانی کوردستان کۆ کردووەتەوە و پیلانی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە چەندین شاری کوردستان خەریکی خۆ ڕێکخستن و تەیارکردنی هێزەکانی بە چەک و جبەخانەی قورسە و گوایە دەیانەوێت مانۆڕی نیزامیی لە کوردستان بەڕێوە ببەن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە پیلان داڕشتن دان، هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزتربوونی ناوچەکە و ناردنی داعش و حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتیشەوە هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان و لەبەر زەندەق چوونیان لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، هێرش بکەنە سەر بنکە و شوێنی حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

جێگای ئاماژەیە کە تا ئێستا چەندین جار بەرپرسانی ڕێژیم بۆ شاردنەوەی ترسیان لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەڕەشەی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کردووە.

هەروەها ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەبووە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنوورەکان دەکەن؛ لەم ڕاستایەشدا ڕێژیمی ئێران ماوەیەکە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

دوای جێگیربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان مێلیتاریزە دەکات.

چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ناوەندە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا بە بەڕێوەبردنی مانۆڕ و میلیتاریزە کردنی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ویستوویانە سیمایەکی نائەمن لە ناوچە کوردنشینەکان نیشان بدەن و بەو هۆیەشەوە هەتا ئێستا بە شێوەی پلان بۆداڕێژراو پیشیان بە گەشە سەندنی ئابووری ناوچە کوردنشینەکان گرتووە.

بۆ زیاتر تاوتوێکردنی ئەم مەسەلەیە ڕۆژنامەی کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ کاوە بەهرامی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە.

وتووێژ: سەلیم زەنجیری

پ: چەند ڕۆژێکە کە ڕێژیم بە بیانووی ئەنجامدانی مانۆڕی نیزامی، هێزێکی زۆری هێناوەتە سنوورەکانی کوردستان و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ئەحزابی سیاسی ڕۆژهەڵات دەکات، ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟

و: لە بنەڕەتدا، مانەوەی کۆماری بەناو ئیسلامی لە سازکردنی شەڕ و ئاژاوەدایە، کاتێک باس لە ئیمپراتۆری ئیسلامی شێعە دەکات، بوونی هیچ نەتەوە و ئایینی دیکە جێگای پەسندی نین، سپای پاسدارانی بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە لە ناوچە دروست کرد، وێڕای سەرکوت لە ناوخۆ، بە یارمەتیدان بە میلیشیاکان لە وڵاتانی دەوروبەر ناسەقامگیری دروست دەکات و هەوڵی هێژمۆنی خوازی هەیە. راسانی رۆژهەڵات بە پێشەنگایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە کردەوە ئاڵاهەڵگری نەمانی زوڵم و دژبەری راستەقینەی ئەم رێژیمە بیرسەدەناوەراستیەیە ، بەخۆشیەوە راسانی رۆژهەڵات لە گەشەسەندندایە و رێژیمی توشی دڵەڕاوکێ و داماوی کردووە، لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیش بەپێی توانا هەوڵی ئەوە دەدەن لەو خەباتە نوێیەی رۆژهەڵات جێی پەنجەیان دیار بێ، هەموو ئەم مانۆڕ و هەڕەشانەی رێژیم لە سۆنگەی ترس لە بەریتنربوونەوەی خەباتی رۆژهەڵات سەرچاوە دەگرن.

پ: ئەو هەڕەشەیە چەندە جیدییە لەم کات و ساتە هەستیارەدا؟

و: دیارە، لە تیۆری شەڕی نیزامیدا، نابێ هیچ هەڕەشەیەک بە کەم بگرین، بە تایبەتی لەم هەلومەرجەی ئێستادا، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە چەندین بەرەوە خۆی تووشی شەڕ کردووە و سەرقاڵە، بۆیە پەلاماردانی هێزەکانی رۆژهەڵات بەلەبەرچاوگرتنی شوێنی مانەوەیان کە ناوچەیەکی شاخاوییە، لە بەرژەوەندی رێژیم تەواو نابێ.

پ:چەندە پێوەندی بە ڕاسانی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە؟ ئایا ڕاسان وای ئەو ڕێژیمە تاساندووە کە ناچار بە هەڵەیەکی وا کوشندە بکات؟

و: بێگومان راستە، راسان خەباتی شار و شاخی پێکەوە گرێ دا، رێژیمی تاساندووە وئەو زانیاریانەی بەردەستن بەردەوام لە فازی ئامادەباشییە و هەموو رۆژێ چاوەرێیە، نەک لە شاخ بەڵکوو پێشمەرگەی شار تووشی خەساری بکات، راسان هێمای خەباتی رۆژهەڵاتە و رێژیم بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێ.

پ: لە ئەگەرێکی وەهادا حیزبی دێموکرات چەندە ئامادەیی بەرپەرچدانەوەی هەیە؟ بەرنامە و پلانی تایبەتیتان لەو بوارەوە هەیە؟

و: هێزەکانی حیزبی دیمۆکرات، لە ئەگەری هاتنەئارای هەر رووداوێکدا بەرنامە و پلانی تایبەت بە رێوشوێنی نیزامی خۆیان هەیە و پوتانسیەلی ئەوەیان هەیە بەرپەرچی هەر هێرشێک بدەنەوە.


