کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کچی تارانی لە گەڕەکی تارانپارس، لە لایەن باوکیانەوە کوژران

22:42 - 21 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: پیاوێکی خەڵکی تاران دوای کوشتنی دوو کچەکەی،کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، شەوی دووشەممە٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، پیاوێک دانیشتووی شارەکی تارانپارس، بە چەقۆ دوو کچەکەی خۆی کوشت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی دۆزراو لە ماڵی بکوژکە هۆکاری کوشتنی ئەو دوو کچە لە لایەن باوکیانەوە ئاشکرا کراوە، لەم نامەیەدا کە بکوژەکە نووسیویەتی هاتووە؛ بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان خۆم و هاوسەرەکەم بڕیارم داوە کۆتایی بە ژیانی خۆم و منداڵەکانم بێنم.

ئەم پیاوە تارانییە، بە لێدانی چەندین چەقۆ لە سینگ و ملی دوو کچە ١٩ ساڵ و ٢٤ ساڵانەکەی خۆی بە ناوەکانی سەوگەند و سولماز ئەم تاوانەی ئەنجام دا.

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە بکوژ بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دەستبەجێ جەستەی ناوبراویان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، کە لە ئاکامدا لە نەخۆشخانە دەمرێت.

چوونە سەرەوەی ڕێژەی کوشتن و تاوانەکان لە ئێران بەتایبەتی کوشتنی ژنان و کچان، لە کێشە بەرچاوەکانی کۆمەڵگایە، کە ڕێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە هەڵنەگرتووە.