کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا کاروان کۆچەر لە شاری ورمێ ماڵئاوایی لە ژیان کرد

23:02 - 20 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: کەسایەتییەکی ناودار،شاعیر و نووسەر، نیشتمانپەروەر و چالاکی سیاسی و ئەدەبی لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەید حوسێن موسلح زادە ناسراو بە مامۆستا کاروان کۆچەر لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا بە هۆی ڕاوەستانی دڵ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

سەید حوسێن موسلح زادە، کوڕی سەید کازم و نەوەی سەید موسلح گەیلانی زادە لە بنەماڵە سەیدی نەهریە، که ساڵی ١٣٤٠ هەتاوی لە گوندی ژاراوە سەر بە ناوچەی مەڕگەوەڕ شاری ورمێ لەدایک بووە.

بنەماڵەی موسلح زادە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن بیرن کە هەردەم لە خەبات بۆ گەلی کورد کۆڵیان نەداوە.

سەید حوسێن دەورانی خوێندن و قوتابخانەی لە گوندی ژاراوە و شاری ورمێ تەواو کرد و ناوبراو هەر لە تەمەنی لاویەتی خاوەن هەستێکی جوان و بیرکردنەوە، شاعیر و چیرۆکنووس و گوتاری ئەدەبی بوو. هەروەها ناوبراو چەندین دیوانی شێعری هەیە کە بەداخەوە تا ئێستا چاپ نەکراون.

سەید حوسێن هەروەها کتێبی زمستان بدون بهارـی ئیبراهیم یونسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. هەروەها کتێبی ڕێپۆرتاژی شەمزینانی وەرگێڕاوەتەوە.

مامۆستا کاروان کۆچەر ئینسانەکی خاوەن ڕامان و سیاسەتوان و شروڤەکارێکی شارەزا بوو.

بیر و هزری ناوبراو لە ڕێگای خەبات بۆ کوردایەتی و خزمەت بە گەلی کورد تەرخان کرابوو و ناوەرۆکی شێعرەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییە.

مامۆستا کاراون کۆچەر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.