پ: ئایا هاوئاهەنگیتان لەگەڵ ئەحزابی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو پێوەندییەدا هەیە؟

و: لە ماوەی رابردوودا لە بواری سیاسی و کاری هاوبەشەوە هاوئاهەنگی باشمان هەبووە، بۆیە لە ئەگەری هەرچەشنە پەلامارێکی نیزامی هێزەکانی رۆژهەڵات کە لە شاخ جێگیرن بێگومان ئەو پێوەندیی و هەماهەنگییە لە رووی کردەییەوە دەبینین.

پ: لە بواری سیاسی و نیزامییەوە، چ سوودێک بۆ هەر دوو لایەن دەبێت؟

و:بەدڵنیایەوە، ئەو پێوەندییانە لە زۆر بواردا دەوری ئەساسیان هەیە لەوانە ـ پێگەمان لە دنیای دەرەوە ـ توانای زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێژیم ـ رۆحیەتی تێلۆرانس و پێکەوە کارکردن لە ئاستی بەدەنە و هێزی پێشمەرگە و ... .

پ: پێم خۆشە بزانم چەندە پێوەندی بە باشووری کوردستان و بە تایبەتی شاری کەرکووکەوە هەیە کە بەرەو ڕێفراندۆم هەنگاو دەنێت؟

و: کۆماری ئیسلامی تەنیا وڵاتێکە بە ئاشکرایی و بە پلانەوە دژایەتی پڕۆسەی رێفراندۆم دەکات، سەرکەوتنی رێفراندۆم لە بەرژەوەندی خۆیدا نابینێ، بۆیە تایبەت لە کەرکوک، پیلانەکەی ژەهراویتر و دوژمنانەترە، لە ئاڵووگۆڕی سیستمی سیاسی لە عێراق بە چەندین میلیشیای دروستکرد، نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە ئەساسی کارەکانیەتی، دروست کردنی حەشدی شەعبی و تەنانەت هاوکاریکردنی داعش بۆ زەربە لێدان لە سوننەکان لە موسڵ پلانەکانی بۆ ویلایەتی شێعە زیاتر دەردەخات بەڵام یەک‌گوتاری کورد لە باشوور ئەو هەوڵانە دەکاتە بڵقی سەرئاو.

پ: ئایا دەکرێ ڕێککەوتنی داعش ـ حیزبوڵڵای لوبنان ـ حکوومەتی ئەسەد به یەکەوە بۆ ڕاگواستنی تێرۆریستەکانی داعش بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و هێنانی حەشدی شەعبی بۆ سنووری کەرکووک و هەروەها هەڕەشەی هێرش لە سنووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باشوور وەکوو یەک پاکیجی ناوچەیی داگیرکەران و بەتایبەتی ڕێژیمی ئێران لێک بدەینەوە؟

و: راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەساسی تەقیە لە ئایینی شیعە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی ئامادەی هەرجۆرە رێککەوتنێکە تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانی، رێککەوتن لەگەڵ تاڵبان لە ئەفغانستان یەک لەو بابەتانەیەو ئێستا ئەفغانستان بەدەست دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامییەوە دەناڵێنێ، دروستکردنی حیزبوڵلای لوبنان و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی عەرەبی، خواردنی جامی ژەهری خومەینی پاش شەڕی ۸ساڵە لە گەڵ عێراق، دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان و پشتیوانی بە بەرنامە لە لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە لە راستای ئەو ئامانجانەی دایە، لە ئێستاشدا لە بەرەبەری پڕۆسەی رێفراندۆم هەموو هەوڵێک بۆ لەباربردنی دەدات، چونکە بەدڵنییایەوە سەرکەوتنی کورد لە باشوور باندۆڕی لەسەر پارچەکانی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی هەستی نەتەوایەتی هەیە، کەرکوک و کوردستانی بوونی هەرکام لە قووڵایەکی ستراتیژییەوە بۆ تورکیە و ئێران جێگای نیگەرانین، لە لایەکی دیکە بەتایبەت تورکیە نایهەوێ بەرژوەندی ئابووری و بازرگانی لە هەرێم لەدەست بدا، هەستیاری بە بابەتەکانەوە دیارن و دەبێ چاوڕێی کاردانەوەکان بین کە لە ۲٥/۹ نیزیک دبینەوە، لەهەر حاڵدا کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەو قۆناغە لە رێگای تورکیەو و داعش و حیزبوللا و حەشدی شەعبی و .....پیلانەکانی سەربگرن کە تێچووی بۆ خۆی کەم بێ.

پ: کاردانەوەی نێودەوڵەتی چی دەبێت؟

و: هەرێمی کوردستان ئێستا لە بەرەی جیهانی دژ بە تیرۆرە و نیزیک بوونەوەی داعش لە مەخموور و دەستبەجێی بە هاناهاتنی ئامریکا و پاراستنی هەرێم ئەم هاوپەیمانییەی زیاتر روون کردووە، لە ئەگەری بەرێوەبردنی وەها پیلانێک کۆماری ئیسلامی خۆی دەخاتە ناو باتڵاقێکی گەورەوە و وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش هەر دوێنێ رایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو هەوڵانە دەبن کە داعش لە سنوورەکانی عێراق نیزیک بکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاستی نێودەوڵەتی دەنگدانەوەی باشی بووە و بە دەیان وڵات ئێستا خاوەن سەرمایە و بەرژەوەندین لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەوەش هەرێم بەکردەوە سەلماندویەتی کە لە سەنگەری پاراستنی دیمۆکراسی و کەرامەتی مرۆڤ دایە و لەگەڵ زۆر وڵاتی ناوچە جیاوازی هەیە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئاسانی رێگە نادەن ئەم پڕۆسەیە تێک بچێ.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک