کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نتانیاهۆ: ڕێژیمی ئێران ئۆختاپووسی ترس لە جیهان دایه

16:20 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیسرائیل نیسبەت به هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداری بە ئامریکا دا و داوای سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێداونێکدا داوای سنووردانان بۆ دەستێوەردانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عێراق و سووریه کرد.

ناوبراو لەو پێوەندییەدا داوای لە ئامریکا کردووە نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا بێ‌دەنگ نەبێت.

هەروەها بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، ڕێژیمی ئێران ئۆختاپوسی ترس لە جیهانه و لقەکانی بۆ جیهان دەنێرێت کە حیزبوڵڵای لوبنان یەکێکە لەوانه.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بەرەڕووی تێرۆریزمی جیهانی بە تایبەت ڕێژێمی ئێران ببنەوە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام بە گوڕوتینەوە دژی تێرۆریزم کار دەکات.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا کۆ ببێتەوە و داوای لێ دەکات سنوورێک بۆ دەستوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق و سووریه دابنێت و ڕێککەوتنی ناوەکیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێژیمی ئێران هەڵبووەشێنێتەوە.

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی خۆیان تاوانبار کردووە.