کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو زیندانیی سیاسی کورد ٤٧ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە

18:29 - 24 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ماوەی ٤٧ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، محەممەد نەزەری و سەعید شێرزاد دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە ڕەجایی‌شاری کەرەج ماوەی ٤٧ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد، بە هۆی مانگرتن لە خواردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، دۆخی جەستەییان تووشی مەترسی بووە.

هەروەها محەممەد نەزەری سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی بۆ زیندانی تاکەکەسی ڕاگوێزراون.

لە دوای ڕاگواستنی لەناکاوی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسیی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج بۆ بەندی فوق امنیتی ژمارەیەک دیکە لە زیندانییان، دژی ئەو هەڵوێستەی بەرپرسانی زیندانی ڕێژیم مانیان لە خواردن گرت.

ماوەیەک پێش ئێستا جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبووردنی نێونەتەوەیی دۆخی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجی وەک نموونەی ڕەفتاری بێڕەحمانە و نامرۆڤانە وەسف کرد.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە، کە پشکێنەرانی نێونەتەوەیی، هەروەها ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، سەردانی زیندانەکانی ڕێژیم بکەن.

هەروەها شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیانییەیەکدا نیگەرانیی خۆی لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسی دەربڕی و بەرپرسانی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجی به بەرپرسی گیان و تەندرووستی زیندانییانی مانگرتوو زانی.