کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداری ڕێژیم لە بانە بەڵێنی بێبنەما بە کۆڵبەران دەدات

20:58 - 23 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: پاڕێزەرێکی دۆسیەی کۆڵبەران بەڵێنەکانی فەرمانداری ڕێژیمی لە بانە بە درۆ خستەوە.

فەرمانداری بانە، بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی بانە و شارەکانی دیکەی کوردستان وتبووی: هەموو سەرپەرەستی بنەماڵەکان کە لە ١٥ کیلۆمێتری گوندەکانی نزیک بانە نیشتەجێن، دەستە چەکێکی کۆڵبەریان پێ دەدرێت و مانگانە بڕی ٥٠٠ هەزار تمەن مووچە وەردەگرن.

محەممەد فەلاحی، فەرمانداری ڕێژیم لە بانە لە درێژەدا باسی لە بیمە کردنی کۆڵبەران کردبوو و وتبووی: ئەو کەسانەی کە لە ناو گوندەکاندا پێویستیان بە بیمە هەیە، ناویان کۆ کراوەتەوە و دەفتەرچەی بیمەمان بۆیان ڕەوانە کردووە.

بەڵام ئەحمەدی نیاز پارێزەری دادگا، ئەم بەڵێنیانەی ڕێژیمی ئێرانی بە بێبنەما لە قەڵەم داوە و لە بارەی بەڵێنی پێدانی مووچەی ٥٠٠ هەزاری مانگانە بە کۆڵبەران وتوویەتی: دیار نییە کە ئەم بڕە پارە لە لایەن کام ئۆرگان و بە چ کەسانێک دەدرێت.

ئەم پارێزەرە بەڵێنی پێدانی بیمەی بە کۆڵبەران بە بەڵێنێکی بانگەشەیی وەسف کردووە و وتوویەتی: باسی بیمەی کۆڵبەران ساڵانێکە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێ کردنی هەڵنەگیراوە؛ تەنیا هەر چەند جارێک بۆ ڕیکلام کردن، ئەو باسە دێنە گۆڕێ.

لە ماوەی ڕابردوودا، کوشتنی دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەم شارە و شارەکانی دیکەی کوردستانی لێکەوتەوە، ڕێژیم لەم ماوەدا بۆ بێدەنگ کردنی ئەم ناڕەزایەتییانە کەڵکی لە هەموو جۆرە شێوازێک گرتووە، کە یەکێک لەوانە پێدانی بەڵێنی درۆ و بێبنەما بە خەڵکە.