کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و هاکپار لە سەر پرسی ڕێفراندۆمی کوردستان گفتوگۆیان کرد

17:29 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی هاکپار (HAK-PAR) سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێریان کرد و لەبارەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کۆبوونەوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەوتای هەیئەتێکی هاکپار (پارتی ماف و ئازادی) لە باکووری کوردستان بە سەرپەرستی زانا سەزەن نوێنەری هاکپارلە هەرێمی کوردستان سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێریان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی محەممەدساڵح قادری بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە هەولێر پێشوازییان لێکرا.

لەو دیدارەدا محەممەد ساڵح قادری وێڕای تیشک خستنەسەر هەڵوێستی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، باسی لە هەلوێست و هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پاڵپشتی زیاتری ئەم پرۆسەیە لە داهاتوودا کرد و وشیاری و یەکڕێزی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی باشوور کوردستان و پاڵپشتی و هاوسۆزی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژوویی و گرینگەی باشووری کوردستان بە گرینگ زانی و لە ئەگەری هەر چەشنە پیلان و دژایەتیەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و نەیاران لە دژی ڕێفراندۆم، پێویستیی هاوکاری هەمە لایەنەی کوردستانیان لە هەر شوێنێک بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی پیلان و مەترسیەکان بە ئەرکێکی نیشتمانی دانا.

دواتر زانا سەزەن وێڕای هاوهەڵوێستی و پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات لەهەمبەر ڕێفراندۆم و چالاکیی حیزبی دێموکرات لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێداگری لەسەر پالپشتی و هاوهەلوێستی هاکپار و خەڵکی باکووری کوردستان لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد و ئەم هەلوێستە نەتەوەیی و نێستمانیەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیان بۆ پشتگری له ڕێفراندۆمی باشوور بە گرینگ و بەرز نرخاند.

لە کۆتاییدا هەر دوو لایەن جەختیان لە سەر بەرودەوامیی پێوەندی و کاری هاوبەشی نێوانیان کرد.