کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژایەتی ڕێفراندۆم دەکات

17:02 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی نیزامیی و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتی و ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر پرسی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ باشوری کوردستان، لە هەموو بڵاوکراوە و میدیاکانی خۆیاندا باسی لێ دەکەن و ئەو پرسە سیاسییەی بە ناڕەوا و مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن.

لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی (iribnews.ir) ڕێژیمی ئێران بۆ دژایەتی کردنی ڕێفراندۆمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان مەترسییەکە بۆ سەر ئەمنییەتی عێراق و ناوچەکە.

هەروەها ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی گشتگیر و بەردەوام دژی ڕێفراندمی هەرێمی کوردستان بابەت و هەواڵ بڵاو دەکەنەوە، لە حاڵێکدا چەندین وڵاتی دنیا پشتیوانی لە پرسی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.

پرسی سیاسیی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پێوەندی بە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێبەرانی کوردەوە هەیە و هیچ پێوەندییەکی به ڕێژیمی ئێرانەوە نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردبوو کە دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری نێوخۆیی هەرێمدا قەبووڵ ناکات و ڕێفراندۆم لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت.

لە لایەکی دیکەوە عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان، ماوەیەک پێش ئێستا لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی BBC (بی‌بی‌سی)دا ڕایگەیاند: بەڕێوەبردنی پرسی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان لە پلەی یەکەمدا پێوەندی بە خودی نەتەوەی کورد بەتایبەت لەم بەشەی لە کوردستانەوە هەیە، کە ئەم نەتەوەیە بەپێی کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکان دەتوانێت، مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. ئەو ڕێفراندۆمە لە دەرەوەی ئێراندا بەڕێوە دەچێت و لە سەر کاربەدەستانی ئێران و ڕێبەری ئێران پێویستە، که لە کاروباری دەوڵەتانی ناوچەدا دەستێوەردان نەکەن و خەمی وڵاتی خۆیان بخۆن.

پرسی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور و دیاریکردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی لە ٣ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، دژکردەوەی چەند وڵاتی دراوسێی لێکەوتووەتەوە، کە لە نێویاندا دژایەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە هەمووان زەقترە، لە حاڵێکدا دیاریکردنی چارەنووس، مافی هەر نەتەوەیەکە.

دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە بارەی سەربەخۆیی کوردستان باسی لەوە کردووە: ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان یەکگرتوو بن و بڕیاری سەربەخۆیی بدەن ئەوە دابەشکردنی سنووری هیچ دەوڵەتێک نییه، بەڵکوو یەکبوونەوەی خاکی کوردستانە.