کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆل ڕایان: ڕێژیمی ئێران هۆکاری ناسەقامگیریی لە ناوچەکەیە

20:53 - 23 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئامریکایی و ڕۆژئاوایی بەردەوام لە بارەی دەستێوەردان و تێکدانی سەقامگیریی لە ناوچەکە هوشداری بە ڕێژیمی ئێران دەدەن.

سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئاسۆ شیتێدپرێس باسی لەوە کرد، کە ڕێژیمی ئێران هۆکاری تێکدانی سەقامگیریی لە ناوچەکە دایە.

پۆل ڕایان جەختی کردووەتەوە، کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات، هەتا ناوچەکە نائەمن بکات و هەروەها کۆمەڵێک کار دەکات کە لە چوارچێوەی بەرجامدا نییە.

پۆل ڕایان ڕێککەوتنی ناوکیی بە کارەساتی تەواو لە قەڵەم داوە.
ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەو ڕێژیمە پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات و هەڕەشەی هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە دەکات.

پۆل ڕایان نوێنەری مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە ئایپک (کۆمیتەی پێوەندیی گشتیی ئامریکا و ئیسرائیل) باسی لە دەستێوەردان و تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و وتی: دەبێ سپای پاسداران لە ڕیزی تێرۆریزم ناوی تۆمار بکرێت.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا جەختی کردبووە، کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە دیکتاتۆرێک لە سووریە دەکات کە دەستی داوەتە کۆمەڵکوژی، چەکدارانی یەمەن چەکدار دەکات و پشتیوانیی ماڵی لە تێرۆریستەکانی بەغدا هەتا بەیرووت دەکات.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشارئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تێرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیری لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.