کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: لە یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدانی میکۆنووس لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمان نوێ دەکەینەوە

03:21 - 26 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵیادی شەهیدانی میکۆنووس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

کوردستان سەر دانانەوێنێ

ئازادیخوازانی ئێران!

هاونیشتمانیانی کوردستان!

تێکۆشەرانی دێموکرات!


٢٥ ساڵ پێش لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١، ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی‌دا تێرۆریستانی نێردراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە نێو دڵی ئورووپادا دەستڕێژیان لە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد و بە خەیاڵی نگریسیان وایان دەزانی کە بەو کوشتارە دەتوانن سەر بە کوردستان دانەوێنن.

لەو کارەساتە مێژووییەدا دەستی ڕەشی تێرۆر، دوکتور سادقی شەرەفکەندی سکرتیری گشتی، فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب له دەرەوه، هومایوون ئەردەڵان نوێنەری حیزب له ئاڵمان و نووری دێهکوردی دۆستی کوردی لە بزووتنەوەی کورد ئەستاند. تێرۆریستانی نێردراو ڕق وبێزاریی پەنگخواردووی سەدان ساڵەی تاریکی پەرستی و دژەمرۆییان بەسەر هەیئەتێکدا ڕژاند کە هاتبوون تاکوو وێڕای بەشداری لە کۆبوونەوەی جیهانیی ئەنتێرناسیۆناڵ سوسیالیست، لە چەند کۆبونەوەی دیکەدا، هەوڵ بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی لە نێوهێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی ئێراندا بدەن ، بەو هیوایەی کە چەترێکی هاوبەشی خەبات بۆ وەدیهاتنی دێموکراسی لە ئێراندا پێک بێت.

سەرانی ڕێژیمی دژە مرۆیی و سەرەڕۆی ئیسلامی لە تاران کە دەیانزانی هەوڵەکانی دوکتور سەعید شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دەتوانێ لە نێو ڕێکخستنە دێموکراتەکانی ئێراندا جێگە و پێگەیەک بدۆزێتەوە و پێگەی ڕێژیم لەرزۆک دەکا، پیلانی چەپەڵی تێرۆریستیی‌یان داڕشت و لەو شەوەی بێرلیندا، لە ڕێستۆرانێک بە ناوی میکۆنووس کە شوێنی کۆبوونەوەی هەیئەتەکان بۆ پەرەدان بە هیوای ئازادی لە ئێراندا بوون، دانیشتنەکەیان کردە ئامانجی گڵاویان و تیمی تێرۆری نێردراوی ڕێژیمی تاران کۆبوونەوەکەیان دایە بەر دەستڕێژ و بەتایبەتی تەقەیان لە هەیئەتی حیزبی دێموکرات کرد و تیری ژەهری دڵنیاییان بە جەستەی دوکتور سەعیدەوە نا.

دوای ئەو تێرۆرە، دەزگای دادی ئاڵمان، بە هەوڵ و تێکۆشانی دادوەر و پارێزەر و کەسانی مرۆڤدۆست و دادپەروەر، لە ڕەوتێکی چەند ساڵەدا، پەروەندەکەی بە ئاکامی کۆتایی گەیاند و دادگای بێرلین، کە بۆ وەدواکەوتنی ئەو پەروەندەیە بە دادگای میکۆنووس ناوبانگی دەرکرد، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی هەرە بەرزدا بە بڕیاردەری ئەو تێرۆرە ناساند و فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن.

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە دوایەوە بوو، لەنێوبردنی مێشکی ڕێبەریی خەبات لە کوردستان و شکاندنی پشتی یەکگرتوویی خەباتی ئازادیخوازی لە ئێراندا بوو. هەر بۆیە دوکتور سەعیدیان بۆ لەنێوبردن دەستنیشان کردبوو تاکوو هەم ڕێکخراوە ئێرانیەکان لە نزیکبوونەوە پاشگەز بکەنەوە و هەم سەربە کوردستان دانەوێنن.

بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان بە پێچەوانەی ویستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چوونە پێش و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئه و حکوومه ته، وەکوو ڕێژیمێکی تێرۆریست ناسێندرا و هەم دەستی ڕەشی تێرۆری لە ئورووپا کورت بووەوە.

لەوەش گرینگتر درێژەدانی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران بوو کە هەرچەند دوکتور سەعیدی جێگرەوەی دوکتور قاسملوو بە جەستە لە کوردستان ئەستێندرا، بەڵام حیزب و خەباتەکەی بە پێوە مایەوە و هاوڕی و هاوسەنگەرانی دوکتور سەعید و مامۆستاکەی، دوکتور قاسملوو، بە خەباتیان و بە هەڵگرتنی باری قورسی خەمی لەدەستدانی ئەوان و پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازەکەیان، پیلانەکانی کۆماری ئیسلامییان کردە بڵقی سەرئاو.

