کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، ئەندامانی داعش و جبهەتولنوسرە لێک ناکاتەوە

20:55 - 23 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران، کە پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی گرووپە تێرۆریستیەکاندا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەواڵی گرتنی ئەندامێکی ئەجنادولشامی بڵاو کردووە، لە حاڵێکدا ئەم گرووپە سەر بە جبهەتولنوسرەیە و بەرپرسانی سپای پاسداران گیراوەکە بە ئەندامی داعش لە قەڵەم دەدەن.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەمین یامینی فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی شەهریاری کەرەج ڕایگەیاندووە: کە ئەندامێکی داعشیان لە دەوروبەری کەرەج دەسبەسەر کردووە.

پاسداری یامینی، باسی لەوە کردووە، کە دەسبەسەر کراوەکە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئۆپراسیۆنە خۆکوژییەکانی داعشە و هەروەها دانی بەوە داناوە، کە لە حاڵی ڕێکخستنی ٣٠٠ کەس بۆ ئۆپراسیۆنی خۆکوژی لە ڕۆژەکانی ڕێوڕەسمی موحەڕەم لە ئێراندا بووە.

لە حاڵێکدا پاسدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی، ئەجنادولشام وەکوو لقێکی داعش پێناسە دەکەن و دەسبەسەرکراوەکەیان بە ئەندامی داعش ناساندووە، کە ئەجنادولشام لە بواری تەشکیلاتییەوە هیچ پەیوەندیەکی بە داعشەوە نییە و تەنانەت ئەم دوو گرووپە لە سووریە شەڕیشیان بە دژی یەک کردووە.

ئەجنادولشام گرووپێکی ئیسلامیی چەکدارە، کە بنکە سەرەکییەکانی لە ئیدلەب و حەما‌هـ دامەزراندووە و لە ساڵی ٢٠١٥ بووەتە بەشێک لە جەیشولفەتح.

پاسدار ئەمین یامینی؛ باسی لەوە کردووە، کە سەربازەکانی ئیمامی زەمان زانیاری زۆریان لە سەر چالاکی چەکدارانی داعش لە ئێران بە دەست هێناوە و بەدواداچوونەوەی لە سەر دەکەن و زۆر لە وردەکارییەکان لەژێر چاودێریان دایە.

زانیاری سەربازانی ئیمامی زەمانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران هێندە وردە، کە ئەجنادولشام و داعش لێک ناکەنەوە.