کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لەمەڕ بەشداری کردنی ئێران لە دانوستانەکانی \"ئاستانە\" وەکوو دابینکەری ئاگربەس لە سووریە نیگەرانی خۆی دەربڕی

23:34 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای نیگەرانیی دەربڕین لەمەڕ بەشداریی ئێران لە دانوستانەکانی ئاستانە وەکوو وڵاتێک کە ئاگربەس و کۆتایی شەڕ لە سووریە دەستەبەر دەکات، جەختی کردەوە کە پشتیوانییەکانی ئێران لە ڕێژیمی بەشارئەسەد ئاژاوە و شەڕ لە سووریە زیاتر دەکات و ئازاری خەڵکی سووریە چەند قات دەبێتەوە.

لە دانوستانی ئاستانەی پێتەختی قەزاقستان یەکەمجار بە بەشداریی ڕووسیە، تورکیە و ئێران ڕێککەوتنێک لەمەڕ ئاگربەس لە چەندین ناوچەی سووریە واژۆ کرا.

ئەم دانوستانە کە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانان، لە شاری ئاستانە بە بەشداریی ڕووسیە، تورکیە و ئێران بەڕێوە دەچێت، خولی شەشەمی لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی خەرمانان دەست پێ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیترز، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند، کە شاندێک لە واشینگتۆن وەکوو چاوەدێر لەم دانوستانەدا بەشداری دەکەن.

لە لایەن نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە، داڕشتن و کێشانی سنووری ناوچە کەم کێشەکان لە شاری ئیدلب و دەوروبەری باسی لە سەر دەکرێت.

لەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا هاتووە، کە دەیوید ساتێر فێڵد جێگری ئاسیایی دوور لە وەزارەتی کاروباری دەرەوە، وەکوو بەرپرسی ئەم شاندە دیاری کراوە و لە پشتیوانیی هەمە لایەنەی ئامریکا لەمەڕ جێگر کردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە سووریە پێداگرییان کراوە.

ئامریکا کە وەکوو چاوەدێرێک لەم دانوستانە بەشداریی دەکات، لە هەبوونی ڕێژیمی ئێران نیگەرانە و لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە ڕێژیمی ئێران لە سووریە نە تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو بە پشتیوانی کردنی لە ڕێژیمی بەشارئەسەد کێشەکان زیاتر و قووڵتر دەکاتەوە.