ئێستا و ٢٥ ساڵ بەدوای شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندیدا، کۆماری ئیسلامی هەرچەند بە ڕواڵەت دەیهەوێ سیمای هێزێکی ناوچەیی لە خۆی نیشان بدا و ساڵانێکە بە ناوی ئیدئۆلۆژیی ئیسلامییەوە بیرە چەقبەستووەکانی هەناردەی دەرەوە بکا ، بەڵام لە ڕاستیدا بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندەکانی ئەو ڕێژیمە، ئێستا خەڵکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کۆماری ئیسلامی بە ڕێژیمێکی ئاژاوەگێر دەناسێنن کە بە پەرەدان بە شەڕی مەزهەبی و توندڕەوی، دەیهەوێ کوشتار و ماڵوێرانی لە ناوچە پەرە پێ بدا. ئێستا کۆماری ئیسلامی نەک بەهێز نەبووە بەڵکوو لە زەلکاوی دەستکردی خۆی لە ناوچە ڕۆچووە و ئەو ئاگرەی کە ناویتەوه، درەنگ یان زوو خۆی دەگرێتەوە.

لەنێوخۆی وڵاتیش ئەگەر ٢٥ ساڵ پێش ئیدیعای سازەندگی و دواتریش ئیدیعای چاکسازی دەکرد، ئێستا سەرتاپای ئێران ڕێژیمی تاران بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی ژیانیان دەناسن و هەموو نەتەوەکانی ئێران بەگشتی بەو بڕوایە گەیشتوون کە تەنیا ڕێگەی ژیانی باشتر و چاکسازی لە ئێراندا نەمانی ئەم ڕێژیمەیە.

لە بەرەی بەرانبەریشدا، دوای ٢٥ ساڵ لە ڕووداوی کارەساتی ڕێستورانی میکۆنووس له بێرلین و شەهیدبوونی دوکتور سەعید و هاوڕێیانی ئێستا دەبینین کە حیزبەکەی دوکتور سەعید لە قۆناغێکی نوێی خەباتدا، بە پێڕەوکردنی وانەکانی ئەو ڕێبەرانە، دەیهەوێ خەباتی شار و شاخ پێکەوە گرێ بدا و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بووەتە ڕێبازی خەباتی ئەمڕۆ؛ هەر وەک دوکتور سەعید دەیگوت، بۆ بەڕێوەبردنی خەبات چ زۆرە ڕێگا. ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەیهەوێ هەموو ئەو ڕێگایانە بکاتەوە کە بۆ گەشەکردنی خەبات پێویستن.

لە ڕەهەندێکی دیکەوە، هەموان دەزانن کە دوکتور سەعیدی ڕێبەر چەندە ئۆگری خەباتی نەتەوەیی و گەشەکردنی خەبات لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا بوو و ئەو کات کە کوردستانی باشوور ئەزموونێکی نوێی تاقی دەکردەوە، دوکتور سەعید پاڵپشتێکی گەورەی خەباتی باشوور بوو و خەباتگێرانی کورد لە کوردستانی عێراق هەموو یارمەتی و ئۆگریەکانی دوکتور سەعیدیان بۆ خەبات و ئەزموونەکەیان لەیادە. ئێستا و لە ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور سەعیدی ڕێبەردا، دەبینین کە کوردستانی باشوور بەرەو ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ و یەکێکی دیکە لە ئاواتەکانی دوکتور سەعید وەدی دێت.

خەباتکارانی کورد!

بەهەموو ئەو لاپەڕە گرینگانەی مێژووەوە و بە وەرد دانەوەی ئێستای ناوچە و کوردستان و خەباتی کوردەوە، کاتێک دووبارە دەچینەوە ئەو سەردەمەی کە کۆماری ئیسلامی دەیهەویست بە تێرۆرکردنی دوکتور قاسملوو و دوکتور سەعید و تێکۆشەرانی دیکەی کورد، چۆک بە خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد دابدا و کوردستان لە بەرامبەریدا سەر دانەوێنێ، ڕوونتر لە هەمیشە بەو بڕوایە دەگەین کە خەباتی کورد و بزاڤی نەتەوەیی دێموکراتیک لە کوردستان خەباتێکی ڕەوا و پشت‌ئەستوور بە بڕوا و ئیرادەی نەتەوەیە و دڵنیا دەبینەوە کە کوردستان قەت سەردانانەوێنێ.

لە ٢٥ساڵەی یادی دوکتور سەعید و کاک فەتاح عەبدولی و کاک هومایوون ئەردەڵاندا، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێباز و باوەڕەکانیان، سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین.

نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامی
سەرکەوتن بۆ خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیکی کورد


حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٦
١٧ی سێپتامبری ٢٠١٧