کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبوارانی شەرەفکەندی یاد و ناوی ڕێبەرەکەیان بەرز ڕاگرت

02:06 - 27 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢٦ی خەرمانان، ٢٥ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیه بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان، ڕێوڕەسمی ٢٥ـەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی به ئامادەبوونی ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگەکان، بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها چەندین حیزب و لایەنی سیاسی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات لە شاری کۆیه بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی ڕەقیب\'\' و خۆلەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ــەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، لە لایەن مستەفا هجیری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پێشکەشکرا.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە قسەکانیدا وتی: دۆسیەی دادگای میکۆنووس لە یەکەم حاڵەتەدا ڕێبەرانی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو بکەرانی ئەو تێرۆرە ناساند و ئەو حوکمەی دادگا بوو بە هۆی ئەوەیکە دەستی ڕێژیمی ئێران لە درێژەی تێرۆرەکانی کورت بێتەوە. سەرۆکی دادگا لە حوکمەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە تێرۆری ڤییەنیش هاوشێوەی تێرۆری بێرلین بووە.

هیجری هەروەها باسی لەوە کرد: ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران گوشاریان بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو دادگایە دێنا تا لە درێژەدان بە دۆسیەکە دەست هەڵگرن، بەڵام حوکمی بوێرانەی دادگای میکۆنووس ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانی پیشان دنیا دا.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: \'\'ئەگەر دۆسیەی تێرۆری ڤییەن لە لایەن دەوڵەتی ئۆتریشەوە بەدوادچوونی بۆ کرابا، دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی تێرۆر نەدەکران.

مستەفا هیجری باسی لەوەش کرد کە: \'\'دوکتور سادق شەرەفکەندی لە بنەماڵەیەکی هەژار چاوی بە دنیا هەڵینا و سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکانی ژیانی توانی پلەی باڵای ئاستی زانستی ببڕێت و لە زانکۆی پاریس وانە بڵێتەوە و دواتر پەیوەست بە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی بێت و بە لێهاتوویی خۆیەوە ببێتە ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ و ڕاستەقینە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە کوتایی قسەکانیدا باسی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کرد کە ئەو هەڵوێستە نەتەوەییە مافی ڕەوای هەموو گەلێکی دنیا و یەک لەوان کوردە و هەروەها مافی دیاریکردنی چارەنووس یەکێک لە بنەما و ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئێمەش بە هەموو تواناوە پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و هەر ئاکامێکی کە لێ بکەوێتەوە،دەکەین.

پاشان سروودێک لەژێر ناوی سادقی شەرەفکەندی لایەن منداڵانی ناوەندی نێرگزەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا سروودێک لەژێر ناویڕێبەرم هۆنڕاوەی عومەر غوڵامعەلی لە لایەن کۆڕێ موزیکی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن \'\'ئەمین ئیبڕاهیمی\'\' بەرپرسی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی لاوانەوە پێشکەش کرا.

هەروەها بە بۆنەی ٢٥ـەمین ساڵیادی شەهیدانی بێرلین برۆشۆرێک لە بارەی ژیاننامەی دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بڵاو کراویەوە.

لە دوایین بڕگەی رێوڕەسمەکەدا سرودێکی شۆڕشگێری لەژێر ناوی شەپۆلی شین هۆنڕاوەی سەلام ئیسماعیل پوور لە لایەن کۆڕی موزیکی حیزبەوە پێشکەش بە بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە کرا.

هەروەها چەندین حیزب و لایەنی سیاسی لە هەر چوار بەشی کوردستاندا لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداربوون کە بریتین لە:

ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ حیزبی شیوعی کوردستان
ـ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
ـ هاک پار (پارتی ماف و ئازادی)

هەروەها کەماڵ بۆرکای کەسایەتی سیاسیی باکووری کوردستان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری کردبوو.