کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گاف لێدان و خەیاڵپەروەرییەکانی سپای پاسداران

18:48 - 27 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: پاسدارێکی سپای تێرۆریستی رێژیمی ئێران دەڵێت: ئەگەر ئامریکا دایکی بۆمبەکانی هەبێت، ئێمەش بابی بۆمبەکانمان هەیە.

پاسدار حەمید حاجی‌زادە، فەرماندەی هەوافەزایی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە ناوی بێ‌تەعاروف ڕایگەیاند: من لە جیهان ئەرتەشێک نابینم کە هاوتەریبی سپای پاسداران بێت و ئامریکاییەکانیش ئەوەی دەزانن، بۆیە بەرپرسانی ئامریکایی و ئیسرایلی دەبێ بزانن، کە ناتوانن گاڵتە بە سپا بکەن.

ئەو پاسدارە ئەو ئیددعایەشی کرد، کە ئێمە دەستمان بە هیندێک زانیاری گەیشتووە، کە ئەگەر ئیزنی بڵاو کردنەوەیمان هەبوایە، ئابڕووی ئامریکا دەچوو!

پاسدار حاجی‌زادە وتی: لە چەند ساڵی رابڕدوودا توانیومانە تەشەنە بکەینە نێو ناوەندی کۆنترۆڵی فەرماندەیی ئامریکا و هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە ئێمە دەماندیت ئامریکاییەکان کوێ دەبینن و چاوپۆشیان لە چ کردووە و چۆن یارمەتیان گەیاندووەتە داعش.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من لە جیهان ئەرتەشێک هاوتەریبی سپای پاسداران نابینم و ئێمە یەکەمین هێزی جیهانین، بەڵام ئەو ئیددعای ئەو پاسدارە، لە حاڵێک دایە کە ناوەندی شێکردنەوەی گڵۆباڵ فایر پاور کە ناوەندێکی شیکردنەوەی کاروباری نیزامی لە جیهان دایە، لە مانگی ژووئنی ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند، کە ئامریکا لە نێو ئەرتەشی وڵاتاندا پلەی یەکەمی هەیە و دوای ئەوان ئەرتەشی وڵاتانی چین و ڕووسیە لە پلەکانی دووهەم و سێهەم دان، لەو نێوەدا باسێک لە سپای ئێران بە پلەی یەکەم نەکراوە و نێوی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ڕیزی ٢١کەمین دایە.

ئەو پاسدارە لە درێژەی گاف لێدانەکانی، ئەو ئیددعایەشی کرد کە ئەگەر ئامریکا دایکی بۆمبەکانی هەبێت ئێمەش بابی بۆمبەکانمان هەیە.

ناوبراو بەوپەڕی بێ‌شەرمییەوە ئەو ناڕاستییانەی باس کرد، کە بە وتەی بەرپرسانی نیزامیی جیهان گاڵتەی بە خۆی کردووە و ڕێژیمی ئێران تەنانەت نەک بۆمبی وای نییە بەڵکوو فڕۆکەی وەهاشی نییە، هەتا بتوانێت ئەو بۆمبانە هەڵبگرێت. ئەوان بە گاڵتە وتیان: لەوانەیە پشتیان بە فڕۆکەکانی ئیلشونی سپا بەستبێت، کە لە ئاسماندا ئاور دەگرن و توانای هەڵگرتنی ٢٠٠ کەسیان نییە.

ئامریکا لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا، گەورەترین بۆمبی لە ئەفغانستان تاقی کردەوە کە یازدە تۆنی تی‌ئن‌تی (TNT) تێدا بوو.

پێشتریش ئەمین یامینی فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی شەهریاری کەرەج ڕایگەیاندبوو: کە ئەندامێکی داعشیان لە دەوروبەری کەرەج دەسبەسەر کردووە. لە حاڵێکدا ئەو کەسە سەر بە ئەجنادولشام بوو.

پاسدار ئەمین یامینی؛ باسی لەوە کردبوو، کە سەربازەکانی ئیمامی زەمان زانیاری وردیان لەسەر چالاکی چەکدارانی داعش لە ئێران بە دەست هێناوە و بەدواداچوونەوەی لە سەر دەکەن و زۆر لە وردەکارییەکان لەژێر چاودێریان دایە.

زانیاری سەربازانی ئیمامی زەمانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران هێندە وردە، کە ئەجنادولشام و داعش لێک ناکەنەوە.