کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەفێڕۆ دانی داهات و سامانەکانی ئێران لە سووریە، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

16:23 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران وێستگە و هێڵەکانی کارەبایی سووریە نۆژەن دەکاتەوە و هەر دوو وڵات لەم بارەوە ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد.

ستار مەحموودی بەرپرسی وەزارەتی وزەی ئێران و وەزیری وزەی سووریە کۆ بوونەوە و لە بارەی نۆژەن کردنەوەی وێستگەکانی کارەبایی سووریە ڕێكەوتنێکیان واژۆ کردووە. لەو ڕێکەوتنەدا ڕێژیمی ئێران سەرەڕای کەرەتی کارەبای سووریە، ئاو و ئاوەڕۆکەشی نۆژەن دەکاتەوە.

ستار مەحموودی لە لێدوانێکدا لەم بارەوە، دەفرایەتی دروست کردنی کەرەستەی ئێرانی بە بێ‌هاوتا نواندووە و وتوویەتی: کۆمپانیاکانی ئێمە بە دەفرایەتییەکی بەرز و کارکردنێکی زانستییانە و ئەمڕۆیانە، نۆژەن کردنەوەی وزەی سووریە ئەنجام دەدەن.

وەزیری وزەی سووریە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم باسەدا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران لەم چەند ساڵەی شەڕی سووریەدا تەنیا لە باری سەربازییەوە یارمەتیدەرمان نەبووە بەڵکو لە بواری دابینکردنی وزە و کارەباش هاوکاریان کردووین.

هەروەها بەرپرسی وەزارەتی وزەی ئێران لەم بارەوە وتی: ئەم ڕێککەوتننامە لە سەروی کارێکی ئابووریی و هاوکاریی دوو لایەنەیە، بەڵکوو پەیامێکی ئیدۆلۆژیکی هاوبەش و سیاسییە.

ئەم هاوکاری کردنانەی ڕێژیم ئێران لە کاتێک دایە، کە خەڵکی ئێران بە دەست بێکاری و گرانییەوە دەناڵێنن و ڕێژیمی ئێران تووشی کەمی بوودجە هاتووە.