کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ یادی شەھیدانی میكۆنووس لە دانمارک بەڕێوە چوو

18:38 - 26 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی میکۆنووس و مەحکووم کردنی تێرۆیزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیمی ئێران سێمینارێک لە دانمارک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەبۆنەی ٢٥ـەمین ساڵڕۆژی شەھید كرانی دوكتور سادق شەرەفكەندی و ھاوڕێیانی، سێمینارێک لە شاری كۆپێنھاگی پایتەختی دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی كورد و كوردستان دەستی پێكرد.

پاشان سلێمان كەڵەشی بەرپرسی گشتیی كۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارك بە ناوی كۆمیتەوە بە خێرھاتنی میوانان و نوێنەرانی حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی كرد.

دواتر دێكۆمێنتارێك لە سەر ژیانی ڕێبەری شەھید دوكتور شەرەفكەندی پیشان درا.

پاشان كاوە ئاھەنگەری نوێنەری حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بێلژیک کە وەک کۆڕگێر بانگهێشت کرابوو باسێكی تێرو تەسەلی لە تێرۆری میکۆنووس، ڕۆڵی دوکتۆر شەڕەفکەندی لەسەر حیزب و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتی كورد لە ھەر چوار بەشی كوردستان و بەتایبەتی گرینگیی ستراتێژی ڕاسان و خەباتی كورد لە ڕۆژھەڵاتی كوردستاندا پێشكەش كرد.

ئاھەنگەری لە باسەكەی خۆیدا وێڕای بەرز و پیرۆز زانینی خەباتی نەوەكانی پێشووی كورد، جەختی لە سەر ئامادەكاری لە بواری ھزری، فیزیكی و تێئۆری بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنانی گەلی كورد و بە تایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.

ئاھەنگەری داوای لە ھەموو كوردان و بەتایبەتی ئەندامانی حیزبی دێموكرات كرد كە یاریدەدەری ڕاسان و سەر خستنی بن.

لە كۆتایی ئەو سێمینارەدا چەندین پرسیار ئاراستەی کۆڕگێڕ كران كە زۆر بە وردی وڵام درانەوە .

ھەروەھا پەخشانێك لە لایەن حەسەن یارحوسێنی بۆ ئەو یادە ئامادە كرابوو كە لە لایەن ناوبراوەوە خوێندرایەوە.